سەبارەت بە کتێبە تازەکەی مەلا بەختیار!

کوردستان 03/08/2022


بێئەوەی کەسایەتیی مەلا بەختیار بناسم و یان پێوەندییەکەم لەگەڵی هەبێ، ئەوە تەوزیمی من نییە، کە لەسەر ئەم کەسایەتییە بۆچوونی خۆم دەربڕم و کاریشم بەو لایەنەوە نییە، بەڵام نایشارمەوە کە بە بڕوای من ناوبراو ئێستا یەکێ لە دیارترین و باشترین قەڵەمبەدەستانی کوردستان و تەنانەت وڵاتی عیراقیشە. هەمیشە وتار و نووسین و کتێب و دیمانە تەلەفزیۆنەکانی ناوبراو، بۆ من شیاوی سەرنجە و، لام وا بێ بۆ کەسانی دیکەش هەر وا بێت. لەم ڕۆژانەدا لە ڕێگای هەڤاڵێکی زۆر بەڕێزەوە لە شارە خۆشەویستەکەی سولەیمانی، تازەترین کتێبی ئەم نووسەرە دیارە گەیشتە دەستم، کە خەریکی خوێندنەوەیم.
لێدوان و ڕوانگە و بۆچوونەکانی ناوبراو، سەبارەت بە زۆر پرس و چەمکی جۆراوجۆری جیهانی و ئەمڕۆیی جێی سەرنج و بایەخن.
کتێبی "دێمۆکراسی و چەپ و گلان و ڕاسان" تازەترین بەرهەمی بەڕێز مەلا بەختیارە.
ئەم کتێبە بە پاشکۆکەیەوە ٤٢٤ لاپەڕەیە و، ناوبراو لە هەندێ پاراگراف و لاپەڕەدا ئاماژە بە چەند چەمک و بابەتی گرنگ دەکات، بۆ وێنە لە لاپەڕە ٤٤ی ئەم کتێبەدا دەڵێ:
لەناو ڕێکخراوی ئاڵای شۆڕشدا- (١٩٨٥/٠٦/١٠ ) لەناو کێشمەکێشەکانی چەپگەرا و، بورژواکاندا، دووچاری ململانێ و هەڵچوون و داچوونیش بووین. لەم ڕێڕەوەی هەوراز و نشێوەی چەپگەرادا، بەندە لە هەندێ بۆچوونی بابەتەکانیش، پاشگەزم و بە خۆشمدا چوومەتەوە، بۆ نموونە: هەر باوەڕم بە دیکتاتۆریەتی پرۆلتاریا و کۆمۆنیزم نەماوە.
هەروەها لە لاپەڕە ١٣٧ی ئەم کتێبە، لە پاراگرافێکدا دەڵێ:
سووسیالیزم لەناو ئەو وڵاتانە دانامەزرێ کە کێشەی نەتەوایەتییان مابێ، کە ئافرەتانی کۆیلە بن، کە ئایین و مەزهەب باڵادەست بن، کە پیشەسازییەکەی خورت نەبێ، کە جیاوازییەکی گەورە لەنێوان شار و لادێدا هەبێ، کە هێشتا دەرەبەگایەتی و عەشیرەتگەری و، داب و نەریتی ڕزیوی کۆمەڵایەتی کۆن و... یاد مابن.
لە سەرنجێکی دیکە کە لە لاپەڕە ٣١٣ی کتێبەکەدا دەریبڕیوە، دەڵێ:
دەوڵەت تا دەوڵەتمان هەیە، دەوڵەت هەیە گەورەترین کۆسپە لە بەردەم هاووڵاتیبوون و، مافەکانی مرۆڤ و باقی مافە دێمۆکراتەکان. دەوڵەتیش هەیە لەو بارەوە کاراسانی زۆر دەکات.
لە کۆتاییدا ماوەتەوە بڵێم کە: خوێندنەوەی ئەم کتێبەش بە هەموو ئەویندارانی کتیبخوێندنەوە پێشنیار دەکەم، کە بەڕاستی شیاوی خوێندنەوەیە.