سەلەفیزم لە خزمەت دەسەڵاتی زەبرو زێڕ و زۆردایە

کوردستان 21/09/2022


هادی میرزا عەلی

سەلەفیزم دیاردەیەکە لە قەیراندا سەرهەڵەدات، لەناو بێکاری و بێجیهانبینی سیاسی و کڵۆڵی و ژیانێکی کولەمەرگیدا سەلفیزم گەشەدەکات، سەلەفیزم دێت و لە خزمەتی دەسەڵاتێکی ستەمکار و چەوسێنەردا ئەم دەبێتە فریادڕەس.

 سەلەفیزم لەناو دورگەی عەرەبیی برسیی و نەداری سەردەمی محەمەدی کوڕی عەبدولوەهابدا دەبێتە ڕەوتێکی وا لەگەڵ خەلافەتی ئەوسای موسڵماناندا کە خەلافەتی عوسمانییەکان بوو؛ دەی دا بەیەکدا و هەزاران موسڵمان لەبەیندەبەن، چونکە لەو قۆناغەدا نیوەدورگەی عەرەبی برسی و نەخوێندەوار و بێژیان بوون.

سەلەفیزم، لە ئێستای ناو گەلێکی بەدبەختی وەک ئەفغان و پاکستان و کشمیردا لە لوتکەدایە، چونکە ئەو وڵاتانە برسی و نەدار و بەدبەختن، چونکە سیستمی سیاسی نیشتمانیکی خۆشبەخت و پڕژیاندۆستیی بۆ بەرهەمنەهێناون، لە دەرئەنجامدا دەبێتە لانکی هێزێکی مەرگدۆستی وەک سەلەفیزم.

سەلەفیزم، لە هەرکوێ دەسەڵاتێکی ناداد هەبوو ئەو لەوێیە، بۆ ئەوەی خۆی لە دەسەڵات نزیکبکاتەوە و خەریکی بازرگانیبیت بە دینەوە، بازرگانییەک لەسەر پاساوهێنانەوە بۆ جەبر و زەبری دەسەڵاتێک لەسەر (زەبرو زێڕ و زۆر)دابمەزرێت، ئەم دێت و بە گوێی هەژارەکاندا دەشاتێنێ کە بە قەدەری خوا ڕازی ببن، ژیان هیچ نییە، دەڕوات و دەبڕێتەوە، بۆ قیامەت بژین و دنیا بۆ دنیاویستان جێبهێڵن.

دەسەڵاتی پڕ زەبرو زەنگ و گەندەڵ دێت و پشتی سەلەفیزم دەگرێت تا خەڵک بە دیندارییەکی ڕوکەشپەرست سەرقاڵبکات و ڕازی ببن بەو کڵۆڵییەی کە دەسەڵاتە گەندەڵ و ستەمکارەکە بۆی خوڵقاندون، لانی کەم تا ئەو خەڵکە بە کۆمەڵێک پرسی لابەلای وەک حەدیسی بەهێز و لاواز، پەچەو ڕەنگی ڕەش بۆ ژن، بیدعەو داهێنراوەوە سەرقاڵبکەن و بیر لە ژیانی ڕاستەقینەی خۆیان نەکەنەوە. لەم کاتەدا سەلەفیزم ئەو قوماشەیە کە دەسەڵات عەورەتی گەندەڵیی و ستەمکاریی خۆیی پێدەشارێتەوە، ئیتر سەلەفیزم دەبێتە دینی ستەمکاریی و بێهۆشکردنی هەرژاران لە مافە بنەڕەتییەکانی خۆیان، سەلەفیزم دەبێتە ئەو دارشەقەی جەستەی بیماری دەسەڵاتی گەندەڵ بەسەر ژیانی هەژارانەوە بەردەوامدەکات و دەی پارێزێت.

سەلەفیزم مرۆڤ لەسەر سەمعوتاعە پەروەردە دەکات، سەمعوتاعەی کوێرانە، سەمعوتاعەی کۆیلە بۆ سەردارەکەی، سەمعوتاعەی خەڵک بۆ دەسەڵاتی ناداد، تۆ نابێت ڕەخنە لە دەسەڵات بگرێت و دژی بووەستیتەوە، چونکە دژوەستانەوە لە سەمعوتاعە دەرچونە، خەڵکیش ئەگەر لە سەمعوتاعەی وەلیئەمر دەرچوون، ئەوە لە فەرمانی خوا و پێغەمبەرەکەی دەرچوون. لەبەرانبەردا، دەسەڵاتی زەبر و زێڕ و زۆر، دێت و شاباشی خۆی بەسەر ئەم کاهینانەی مەعبەدی جەهلدا دەبەخشێتەوە و بڕێک لە زێڕەکەی دەدات بە سەلەفیزم، سەلەفیزمیش زۆر و زەبرو زیوەکەی دەسەڵات دادەپۆشێت و دەیان هێڵیتەوە. ئەمەیە سڕی زەواجی کاسۆلیکی نێوان سەلەفیزم و دەسەڵاتی گەندەڵ و ستەمکار و نادیموکراسی.

سەلەفیزم مرۆڤی بچوک و بودەڵە دروستدەکات، بودەڵەیەک تۆوی کۆیلەیی تێدا دەچێنێت، تۆوێک خەڵکەکەی لەسەر گوێڕایەڵی کوێرکوێرانە پەروەردە بکات، کۆمەڵگەیەکی هەڕەمیی وا دروستدەکات خەڵکی دابەشدەکات بۆ کۆیلە و سەردار، ژن دەکات بە کۆیلەی پیاو، پیاو دەکاتە کۆیلەی دەسەڵات، دەسەڵاتیش وا پیرۆز دەکات دەی خاتە جێی بتێک دەبێت بۆ ئەبەد بپەرسترێت و هەموان کڕنوشی بۆ ببەن، ئەمەیە سحری دڵخوازی دەسەڵاتی گەندەڵ بۆ سەلەفیزم، هەر ئەمەشە عەبدول لەتیف سەلەفی نانی بەم ساجەوە باش بۆ دەبرژێت و نانی بە دڕکەوە گیرساوەتەوە.