مەترسی مەرگدۆستی لە باشووری کوردستاندا

کوردستان 19/09/2022


نوسینی: ناسر نۆدشەیی

مزگەوتەکان رۆحیان تێدا نییە، زیاتر لە زیندانێک دەکەن، رۆڵی تابووت، زیندوترین رۆڵە دراوە بەمزگەوتەکان، بەجارێ بابەتەکانی مینبەرە سیاسییەکان، مەرگ و مەبەستی پشتکردنە دنیا، بووەتە بابەتی سەرەکییان. لەلایەکەوە داوێنی ئایین دەگرن و تێکەڵ بە سیاسەتی دەکەن، بەڵام چ سیاسەتێک، سیاسەتێک هەڵکێشرابێ لە خومی خەفەت، لە ئارەقی عەزاب، لە شەرای مەرگ، لە باروت و بۆمب و تەقینەوە. سیاسەت بەواتای سیستەمێکی دنیایی نا، سیاسەت بەواتای تێکدانی دنیا، بەواتای کوشتنی جوانی، بەواتای مێشکپژانی کەللەی ژیانی ژیناکان، بەواتای سوتانی کاسێت و سیدی و پڕانی خەت و خەیاڵی ئەنتەرنێت. ئەم ئەدەبیاتە بەتەواوی پرسیارێ دەوروژێنێ. پرسیارێک جەوهەری جیناتی ئیسلامی سیاسیی تێیدا بێمانا دەکات. ئیسلامی سیاسی کاردەکات بۆ پیادەکردنی شەریعەت، شەریعەت رێساگەلێکی دینییەو دەیەوێ حوکمڕانی بکات، بەجۆرێک خلافەت خەونێکە لە فەلسەفەی مێژوویاندا متبووە. کەچی کەلتوری کۆی گوتارەکان، هەڵسوکەوت و هێزی بەرەنگارییان، دژی هەموو بەهایەکی دنیاییە. ئەمە نە تۆمەتە نە دژایەتی، رەخنەیەکی لۆژیکییە، رەخەیەک  روانگەیەکی دەقیق دەخاتە روو کە هەقوایە ئیسلامییەکان خۆیان پەیجوری بن. ئەوەتا جوڵانەوەیەکی ئیسلامییانە لە تونس و مەغریب خەریکی ئەم پێداچونەوەیەن. پێیان وایە هیچکات ریفۆرمێکی ئیسلامی رووینەداوە، ئەوەی ناوی نراوە ریفۆرم، هیچ نیە جگە لە کوشتنی ریفۆرم. بۆیە بەڵێ ریفۆرم لە گوتاری ئایینیدا پێویستە. ئیسلامییەکان لە باشووری کوردستاندا بۆنی ریفۆرمیان نەکردووە، لەهەمووکات زیاتر زەمینەی چەقبەستوویی چوارچێوەی کارەکانیانی کڵۆم داوە. ئیسلامییەکان خاوەنی خراپترین خەباتی سەلەفییەتن. تێکڕا تا ڕادەی بە ئاشکرا رەدکردنەوە عەلمانییەت شوڵی دژایەتییان هەڵکێشاوە. ئەمە پرسێکە لە ناو ئیسلامیزمی عەرەبیدا بڕاوەتەوە، عەلمانیەت قەبوڵکراوە، فۆڕمێکە تورکیا پیادەی دەکات و ئیسلامێکی ئەنارشیز دوو دەیەیە دایهێناوە. بەڵام لە باشووری کوردستان، جڵەوی جینە کلاسیکییە سەلەفییەکە لە دەستی مینبەرەکاندایە. مەلاکانی ئەوان چاویان بە هیچ روخسارێکی دنیایی هەڵنایە، بە تیڤی و سینەما و شانۆ و زانکۆ و ژن و رەنگ و پەنجەرە و تەکنەلۆژیا و زانست و عەقڵ عەسابیان دەفڕێ. نایشارنەوە نەریتی مردن رەواج پێدەدەن. وەختێ گوێیان بۆ دەگری قورئان دەهێننە حاجەتی مەردوم، تەنها ئایەتگەلێ شرۆڤە دەکەن کە شینی جەهەنەم دەکەن، تنها جڵدو دەسبڕین و ئەسفەلە سافلین سوکناییان دەدا، کەس نازانێ ئەم مەرگدۆستییە ئەم رقلێبوونە، ئەم کینە بەرفراوانە لەکوێی ئەدەبیاتی ئیسلامدایە، کەس نازانێ بە چ دینێک لە پێناو دنیای خۆتدا، دۆزەخی ئەوانی تر چۆن دادەخەیت، کەس نازانێ لە پێناو پلیکانەی چێژی غەدر و خیانەتدا، چلۆن ماڵ و مەیدانی ژیاندۆستی ئەوانی تر وێران دەکەیت، کەس نازانێ لە پێناو هەوەسێکی شاراوەی شەوانتدا، چلۆن ئیستغلالی قوتابی و قەیرانی ئەخلاقی خۆت دەکەیت، چلۆن پۆشاکی ئەخلاق و پۆشاکی مەعنەویاتی مەزنایەتیت دادەکەنیت و لەژێر عەباو عەیبەی جلو جبەیەکی رووکەشدا رازی شەیتەنەتت ئاشکرا دەکەیت!