"دەبێ پارتی و یەکێتی و هێزەکانی دیکەش، خۆیان بۆ هەر ئەگەرێک ئامادە بکەن"

کوردستان 01/08/2022


پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (1/8/2022) بەئامادەبوونی مەلا بەختیار، سەرپەرشتیاری گشتی پلاتفۆرمی دابڕان، کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی کۆنفرانسی پلاتفۆڕمی دابڕان و فێمێنیزمی رۆشنگەری بەڕێوەچوو.
لەکۆبوونەوەکەدا، مەلا بەختیار، سەرپەرشتیاری گشتی پلاتفۆرمی دابڕان، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ئامادەکارییەکان سەلمێنەری راستی بەردەوامیمانە لەپەیام و لەو رێبازە فەلسەفییەی گرتومانەتەبەرو ساڵ بەساڵیش، هەستدەکەین رەوایەتی گوتاری دابڕان لەناو خەڵکدا زۆرتر دەبێت.
وتیشی: دەرکەوت نە ئێمە، ئەو پلاتفۆرمە بووین کە لەسەرەتاوە، هەندێک دژە پلاتفۆرم وێنایان کردین، نە ئەوانیش بە بەرنامە دژایەتی ئێمەیان دەکرد، بەڵکو بەکاردانەوە دژایەتییان دەکردین. وەک هەمیشەش سیاسەتی کاردانەوە، وەکو بڵقی سەر ئاو وایە!
راشیگەیاند: هێشتا باوەڕمان وانەبێت شەقامی رۆشنبیری و شەقامی ململانێمان بۆ تەخت بووە! نەخێر ئێستاش هەندێک بەئاشکرا تێگەیشتنیان بۆ پلاتفۆرم نییەو خۆشیان ناوەتەوە بچوکترین هەڵە بکەین، تا مێشمان لێبکەن بەگامێش!
لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، سەرپەرشتیاری گشتی پلاتفۆرمی دابڕان، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە کۆنفرانس لە هەلومەرجێکدا دەبەستین، یەکەم: عیراق بەرەو تێکچون دەچێت! دووەم: دڵنیانین کوردستان سەقامگیرییەکەی، چارەسەردەبێ لەگەڵ بەغداد یاننا؟ پەیوەندییەکانی هێزەکانی کوردستان بەرەو کوێ دەڕوات؟ کە مەترسی و نیگەرانی زۆرترە لەناو هێزەکاندا، بەداخەوە. ئەوە ئاراستەیەشی لەبەغدادو لەدوای هەڵبژاردن گرتیانەبەر، کە کورد بەچوار ئەجێندە چووە بەغداد! هیچکام لەو ئەجێندانە راستگۆ نەبوون لە یەکخستنی هێزەکانی کوردستان. واتا راستگۆیانە پرۆژە نەبوو بۆ یەکخستنی گوتاری کوردی لەبەغداد! لەکاتێکدا قۆناخێکی زۆر ناسکەو کۆبوونەوەی ڤییەننا بەڕێوەیە و دەبوو ئەگەرەکانی سەرکەوتن یان سەرنەکەوتنی کۆبوونەوەکەو مەترسییەکان لەبەرچاو بگیرایە.
بەداخیشەوە کە یەکێتی و پارتی، بێسنوور پێداگیریانکرد لەسەر بڕیاری خۆیان و هەتا بەغدادیش نەگەیشتەبنبەست، هیچکامیان سیاسەتی خۆیان نەگۆڕی. ئێستاش کە بەغداد گەیشتۆتە بنبەست، ئەوە چوارچێوەی هەماهەنگی، دووچاری رووداوی نەخوازراوی خۆیان بوون، بەرە سێقۆڵییەکەش، لەدوای کشانەوەی صەدر لەپەرلەمان، ‌وەک خۆی نەماوەو لەسەرەنجامیشدا بە بروای من پەرلەمانی عیراق دوچاری تەنگژەی ترسناک کراوە. خەباتی مەدەنی پێویستە گرنگترین دەزگای مەدەنی بپارێزێ کە پەرلەمانە. لەخەباتی مەدەنیدا تەنیا بۆت هەیە لە شەقام و مەیدانەکاندا، خەباتی جەماوەری بکەیت، نەک بچیت دەزگای یاسادان بگەیەنیتە ئەوە دەردەی کە ئێستا پێیگەیشتووە. بۆیە ئەوەی روودەدات کوێرەوەرییەکی سەیرە!
تەئکیدیشی کردەوە: لە عێراقدا لەگەڵ گۆڕانکارییەکی سەرتاسەریدام، بەڵام بەم رێگەیە نابێت، چونکە باجەکەی قورس دەبێت. ئەو دۆخەش دەریخست، عیراق لەم قۆناغەشدا لەدوای روخانی صەدام، وەکو سەردەمی پاشایەتی، قاسمی، عەبدوسەلام و عەبدولڕحمان عارف نەیتوانی ببێتە نیشتمانی هەمووان، هەتا لەسەردەمی بەعس، عیراق گۆڕا بۆ فاشییەت و لەدوای روخانی بەعسیش گۆڕا بۆ مەزهەبگەرایی، کە ئەمە یەکەمجارە، ئاراستەی مەزهەبگەرایی بەڕەهایی زاڵبووەو دۆخی عیراقیشیان خستۆتە بەردەم جۆرەها ئەگەر! ئەگەری تێکچون و تێکهەڵچونی ئەهلی، ئەگەر ئەمەش رووبدات، عیراق دەبێ بەکوشتارگە! گوتارەکەی مالکیشیمان بیست، کە دزەی پێکراوەو ئەوەش گوتاری بەرنامەی عەسکەری بوو!
جەختیشیکردەوە: عیراق لەدۆخێکی مەترسیدایە و جارێکی تریش ناتوانی بەئاسانی لافی دیموکراسی، ئازادی، شارستانی لێبدات! ئەمەش وایکرد مەترسییەکان لەسەر کورد، هەتا رادەیەک کەمببێتەوەو وا بەزوویی رێککەوتننامەی نێودەوڵەتی لەسەر حسابی کورد روونەدات و دوادەکەوێت. بەڵام بەومانایە نییە کە مەترسی رێککەوتن کۆتایی هاتووە! چونکە مەترسی سەقامگیرکردنی سیاسەتی نێودەوڵەتی، پەیوەندی دەوڵەت گەورەکان بە دەوڵەتانی هەرێمایەتی، ئەم مەترسییە، هەر ساتێک لەساتەکان لەئارادایەو ئەگەری رێککەوتی گەورە گەورە هەیە بۆ سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی دونیا، ئەم ئەگەرە ئەگەرێکە لە ئەگەرە بەهێزەکان.
سەبارەت بە ئەگەرەکانی ئاییندەش، مەلا بەختیار، رایگەیاند:
ئەگەر شەڕی ئەهلی ببێت، لایەنیکەم دوو رەنگدانەوەی خراپی دەبێت لەسەر کوردستان! یەکەم، هێزە کوردستانییەکان زۆرتر لەیەک دەترازێنێت! دووەم، بەدیفاکتۆ حکومەتی دوو ئیدارەیی دروستدەبێت، ئەگەرچی بەڕواڵەتیش یەک حکومەت بێت! بۆیە باوەڕموایە هەر ئەگەرێک رووبدات، ئەوا دەبێ پارتی و یەکێتی و هێزەکانی دیکە بیر لەوە بکەنەوە چۆن، بەرنامەی هاوبەشیان هەبێت و خۆیان بۆ هەر ئەگەرێک ئامادەبکەن. کە ئەمەش ئەرکی کوردایەتییە. کورتیەکەی.. سەراپای هاوکێشەکانی عێراق گۆڕدران. ئەگەر شەڕی ناوخۆ رونەدات.. یان خوانەکردە کودەتا نەکرێ.. لە باشترین حاڵەتدا هەڵبژاردنەوەی پێشوەختە دەسەپێتەوە!
لەکۆتایی وتەکانیشیدا، مەلا بەختیار، سەبارەت بەچۆنێتی ئامادەکارییەکان و بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی پلاتفۆڕمی دابڕان و فێمێنیزمی رۆشنگەری، رونکردنەوەو راسپارەکانی خۆی خستەڕوو.