مەلا بەختیار جارێکی دیکە هۆشداری دەداتەوە بە یەکێتی و پارتی

کوردستان 7 رۆژ پێش ئێستا

لە چلەی فەرماندەو تێکۆشەر عەبدوڵڵا وسودا
مەلا بەختیار: یەکێتی و پارتی و هێزەکانی تر، دیسان بەرزببنەوە بۆ لێپرسراوێتی نەتەوایەتی!
"عەبدوڵڵا وسو، لەمێژوویدا، لەکۆڵنەدان و تێکۆشانیدا، بەرجەستەی بەشێکی قارەمانێتی و گیانفیدایی و پێشمەرگایەتی دەڤەری پشدەر دەکات"

مەلا بەختیار، لە چلەی فەرماندەو تێکۆشەر عەبدوڵڵا وسو، لە شاری قەڵادزێ، رایگەیاند: هەرکەسێک لەقۆناغی سەختی خەباتدا، پلەی پێشمەرگایەتی پێشخرابێ و متمانەی فەرماندەیی پێدرابێ، ئەو کەسە قارەمان بووە. چونکە هەموو کەسێک ئەو متمانەیەی پێنەدەدرا و هەمووکەسێکش بەرگەی ئەو رۆژگارەی نەدەگرت!
ئێوارەی (2/8/2021) لەقەڵادزێ و لە چلەی فەرماندەو تێکۆشەر عەبدوڵڵا وسو، مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵاو بەرژەوەندیەەلانی یەکێتی نیشتمانی، لە وتارێکدا. ئاماژەی بۆ ئەوەکرد:
ئێوە ئەمڕۆ یادی مێژوویەک دەکەنەوە، نەک بەتەنها یادی کەسێک! یادی مێژوویەک، کە کەسێک لەو مێژووەدا ناوی عەبدوڵڵا وسو، لەخۆیدا، لەمێژوویدا، لەکۆڵنەدان و تێکۆشانیدا، بەرجەستەی بەشێکی قارەمانێتی و گیانفیدایی و پێشمەرگایەتی دەڤەری پشدەر دەکات. ئەمەش جێگەی شانازییەکی ئێجگار گەورەیە، کە کەسێک دەتوانێ لەخۆیدا، مێژوویەک بەرجەستە بکات و لە مێژووەشدا، جێگەیەکی شیاو و پیرۆزی لەخەبات و کۆڵنەداندا هەیە.
ئاماژەشی بەوەکرد: پاشئەوەی شۆڕشێکی چواردە ساڵ بەهۆی رێککەوتننامەی جەزائیرەوە لەناو دەچێت، بەڵام دوای ساڵێک، شۆڕشێکی نوێ لەدایک دەبێت، کە ئەمە لەمێژووی هەموو گەلانی ئازادیخوازدا، رووداوێکی دەگمەنە! عەبدوڵڵا وسو، لەو شۆڕشەدا دەبێت بە پێشمەرگە، پێشمەرگەی (1976)، واتا قۆناغی یەکەمی خەباتی شۆڕشگێڕانەی عەبدوڵڵآ وسو، لە ریزی یەکێتی نیشتمانی، لێرەوە دەستپێدەکات.
مەلا بەختیار، لەوتارەکەیدا، بەقۆناغ ئاماژەشی بە وێستگەکانی شۆڕشی نوێ و کارەساتەکان کردو لەباسی کارەساتی هەکاریشدا، رونیکردەوە:
کەم بوون ئەوانەی بەرگەی راگواستنی دێهاتەکان بگرن، زۆریش کەمبوون و بە پەنجەی دەست دەژمێردران! لەسەرو هەموویانەوە کە جێگەی شانازییەو بۆ مێژوو دەیڵێم: بۆ جەنابی مام جەلال دەگەڕێتەوە، بۆ هەڤاڵانی مەکتەبی سیاسی و دەیان سەرکردەو فەرماندەی دیکە، کە لەگەڵ بەڕێزیدا بوون و بەڵێنیان بە جەنابی مام جەلالدا، کە لەدوای کارەساتی هەکاری درێژە بەخەبات دەدرێت! خەبات بەردەوام بوو. کە عەبدوڵڵا وسو یەکێک بوو لەوانەی کە لەهارەساتی هەکاری گەڕایەوەو درێژەی بەخەباتدا هەتا کیمیاباران و ئەنفال، کە ئەمەش قۆناغێکە، لەو قۆناغەشدا، عەبدوڵڵا وسو، پیاوێکی تێکۆشەر بوو. کە سەرەنجامی ئازایەتی، خۆڕاگری و کۆڵنەدانی خۆی، پلەکانی پێشمەرگایەتی شاهێدی بۆ دەدەن. چونکە لەو قۆناغە سەختەدا، هەرکەسێک پلەی پێشمەرگایەتی پێشخرابێ و متمانەی فەرماندەیی پێدرابێ، ئەو کەسە قارەمان بووە. هەموو کەسێک ئەو متمانەیەی پێنەدەدرا و هەمووکەسێکش بەرگەی ئەو رۆژگارەی نەدەگرت! بەڵام عەبدوڵڵا وسو، لەهەموو قۆناغەکاندا، پیاوێکی قارەمان بوو. بێگومان قارەمانی ئەو رۆژگارە سەختانە، نەک قارەمانی سنگ دەرپەڕاندن، ئۆتۆمبیلی جوان و سنگ دەرپەڕاندن و باخچەی جوان ناڵێم..!
لەبەشیکی تری وتارەکەیدا، مەلا بەختیار، ئاماژەی بەدۆخی ئێستای عیراق و کۆی کێشەکان و رایگەیاند: ئێشتا عیراق لەرۆخی شەڕی ئەهلیدایە و ئەگەە هێزەکانی شیعە پەنا بۆ چەک ببەن دژی یەکتر، دڵنیابن خوێنێکی ئەوتۆ دەڕژێت، کە لەمێژووی عیراقدا ئەوەندە خوێن نەڕژاوە، لە بەغدادو شوێنەکانی تر.
دیارە کە دووبەرەی شیعەی توند بەرامبەر بەیەک وەستاون، بەرەی صەدرییەکان و بەرەی چوارجێوەی هەماهەنگی. صەدرییەکان بەهیچ شێوەیەک سازش قبوڵناکەن و ئەوانی تریش داوای دانوستاندن دەکەن و نەرمتر بوون! بەڵام عیراق توشی چەرمەسەرییو بەدبەختییەکی گەورە هاتووەو ئەم دۆخەش بەردەوامبێ، بەدڵنییاییەوە، دۆخێکی نەخوازراو و دەگمەن لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینین.
ئاماژەیشی بۆ ئەوەکرد: نامەوێ رەخنەبگرم لەسیاسەتی لایەنەکانی کوردستان، بەڵام ئێستا کە هەلومەرجی عیراق وایە ترسی شەڕ هەیەو هەموو لایەنەکان پێویستیان بەکوردە. هەم صەدرییەکان و هەم چوارچێوەی هەماهەنگی، بەڵام بۆ کورد خۆی رێکناکەون؟ لەسەرچی وەستاون و کات بۆ لەدەستدەدەن! بێگومان ئەم دۆخە ئەقڵییەتێکی وەکو مام جەلالی دەوێ! لەخۆبردوویی و دووربینێکی وەکو مام جەلالی دەوێ! بۆیە تکایە هەلومەرجەکە لەدەست نەدرێ باشە! گرێکانی رابردوو مەکەن بەگرێکوێرە، ئێستا کاتی گفتوگۆی نوێ و بەرنامەی نوێ و رێککەوتنی نوێیە بۆ قۆستنەوەی هەلومەرجەکە، کە هەلومەرجەکە بابەتییەو ئیشی هێزە کوردستانییەکانیش لەئێستدا ئەوەیە، هەم بۆ ئاستی عیراق، بۆ دیموکراسی، بۆ جیبەجێکردنی دەستور، هەم بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نەوت و گاز و بۆ مافە دەستورییەکانی کورد، ئەو هەلومەرجە بقۆزنەوەو بیر لەڕێککەوتنی نوێ، هەم لەنێوان هێزەکانی کوردستان و هێزەکانی عیراقیش بکەینەوە. ئەمەش تەنها چارەسەرە، چونکە ئەگەر عیراق تێکبچيت، نەک پریشک بەتەنها بەڵکو لەزۆرلاوە ئاگری ئەو شەڕە بەر ئێمەش دەکەوێ و ناوچە کێشە لەسەرەکانیش دەگرێتەوە. بۆیە دەبێ بیر لەچارەسەر بکرێتەوە و تاکە رێگەیە.
جەختیشیکردەوە: هەر هێزێکی سیاسی وردی ئەم لێپرسراوێتییە نەبێ و لەبەر رۆشنایی دۆخی ئێستا، بڕیاری مێژوویی نەدا، ئۆباڵێکی گەورەی مێژوویی دەکەوێتە سەرشانی و توشی رووداوی چاوەڕواننەکراویش دەبین.
هیواداریشم بەزوویی کۆبوونەوە دەستپێبکەن و کورد بەیەک ئەجێندە نەک بەچوار، بچێتە بەغداد و کورد وەک هەمیشە ببێت بە بەشێک لەچارەسەرو یەکێتی و پارتی و هێزەکانی تر دیسان بەرز ببنەوە بۆ لێپرسراوێتی نەتەوایەتی.