مامەڵەیەکی نامرۆڤانەی سوپای تورکیا

کوردستان 31/07/2022

ئاژانسی فورت بڵاویكردەوە، دوای شکستە یەک لەدوای یەکەکانی بەرامبەر گەریلاکان، سوپای تورک هەوڵدەدات بە ڕێبازی دیکە تونێلەکانی شەڕ کۆنترۆڵ بکات، بۆ ئەوەش سەگ وەک ئامرازێکی شەڕ بەکاردەهێنێت، بەڵام گەریلاکان ئەو پیلانەی دەوڵەتی تورکیش پووچەڵ دەکەنەوە.
ئاژانسی فورات نیوز گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردووە، كە تێیدا دەردەکەوێت سوپای تورک، کە ناتوانێت بچێتە ناو گۆڕەپانەکانی شەڕ و تونێلەکان، پەنای بۆ خراپترین شێوازەکانی مێژووی مرۆڤایەتیی بردووە، کە سەگەکان وەک ئامرازێکی شەڕ بەکار دەهێنرێن و دەخرێنە تونێلەکانی شەڕەوە.
لەو گرتە ڤیدیۆییەدا دەردەکەوێت، کە سوپای تورک کامێرایەک و دوو لایت بە سەری سەگەکانەوە دەبەستن و دەیاننێرنە ناو تونێلەکانی شەڕەوە، ئەو ڤیدیۆیەش زەقترین و کۆنکرێتیترین بەڵگەیە، کە سەربازانی سوپای تورک لە دژی بەرخۆدانی گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار بێدەسەڵات و بێچارە ماونەتەوە.
گرتە ڤیدیۆییەکە ماوەکەی نۆ خولەکە، سەربازانی تورک سەرەتا کامێرایەک و لایتێکی لید و هەندێک کەرەستەی دیکەی شەڕ بە سەگەکەوە دەبەستنەوە، پاشان سەگەکان دەبەنە بەردەم تونێلێکی جەنگ و پەتی ملی سەگەکان دەکەنەوە، سەگەکە نایەوێت بچێتە ناو تونێلەکەوە، ڕاهێنەری تایبەتی سوپای داگیرکەری تورک ڕەفتاری خراپ لەگەڵ سەگەکەدا دەکات و سەگەکە ناچار دەکات بچێتە ناو تونێلەکانی جەنگەوە.
ئەو سەگە لەلایەن سەربازانی سوپای تورکەوە ڕەوانەی تونێلەکانی شەڕی شەهید هاوڕێ لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شەهید شاهین کرا، لە کاتی شەڕدا کوژرا، لە ڤیدیۆیەکی دیکەدا لە هەمان تونێل-دا ئەوە دەربینرێت، کە دوای شەڕی نێوان گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار و هێزەکانی سوپای تورکی داگیرکەر، تونێلەکە لە سوپای داگیرکەر پاککراوەتەوە و لاشەی سەگەکەش کەوتووتە دەست گەریلاکان.