پشکۆ نەجمەدین "ئاوێنەی نامەکان"ـی بڵاو کردەوە

کوردستان 07/08/2022


چاودێر
"ئاوینەی نامەکان، لە پەراوێزی ئەزموون و یاددا"، نوێترین کتێبی نووسەر و ئەدیب پشکۆ نەجمەدینە و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکاندایە.
کتێبەکە یانزە نامەی لەخۆ گرتووە، کە لەنێوان ساڵانی ١٩٨٧ بۆ ١٩٩٢ لە شوێن وڵاتانی جیاوازدا، لەنێوان پشکۆ نەجمەدین و هاوڕێ نزیکەکانیدا نووسراون و هاتووچۆیان پێ کراوە.
پشکۆ نەجمەدین لە پێشەکیی کتێبەکەیدا نووسیویەتی: نامەکان، ڕووداوە ئازارلێتکاوەکانی ژیانی من و هاوتەمەنەکانم، لە سەردەمێکی سەختی بزووتنەوەی سیاسیی – چەکداریی کوردستاندا دەگێڕنەوە. هەندێکیش لەم نامانە، لەگەڵ ئازارەکانی وڵاتجێهێشتن و ئاوارەبووندا، بۆ هەندەران پەڕیوەتەوە و بەشێک لە دڵەڕاوکێ و مەینەتییەکانی بێوەڵاتی باس دەکەن.
دەشڵێت: "یادەوەرییەکانی من، ئەزموون و یاد، لە چوار بەرگدا، نەیانتوانی و دەڕۆستی تۆمارکردنی هەموو حەکایەتەکان نەهاتن. ئەم نامانەش دەتوانن بەشێکی گچکەی دیکەی ئازارەکانی ڕووداوە سەختەکانی ژیانی ئێمە بگێڕنەوە و نەوەی ئێستا و داهاتووش، بە زەبروزەنگی مێژوویەک ئاشنا بکات، کە خۆمان و دژبەر و نەیارەکانمان خوڵقاندمانن."
هەروەها مامۆستا جەعفەر پێشەکییەکی بۆ کتێبەکە نووسیوە و تیایدا دەڵێت: هەریەک لە نامەکان بەرهەمی ڕۆژگارێکی تژی بێوەفایی و پشتتێکردن و خەنجەری ژەهراوین و لە رێگەی ئەو نامانەوە توانیویەتی دیوی ناوەوەی ڕووداوەکان، لە گۆشەنیگایەکی جیاوازەوە ببینێت.
دەشڵێت: "ڕاستە پشکۆ نەجمەدین بە چوار بەرگ بیرەوەرییەکانی خۆی واتە ئەزموون و یادی بڵاو کردووەتەوە. نامەکان لایەنێکی شاراوەی نەنووسراوی ئەو سەردەمە دەخەنەوە بەردەستمان. نامە ڕەنگە هەندێ جار ڕاستگۆیانەتر وێنەیەکی ئەوکاتەمان بداتێ، کە کاکی بیرەوەرینووس، بە ڕەچاوکردنی هەلومەرجی ئێستای خۆی ئەو بووێرییەی لە دەست دابێت و ڕاستییەکان وەکو ڕوویان داوە نەنووسێتەوە."