ئیتر بێدەنگیی مانگ کۆ ناکەمەوە

رۆشنبیری 12/09/2022

سامی هادی

١
بینیم مردبوو
ئیتر نەمدییەوە
باسی دارستان و
ئەو ئەستێرانە بکات
کە پڕ بوون لە ژن و ژیان
بینیم مردبوو
ئیتر ئەو مرد بوو

٢
سەیری بکە
ئاگر بە باران تووڕە دەبێت و
منیش بەو مانگەی
کە نازانم، ئەو هەموو خەمۆکییەی
لە کوێ هێناوە

٣
ڕووبار کەی دەخەوێت
دڵنیام
جگە لە من، ماسی و شەپۆلیش
لە بێدەنگی ئەو پرسیارە
خەونەکانیان کۆ دەکەنەوە
لە پاییزی ڤیڤاڵدیشدا
تەنیا جارێک گەڵاکان
بە چرپە گوتیان
ببوورن، ئێمەش هیچ نازانین

٤
ئیتر
بێدەنگیی مانگ کۆ ناکەمەوە
بە پەنجەرەش ناڵێم
بۆ هاتنەوەی تاریکی
کرانەوەت هیچ مانایەکی نەماوە
لێرەم
وەک ئەو هەموو پیاوانەی
لە شەووڕۆژێکدا
نازانم چەند درۆ دەکەین

٥
لێرە
خەون بە وەرزێک دەبینم
پڕە لە باڵندەی باران،
خەونێک
هەتاو بە ڕەنگی خۆڵەمێشی
پەپولەکانیش بە باڵی بەردەوە دەفڕن
خەونێک، ئیتر ناتوانم بە کۆتایییەکەی بڵێم
تووڕەبوونی ڕەنگەکان مەدەنەوە بە مرۆڤ

٦
بە کۆکردنەوەی ئەو هەموو پیرییە
سەرەتا، ڕەنگەکان بێدەنگترین وەرز بوون
دوابەدوای ئەوانیش
هەور ئاوڕی نەدایەوە
کچێک یان وا باشترە بڵێم ژنێک
خەونەکانمی لە تاریکترین ماچدا
کرد بە مۆم و ئیتر نەکوژایەوە

٧
ئەو هەموو پیربوونەت
بۆچییە
ئەگەر لەنێو زمانی ژنێکدا
خۆی حەشار نەدات

٨
تەنیا بە بینینم
دەریایەک دەدۆزمەوە
باران،
هەموو ڕەنگەکانی کردەوە بە خۆڵەمێش
بە بینینم،
باڵندەکان جگە لە جریوە
فڕینیان خستووەتە سەر شەپۆلەکان
بە بینینم
چەند ڕەنگێک دەکەم بە ماچێک
ئیتر… ماڵئاوا نیشتمانی خۆرئاوابوون

٩
لەنێو پیانۆکەدا دەریایەک هەیە
ژنێک…
بە بینینەکانی لە ڕەنگی هەتاو و
لە قەوزەی خەونی شەپۆلەکان
ئاوازێک دەچنێت
ژنێک… کە بوو بە گۆرانی
ئیتر… گەڕایەوە بۆ ئاوێنەی
تەنکیی مانگ

١٠
هەموو درۆکان
بوون بە شووشە
خۆشم لەودیو دەرگە ژەنگاوییەکەدا
بینینی تەمەنم لە تاریکی دەکردەوە

١١
ئیتر ژیان بەسەرما تێپەڕیوە
تەنیا باران هیچی نەگوت
پەنجەرەش،
هەر بە کراوەیی بانگی پاییزی دەکرد

١٢
یەکەمجار دەنگ بوو
بە حەوت ڕەنگەکانییەوە بوون بە ژمارە
ئیتر ژمارە بوو گوتی
گەر باران لە ئاسمان بسەنینەوە
شتێک نامێنێتەوە
بۆ تارمایییەکانی بەگوڕبوونی زەوی
بگریت.

١٣
سەیر دەکەم
بەفر هێندە سپی دەبارێت
ژیانیش
لەمدیو دارچوالەکەوە
لە پەیژەکانی خەڵووز دەچێت
کاتژمێر چەندە بۆ ئەوەی
بەهار بگەڕێتەوە؟
ئەم هاژەهاژە،
چی بە چۆلەکەکان گوت؟
دە با ژمارەکان کۆ بکەینەوە
ئیتر ژیان
توانای گۆرانیگوتنی نەماوە

١٤
ڕەنگە بڵێم
تەنیا ئێوارەکان کۆ بکەمەوە
ئەوە بەختەوەرترین خەونم
دا بەو ژنەی
کە بە کورتی قژی
ئاوازەکانم پڕ دەکات لە ئاوێنە

١٥
هەموو ئاوەکان لە ڕەنگی بوونی
خۆیان دەترسن
تەنیا ئەو فرمێسکانە نەبێت
کە لە پاییز وون بوو
ئیتر نەگەڕاوە ناو پەنجەکانی
هیچ گۆرانییەک

١٦
سەیرکە
لێرە، شەپۆل دەبێت بە نیوە و
باڵندەکانیش هێندە مەلە دەکەن
ئیتر شتێک نییە ناوی فڕین بێت

١٧
خەونەکانی پیاسەی پیرێکە
هەمیشە نیوەی گۆرانییەکانی کۆ دەکاتەوە
نیوەکەی تریشی
لە وەرزێکی بێمانگەشەودا
بیر دەچێتەوە

١٨
جگە لەم پەنجەرەیە
هیچ وەرزێکی ترم نییە
تا سەیری نیوەی ڕووتی باران و
گێڕانەوەی خەونی هەڵوەرینی
درەختەکان بکەم

١٩
تۆ
بەس تۆ و سمۆرە
هێندە جوانن
دڵنیام بیرتان چووەتەوە
سەیری ڕەنگە ئاڵۆزاوەکانی
مەرگ بکەن

٢٠
ئەو دەنگەی لە دایکم بۆم بەجێ ماوە
دڵنیام هێندە نەمرە
بۆیە لە بەردەم ڕووبارێکی
پاشماوەی ئێوارەدا
باسی لەدایکبوونم دەکات

٢١
بۆ ئەوەی خەونەکانم وردوخاش بکەم
دەبێت لە وەرزێکی تەڕدا بیانخەوێنم

٢٢
ئەو ژنە نازانێت
ئەویش گەورە دەبێت و
بە دوای ئەو ڕەشەبایەش ڕادەکات
کە لە هیچ دەرگەیەک ناچێتە ژوور
چونکە خۆی گۆڕستانە

سلێمانی – ٢٠٢٢

 

 

سامی هادی، یەکێکە لە شاعیرانی کورد، ساڵی ١٩٦٢ لە هەولێر لە دایک بووە. “ئایینی گیاکان”، “زەنگێک لە کەناری بێهوودەیییەوە” و “بەلەمی نادیار” سێ کتێبی شیعریی ئەون. هەروەها عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی کۆمەڵێک لە شیعرەکانی کردووە بە عەرەبی و بە ناوی “لا منزل یشبیة البحر” لە بیرووت چاپ و بڵاو بووەتەوە.