درۆ بۆ دابڕان هەڵمەبەستن

کوردستان 15/09/2022


د.عەبدوللەتیف، كارێكی باشی كرد كە وەڵامی بەڕێز مەلا بەختیاری دایەوە. بەم وەڵامە، قەڵەمە ئازاكانی عەلمانی‌و مەدەنی، كەوتونەتەوە نوسین. چونكە:
د.لەتیف، ئاشكرا، بەبێ‌ئەوەی بنەمای هەبێ‌.. بەبێ‌ئەوەی عەلمانیەت دژی ئاینەكان بێ‌.. بوختان بۆ عەلمانیەكان هەڵدەبەستێ‌‌و بەمەش زیانی گەورە بە ئاین دەگەیەنێ‌ كە بە ئەقڵی سەلەفیانەی بەرەی ئیسلام‌و بەرەی مەدەنیەت لێكجیادەكاتەوە.
دوای وەڵامدانەوەی د.لەتیف لەلایەن چەندین نوسەرەوە.. نوسەری تریش بەڕێوەن.. هەلومەرجێكی وای دروستكردووە، لەبری ململانێی فەلسەفیی، بوختان بۆ پلاتفۆرمی دابڕان هەڵبەسترێ‌.. گوایە:
دابڕان، دوای (T.V) روداوە، زۆرترین پارە لە بانكی كوردستان مانگانە وەردەگرێ‌.
جار لەڕووی ئسوڵیەوە، هەقوایە بانگی كوردستان، وەڵامی ئەم بوختانە بداتەوە.
وەكو "دابڕان"یش، بۆ مێژوو رایدەگەیەنین كەوا:
راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ، پلاتفۆرمی دابڕان، ئەوەتەی دامەزراوە، نە لە بانكی كوردستان‌و نە لە هیچ لایەك، بۆ چالاكیەكانی یەك دینارو یەك دۆلاری، وەرنەگرتووە.
دابڕان.. پێویستی بەوە نییە رۆژێك لە وەهابیەكان‌و رۆژێك لە پاراستن‌و رۆژێكش لە زانیاری پارە وەربگرێ‌. هەموو مەسرەفی دابڕان، بە كۆنفرانسەكانیشەوە، بە سپۆنسەر ئەنجامدراوە. دوای ئەوەی موچەی چالاكەكانی دابڕان كە تێكڕا (10) كەسێك بوون، بڕاوە. هەمویان بەڵێنیان داوە خۆبەخش بەردەوام بن. چەندین سەرمایەداری نیشتمانیش ئامادەن سپۆنسەری چالاكیەكانی دابڕان بكەن.
لەكۆتاییشدا دەڵێین: ئەی ئەقڵە چەقبەستووەكان! ئەگەر ئاكاری ململانێی هزرو فەلسەفەو رۆشنگەریتان نییە.. ئەگەر.. لە رۆشنگەری‌و مەدەنیەت‌و ژیانی دیموكراسی تێنەگەیشتوون.. گوناحی خۆتانە.. هی دابڕان نییە.. پەنا بردن بۆ بوختان هەڵبەستنیش.. بەشێكە لە سیاسەتی داتاشراوی (تكفیر)كردنتان بەرامبەر هەر روناكبیرو رۆشنگەرێك، كە ئەقڵیەتی چەقبەستووی ئێوەی قبوڵ نییە.

رابەرایەتی
پلاتفۆرمی دابڕان
15/9/2022