دژخێمەکانی سەر پردی سیڕات!

کوردستان 14/09/2022

دژخێمەکانی سەر پردی سیڕات!
بانگخوازە سەرکەنەکانی سەر مینبەر بە نموونە....

نوسینی: شیرین جوتیار

ڕۆژانە وشەگەلێکی زبر، جۆرەها جنێوگەلی جیاجیا لە مینبەرەکانەوە دێتە گوێمان. لە زیهنی مرۆڤدا وەختێ وێنای وەها وشەگەلێکی دەکرێت، جگە لە قەسوەت و قەنارە و قیڕەی ناو گۆڕ و گڕی بێئامانی عەزاب ئەستەمە ئەو رەحمەتە جیهانیانە وێنا بکرێت کە لە شرۆڤە و شیکاری تەفسیری نامی مەلای مودەڕیس و تەفسیری خاڵ و تەفسیرە تژی لە ئیمانەکەی مەلای گەورەدا گۆشی گیانی کوردبونمان دەکرا. 
لە ڕابردوودا وەک چۆن مرۆڤە مونەوەرە ئایینییەکانی کورد لە ڕەوگەکانی سڵێمانی و تیجانی و نەقشبەندی و قادرییەوە لە باکوری ئەفریقا و ئاسیای بچوکو ناوەندەوە دەستیان ماچ دەکرا، تەکیەو خانەقاکانیان بە شەریفە ناودەبرا، ئاوەها ئێستا ئەبینین بێبەهایی، بێ مۆڕاڵی، کاڵ بوونەوە تا ترۆپکی هیچ، هەموو هێمایەکی جوانی کوشتووین. بەداخەوە بانگخوازەکان، بە پێشینەیەکی پێناوی کوردبوونەوە، بە میراتێکی مرۆڤانەی موحیبەت و میهری کوردەوارییەوە وەک چۆن تەواوی کوردناسەکان گەواهیان دەدا، نەهاتوونەتە پێشەوە، ئێستا ئیسلامی مۆدێرنە، ئیسلامێکی ئیستیرادکراوی پێچراو لە هەزارو یەک موعەمایە، ئیسلامێکە نزیکترین رەگ لە بناگوێیەوە بوونی خودا نییە، بەڵکو رەگی تەکفیرە، تەکفیر بە مانای سڕینەوەی سەرلەبەری ئەوی دی، تەکفیر بەمانای سەر کەن و بڕین، تەکفیر بەمانای بوختان و بندەستکردن و داپڵۆسین. 
بەگوێرەی داتاکانی دەزگای توێژینەوەی نیشتیمانی نەرویج، تەنها لە ساڵی ٢٠٢١ دا نۆسەدو چل گروپی جیهادی ئیسلامی توندڕەو لە سوریادا هەبوون، هیچکام لەو سەدان گروپە دانی بە عەقیدەی ئەویتردا نەناوە،یەک هاوپەیمانیان لە بەیندا نەبووە، سەرچاوی جوڵێنەریان لە شامەوە نەبووە، کەسیان نەبووە ریشەکەیشی لە ئیخوانەوە نەبووبێ. بەسەلەفی و سۆفی و وەهابی و هەموویانەوە. لە شیکاری وەها وێنایەکدا مرۆڤ دەبێ چی بڵێ، لەناو ئەو نەریتی تەکفیرا دەبێ چ هەناسەیەکی ئازاد هەبێ، لەو شامی شەکر و شۆڕشەی سێکیۆلاریزمی سەدەی بیستەمدا دەبێ چ داهاتوویەک پێ بگرێت. ئەمانە هەمووی پرسیارن، پرسیاری جدی، پرسیارێک بەرۆکی بابەتی بانگەواز و ئیسلامگەرایی مۆدێرنەی ئێرە دەگرێ. ئێرەی باشووری کوردستان،دیاردەی بانگەوازخواز تێیدا زەقە، چەند کارەکتەرێکی دیارمان هەن، تێکڕا تژین بە بلوێری هەزار بارەی سیاسەت، تێکڕا دژی دیموکراتی و کۆمەڵی مەدەنین، تێکڕا خەوشەکانی میریی دەقۆزنەوە بۆ دەربڕینی تانەو تەشەر لە ئەزموونی ئازادی هەرێم. پرسیارەکە لێرەدایە، ئەم بانگخوازانە، کە نمونەی دیاریان، دکتۆر عەبولواحید، مەلا هەڵۆ، مەلا مەزهەر، مەلا عەبدوللەتیف سەلەفی و مەلا شارستانی و چەندانی ترن. هەندێکیان رۆحێکی میانەڕەو و ئارام لە وتاریاندا وێنا دەکرێ،بەڵام هاوکێشە ئاڵۆزەکە لێرەدایە، کەس لەم بانگخوازانە ئەوی تری لا پەسەند نیە. بەئاشکرا مەلا هەڵۆ، شارستانی و لەتیف سەلەفی بە دەجەل دەزانێ، بەئاشکرا سەلەفییەکان دکتۆر واحید بە گومڕا دەزانن، بە ئاشکرا مەلا کرێکار تێکڕایان بە ئیتحادولعومەلا دەزانێ، ئێستاش دوو بانگخوازمان نەدی یەکتر بەکافر نەزانن، کرێکار هاتووە مەلا عەلی باپیر بە جاشی قەرارگا دەشوبهێنێ، بە پێچەوانەشەوە، سادەترین پرسیار لێرەدا ئەوەیە،بۆچی پەنجا ساڵ پێش ئێستا، مەلایەکی کورد، مەلایەکی تری بەکافر نەدەزانی، ئەم بنێشتە خۆشەی تەکفیرە چییە وەها قیمەتی شکاوەو بە بەلاش کاوێژی پێدەکرێ، لە کوێی کلتوری کوردیدا کار گەیشتووە بەم ڕادەی ڕووزەردییە. 
بەگشتی هێزێکی مەرگ دۆست هەیە، هەموو جوانییەک جنجندەکات، هەموو هەناسەیەک هەپروندەکات، قەڵس و توڕەیە لە دنیاو ڕەنگ و ڕازانەوە و ئارامی  و ژیان، بڕواتان بێ وەک دژخێم و جەللادی دەروازەی پردی سیڕات، قەسدیانە هەر لە دوونیادا مرۆڤەکان بخەنە خوارێ، تەواو تامەزرۆی ئەزیەت و ئازاری یەکترین.ئەم نموونەیە لەئەوروپا تاوەکو سەدەی هەژدە هەر مابوو، پیاوانی کڵێسا کەدەسەڵاتیانلێسەنرا، خزانە ناو جڤاتەکەوە،لەوێ دەستیان دایە دژایەتی خوێنەوارەکان، بەبەخشینەوەی تۆمەت لەکەداریان دەکردن، تاوەکو سەدەی هەژدە، لە فەڕەنسا و بڕوسیا و سەردینا و بەریتانیا، بەسەدان بیرمەندی دیار بوونە قوربانی قین لە دڵەکانی کڵێسا، زۆربەی ئەوانە دواتر شاکاری گەورەیان چاپدەکرو پاش دەیان ساڵ کۆمەڵ ئاشنا دەبوون بە دنیابینی جوان و مرۆڤانەیان. بۆیە بابەتی تەکفیر،لەباشووردا بابەتێکی جدییە، دەبێ پێداچونەوە بەپەیامی ئەو مۆدێلی بانگخوازییەو ئەو دابەشکارییە ئیدیۆلۆژیەی نێو مزگەوتەکان بکرێت، تەنانەت ئاوازەکانی خوێندنی قورئانیش دابەشکراون، تەنانەت شێوەو شکڵی بەندایەتیش شێوێنراوە، تەنانەت شۆخی دەکەن بە هەر شتێک کە بۆنی باوەڕی ئیسلامی میللی و کوردەوریی بدات، تەنانەت وەک بیوریتانییەکان قەسدیانە قەڵەمبەدەست و خوێنەواری کورد ئەوانەی دەیانەوێ ڕۆمان، شیعر، سینەما، فلم، شانۆ، وەرزش، یاسا، ژیان سەروەربێ  بیخەنە بەر تیغی تیژی تەکفیرییان.