ڕیسەکەی مەلا بەختیار مەکەنەوە بە خوری

کوردستان 10/08/2022

هەڵۆ محەمەد

لە مێژەوە دەگوترێت «ئاو و ئاوەدانی» خانەقیش بەهۆی بوونی ئاوی ئەڵوەنەوە مرۆڤی لێنەبڕاوە، هەمیشە ئاوەدان بووە ساڵی ٦٣٥ خانەقی لەشەڕی نێوان ساسانی و موسوڵمانەکاندا بەتەواوی روخاوەو تەعریب کراوە، ئەمە دوای ئەوەی ١٦ ساڵ کوردی خانەقی ڕووبەڕووی داگیرکاری بوویەوە، کەواتە ئەم شارە کوردییە ساردی و گەرمی و هەوراز و نشێوی زۆری دیوە، لەم ساڵانەی دواییشدا چەند پارچە شوێنەوارێک دۆزرانەوە، کە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە ٦ هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە 
لە پاڵ هەموو ئەوانەشدا ئەگەر نەتەوەکانی دیکە  پایەیەک بووبن لە قەڵای خانەقی، کورد بەتەنها خودی قەڵاکە بووە، پێشتر لە خانەقی( کورد، عەرەب، تورکمان، جوو، مەسیحی، سابیئی و مەندائی پێکەوە ژیاون؛ لەگەڵ دروستبوونی حکومەتی عێراق لە دوای ساڵی ١٩٢١ ەوە، هەرجارە و بە شێوەیەک خانەقی کەوتۆتە بەر مەترسی، ساڵی ١٩٢٨ لە سەردەمی پاشایەتیدا خانەقی پرۆسەی تەعریب بەرۆکی پێگرتووە، خراپترین قۆناغی تەعریب لە خانەقی لە دوای هاتنە سەر حوکمی بەعسییەکان بوو. کە لە ١٩٦٣ وە دەست پێدەکات.

لە ساڵانی حوکمی ڕژێمی بەعسدا، گۆڕانکارییەکی زۆر بەسەر پێکھاتەی دانیشتووانەکەیدا ھات، کە بە پرۆسەی تەعریب ناسراوە؛ کوردی ڕەسەنی خەڵکی شارەکە بەزۆر دەرکران و دوورخرانەوە بۆ باشووری عێراق، عەرەبی ئەوێ لە شوێنەکانیان نیشتەجێ کران، دەستکرا بە ڕووخاندنی دێھاتەکانی خانەقی، وەکو: بانمیل، مەلا عەزیز، قولە یەھودی و پێوکەونەیکەنە و … چەندین دیھاتی دیکە.
ڕووخاندنی پاڵاوگەی نەوتی خانەقی، کە بە پاڵاوگەی ئەڵوەند ناسرابوو، هەروەها گواستنەوەی کرێکارەکانی بۆ شارەکانی دیکەی عێراق، درێژە پێدەری پرۆسەی تەعریب بووە، دروستکردنی چەندین گەڕەک بۆ نیشتەجێکردنی عەرەبی هاوردە لە خانەقی، بۆ نموونە: گەڕەکی (شعلە) لە ئەرکەوازی، (٧ نیسان) لە کارێز، (الاشتراکیە) لە مەڵەکشای، (ابو عبیدە ابن الجراح) لە عالیاوەی کوێخا زۆراب، (التئمیم) لە تۆڵەفرۆش، (الشیبانی) لە یوسف بەگ کە ھەر گەڕەکێکی لە (١٠٠–١٥٠) خانوو پێکھاتبوو، تەعریب بە درێژای ٣٥ ساڵ ئاگرێکی بەتین بوو، بەڵام نەیتوانی کوردی خانەقی بسرێتەوە.

ساڵی ٢٠٠٣ لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق، ئەوکاتەی بەشێک لە سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانی حزبەکان لە سەر دیواری ماڵەکانی کەرکوک دووز خورماتوو ناوچە کوردستانییەکانی دیکە، دەیاننووسی گیراوە بۆ کاک فڵان، لێرە لە خانەقی مەلا بەختیار هەموو عەرەبە هاوردەکانی کۆکردوە و بە ڕێزەوە بەرێیکردنەوە بۆ ئەو جێگاییەی لێیەوە هاتوون، تەنانەت رێگاشی نەدا ماڵ و موڵکیان داگیر بکرێت، جگە لەو عەرەبانە نەبێت، کە پێشتر لە پرۆسەی تەعریبدا، ماڵی کوردیان داگیر کردوە، رۆژ هات و ساڵ رۆییشت، خوێندنی کوردی بە هێز کرا، ناوەندی کەلتووری مەعریفی کرانەوە، زانکۆی خانەقین کرایەوە، پەیمانگای مامۆستایان و بەشی هونەرە جوانەکان کرانەوە، بەڵام کە قسەت لەگەڵ خانەقییەک دەکرد، هەستت دەکرد تەعریب چ کاریگەرییەکی لەسەر کوردانی ئەم شارە کوردییە داناوە .

٢٢-١٢-٢٠٠٣ ئەنجومەنی شاری خانەقی دروستکرا، سەمیر نور محەممەد کرا بە سەرۆکی ئەم ئەنجومەنە و ڕۆڵێکی گەورەو کاریگەریان هەبوو لەوەی ڕێگا نەدەن پرۆسەی تەعریب سەرهەڵبداتەوە، دواتر لە چوارچێوەی پرۆژەی مادەی ١٤٠ بەهاوکاری فەرمانگەی مادەی ١٤٠ هەزاران خێزانی کوردی دیکە، کە ڕاگوێزرابوون گەرانەدەوە بۆ خانەقی . 

لە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە قۆناغێکی دیکەی تەعریب لە خانەقی سەری هەڵداوە و نزیکەی ٣٠٠٠ سێ هەزار خێزان شارەکەیان جێهێشت، ئەنجومەنی شار و فەرمانگەی مادەی ١٤٠ هەڵوەشێندرایەوە، سەدان دۆنم باخ لە خانەقی لە ناوبران، عەرەبی هاوردە بەهاوکاری هێزە عێراقییەکان پشتگیری دادگا بۆ گەرانەوەیان بۆ خانەقی دەهێنن و بەردەوامیشی هەیە ، ئێستا موڵک و خانوو زەوی دەکرێت بەناویانەوە، کارتی زانیارییان بۆ دەردەکرێت، لەو شارە گەر عەرەبیەکەت باش نەبێ کارت ناڕوات، لە نفوس، شارەوانی، قایمقامیەت، تاپۆ، کاری کوردان پەکدەخرێت، لە (کن فیکون)ێکدا، مامەڵەی عەرەب بەڕێدەخرێت، ئێستا بە ڕوونی دیارە ئەوەی کورد لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ ڕستی، وا دەکرێتەوە بەخوری، بەپێی ئامارە نافەرمییەکان ئێستا لە خانەقی سەرووی ١٥٠٠ خێزانی عەرەب بوون بە خاوەن زەوی و ماڵی خۆیان و لەسەریان تاپۆکراوە، بەشێک لە زەوی سورەمەیرییەکان دراوەتەوە بە عەرەبی هاوردە، ٣٥ گوند بە هۆی نەپاراستنیانەوە لە هەڕەشەی داعش چۆڵ کراون و عەرەب زەویەکانیان دەکێڵێ، کەسیش نییە بڵێ ئەمە یاسایی نیە، بەرپرسان و کاربەدەستانی کوردیش لە هەرێم و بەغدا، لەسەر ئەم بابەتە مەترسیدارە دەنگیان لێوە نایەت، خۆ ئەگەر کار وا بڕوات و لە داهاتوودا هەڵبژرادنێکی دیکە بکرێت، ئەو کاتە بەرپرسانی کورد دەزانن بێدەنیگییان لە بەرانبەر پێشێلکارییەکان چ ماڵ وێرانییەکی لە خانەقی هێناوەتە ئاراوە.