وادەی یەکەم باران بارین لەهەرێم ڕاگەیەندرا

کوردستان پێش 2 هەفتە


بەڕیوەبەرایەتی کەشناسی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە. دەشڵێت، سبەی چوارشەممە ئەگەری بارینی باران هەیە لە ناوچە شاخاوییەکان و رۆژی پێنجشەمەش لە سەنتەری شاری دهۆک باران دەبارێت .


ئەمرۆ سێشەممە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەمڕۆ سێشەممە ئاسمانی هەرێم ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما یەک بۆ دوو پلە دادەبەزێت ، سبەی چوارشەممە، ئاسمانى هەرێم لە نێوان نیمچە هەور و هەورى تەواو دەبێت لەگەڵ زیادبوونى خێراى باو نزمبوونەوەى پلەکانى گەرما بە نزیکەى یەک تا دوو پلە.
دەشڵێت' لە کاتى زیادبوونى خێرایى با ئەگەرى بەرزبوونەوەى تۆزوخۆڵ هەیە لە سنورى پارێزگاى کەرکوک و بەشێک لە سنورى پارێزگاى هەولێر و سلێمانى .


باسی لەوەشکردووە، سبەی لە شەودا لە ئەنجامى هاتنى لاوازى نزمە پاڵە پەستۆى کەنداوى عەرەب و نیمچە دوورگەى عەرەب ئەگەرى نمە باران لەسەر بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان هەیە .


کەشناسی ئەوەشی خستووەتەڕوو، رۆژی پێنجشەممە لەگەڵ زیادبوونى نزمە پاڵەپەستۆدا ئاسمان بەردەوام نیمچە هەور و هەورى تەواو دەبێت لە بەشێک لە ناوچە شاخاوییە سنوریەکانى پارێزگاى هەولێر و سلێمانى لەگەڵ زۆربەى ناوچە شاخاویە سنوریەکانى پارێزگاى دهۆک و لە سەنتەرى پارێزگای دهۆک ئەگەرى نمە بارانى پچڕپچڕ هەیە و ئەم ناجێگیرییە تا درەنگانى شەوى پێنجشەممە بەردەوام دەبێت.


ئاماژە بەوەشکراوە، رۆژى هەینى نزمبوونەوەى پلەکانى گەرماش بەردەوامى دەبێت و تەواوى ناوچەکەمان نزمبوونەوەى پلەکانى گەرما بەخۆوە دەبینێت.
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەی خستۆتەڕوو، بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو لە هەرێم بەم شێوەیە دەبێت :
هەولێر: ٣٨ پلەى سیلیزى
سلێمانی: ٣٦ پلەى سیلیزى
دهۆک: ٣٨ پلەى سیلیزى
کەرکوک: ٤١ پلەى سیلیزى
هەڵەبجە: ٣٨ پلەى سیلیزى
زاخۆ: ٣٨ پلەى سیلیزى
سۆران: ٣٧ پلەى سیلیزى
گەرمیان: ٤١ پلەى سیلیزى