مەلا بەختیار و مەیدانخوازیی سێ قۆناغی هەستیار لە مێژووی یەکێتیدا

کوردستان پێش 3 هەفتە


نوسینی: ناسر نۆدشەیی

هەمیشە خاڵی لاوازی لایەنی کوردبوون، غیابی جوڵانەوەی روناکبیریی بووە، هیچ ڕاسان و ڕاپەڕینێ، هیچ شۆڕش و خواستێکی نەتەوەیی نەیتوانیوە نیازی شۆڕشگێڕانەی خۆی بە ئاکام بگەیەنێت، بەبێ بزووتنەوەیەکی رووناکبیریی راستەقینە. 

شۆڕشی نوێ، شۆڕشێکی چەکداریی بوو، بەڵام بناغەی بزووتنەوە چەکدارییەکە چەندین کارەکتەری کارای سیاسیی و رۆشنبیر ڕۆڵیان تێدا گێڕا، هەر ئەوانیش بوون شۆڕشەکەیان لە قۆناغی خەباتی پێش خۆیان جیاکردەوە.

 لەم میانەدا ئەوانەی ئەندێشە و ئەدەب، هونەر و تیۆری سیاسییان خزاندە خەباتەکەوە، چەند چهرەیەکی ئاشنا و ئازادیخوازی ناو شۆڕشەکە بوون.
 مام جەلال نیشانەی هاوسەنگی بوو، پیاوی گرێدانی گیانە کوردییەکە بوو لەگەڵ تیۆرە سەردەمییەکان، پێی وابوو دەبێ بە تین و تاوی زانستییەوە، زەمینە کۆمەڵایەتییەکە ئاڕاستە بکرێ.
 شەهید ئارام(شاسوار جەلال)، بازوویەکی بەهێزی باوەڕی بزووتنەوەکە بوو، کاریدەکرد تا تیۆرێکی سیاسی لە مەودا مێژووییەکەدا دابڕێژێ، خەمی ئەو گۆڕانی کۆمەڵایەتی بوو.

 شەهید ئازاد هەورامی، نیشاندەری نەریتێکی نەرم و نیان بوو، مۆسیقا و هونەر، خاوێنی و خەبات، ژینگە و ژیانی ئازادیخوازی پێکەوە کۆکردەوە.

 ئەوان زۆر بوون، نەوشیروان مستەفا، مرۆڤێکی مەزن بوو، هەمیشە چاوێکی لەسەر فیکر و مێژوو بوو، بۆیە باوەڕی وەها بوو، شۆڕش دەبێ تایبەتمەندی هەبێ.

 لەناو ئەو شۆڕەسوارانە سیاسەتی جوڵانەوە نەتەوەییەکەدا، مرۆڤگەلێک ماون، مامۆستا جەعفەر، فوئاد مەجید میسری و چەند کەسێکی دی کە بە پەنجەی دەستان دەژمێردرێن، ئەم کەسایەتییانە هەم لە قۆناغە سەختەکانی شۆڕشی نوێ، هەم لە دووای راپەڕینەوە ئەرکیان سەختتر بوو.

 دیارترین کەسایەتی ئەو ئەزموونە، مەلا بەختیار بوو. مەلابەختیار، مرۆڤێکی میراتگری هەوەڵین هەنگاوەکانی ناو شۆڕشی نوێ بوو. ئەو هەم فەرماندەی سەرەتا و هەم جوڵێنەری جوانی رێکخستنەکانی ناو شار و هەم هێزی چالاکییە کردەییەکانی کاتگەلێ بوو کە بەزەحمەت زمان و زاتی سەردەمەکە پەی پێدەبرد. 
مەلا بەختیار، وەک چۆن پیاوی کردەوە بوو، پیاوی تیۆر و تێڕامانی وردی هزریش بوو، یەکێک بوو لەو لاوانەی لە پێشەنگی پێشمەرگایەتییەوە  پەیامی فیکر و فەلسەفەی شۆڕشی شیکار دەکرد.

 گەر ئەو نەبووایە،
 کێ خوێندنەوەی بۆ تیۆرەکانی خەبات بکردایە. 
کێ میتۆد و مەنهەجی حزبێکی دروشمداری دەربڕیایە.
کێ لە یەکەمین یادگاری پاش ڕاپەڕینەوە، ڕێگەی بۆ دروستکردنی دەیەها رێکخرا و رێبازی مەدەنی جیاجیا تەختکردایە. 

مەلا بەختیار ئەو کەلێنە کلتورییە کلاسیکییەی نێو نەریتی نەتەوایەتی کوردی پڕ کردەوە. کەلێنی غیابی جوڵانەوەیەکی رووناکبیریی.
 لە دەسپێکەوە دیالۆگ، سیمینار، مەدەنیەت، دروشمی دروستی وەستانەوە بەرەوڕووی ئەفکار و ئەدەبیاتی خۆسەپێن و تاریک. 
ئەو توانی پشتیوانی پێناوی هونەر، ئەدەب، وەرزش، سینەما، فیکر و فەلسەفە و دیموکراسی بێ.
ئەو توانی یادی یەکیێتی بە دروشمەکانی فرەیی و چەپکەگوڵەوە ئاو بدات و زیندو رابگرێ.
 ئەو توانی ئەزموونی میدیای سەربەخۆ، سیاسەتی سەربەخۆ، نەخوێندنەوەی بیری تەسکی حزبایەتی، ناوجەگەریەتی و هۆزگەرایی سەربڕێت. 
مەلا بەختیار، لە سێ قۆناغی هەستیاردا، هێز و هەوێنی تایبەتمەندی یەکێتی بوو.
 لە دروستبوونەوە بە هاوکاری هابیرانی و بەڕابەرایەتی مام جەلال. لە پاش ڕاپەڕین دیسانەوە دنیابینی مەلا بەختیار کە بەتەواوی مام جەلال پشتیوانی پێبەپێی پەیامەکەی بوو، دیسانەوە داکۆکی لە مانەوەی مێژووی یەکێتی و خەسڵەتی خەباتی شۆڕشگێڕانەی یەکێتی دەکرد، بەجۆرێک، هەمیشە یەکێتی بەربەستی بەردەم پرۆژەی تیرۆر و فیکری فەندەمێنتاڵ و پۆپۆلیستە ئیسلامگەراکان بوو.
 لە قۆناغی سێهەمیشدا، مەلا بەختیار دەتوانین بڵێین لە پاش مەرگی مام جەلال، تەنها میراتگری مەزنی مەیدانخوازی ئیسلامگەراو ئەندێشە داعشییەکە بوو. جیا لەوەیش ئەم ئەزموونەی هەرێم، بەبێ هۆشیاری و خەمی خاوێنی ئەم سەردارە رۆشنگەرە، کە لە دەرەوەی سەرمایە و بازرگانی و دەستکەوتی مادی و باڵباڵێنی سەربازی و کلتووری کوتلەو کوتلەکاریی، سەربەرزانە و سەرکردانە ماوەتەوە و لە مەیدانەکەشدا بۆ تەنها ساتێکیش سارد نەبووەتەوە.