تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر بەردەوامە لەسەر روناککردنەوەی هزری گەنجان

کوردستان 31/07/2022


مەلا بەختیار: بەو پەروەردە كەمەی هەمانە فریای پێشكەوتنەكانی جیهان ناكەوین
د. ماجید خەلیل: پلاتفۆڕمی دابڕان حەوت ساڵە لەسەر خەباتی رۆشنگەری بەردەوامە
د. لهۆن عارف: مرۆڤ تاوەكو مرۆڤ بوونی خۆی بسلەمێنێت، دەبێت بەردەوام  لەبەردەم پڕۆسەی بیركردنەوەدا بێت


ئەمڕۆ یەكشەممە 31ی تەموزی 2022، لەهۆڵی شەهید ئازاد هەورامی، بازنەكانی پلاتفۆرمی دابڕان و فێمێنیزمی رۆشنگەری سەر بەتۆڕی ناوەندی رۆشنگەری چاودێر، لەوەرزێكی نوێی رۆشنبیری زنجیرە چالاكیەكانیاندا، پانێڵەكانی پەروەردەی رۆشنگەری بۆ بازنەكانی سەنگەسەر و قەڵادزێ و دەوروبەری، بەپێشكەشكردنی سێ پانێڵ بەڕێوەچوو.
پانیڵی یەكەم، بەناونیشانی (بزافی رۆشنگەری و بەربەستەكانی بەردەم هزری نوێخوازی) بۆ رۆشنگەر مەلا بەختیار، سیاسەتمەدار و رووناكبیر، رێكخرابوو، تیایدا ناوبراو وێرای بەخێرهێنانی بەشداربووان كە لەدەڤەری پشدەرەوە هاتبوون بۆ تۆڕی ناوەندی رۆشنگەری چاودێر و لەدەسپێكی باسەكەیدا، رایگەیاند: خۆشحاڵین بەو خولە كورتە، بەڵام پڕ مانا،  ئەم جۆرە خولانە  لای ئێمە بەردەوامە و هەفتە كۆڕیشمان لەرۆژانی شەممە بەردەوامە.
مەلا بەختیار، وتیشی "تائێستا شەش كۆڕی رووناكبیریمان بۆ دەڤەری راپەڕین كردۆتەوە، ئەمڕۆ من قسەم لەسەر سیاسەتی سەردەمە، خول بۆ پەروەردەیە، پەروەردەی سیاسی و فەلەسەفە و ئەدەبی و هەموو پەروەردەكان لە خولایە، كۆبوونەوەی حزبی جاران پەروەردەی تیابوو، بەڵام ئێستا هەمووی گۆڕاوە بەدەنگوباس، لەدەرەوەی پەروەردەی حزبی دیارە پەیمانگای كادران هەیە، بەردەوامن و چالاكن،  بەڵام هێشتا ئەركەكانی پەروەردە زۆر فراوان بوون، هیچ پەیمانگای حزبێك دەرەقەتی نایە، چونكە فكر و فەلسەفە و سیاسەت و ئەدەب و مەعریفە و رەخنە و كۆی كایەكان، كە پەروەردەین بۆ مرۆڤی ئەم سەردەمە زۆر پەلیان هاویشتووە، ئاستمە ناتوانین بەیەك ئاڕاستە یان یەك ناوەند ئەركەكان جێبەجێ بكەین".
لەبەشێكی تری پانێڵەكەیدا، مەلا بەختیار، ئاماژەی بەوەشدا، لەسەردەمی ئێستادا هەزاران پەیج هەیە، دوو ملیار بەكارهێنەری دیجیتاڵی لەجیهاندا هەیە و رۆژانە وتار و رەخنە و زانیارییەكان دەگوازنەوە و بەردەوامیشن، جاران چەند پێویست بوو لەخەباتی نهێنیدا حزبەكان پەروەردەی حزبی و ئایدلۆژی ئەندامانیان پەروەردە دەكرد، ئێستا ملیۆنەها جار زیاتر پێویستە و بەشی زۆری قسە و نووسینەكان رەخنەیین، جاران بەو پەروەردە كەمەی هەمان بوو توانیمان شەڕی نەیارەكانمان بكەین، كەچی ئێستا ململانێ لەگەڵ نەیارەكانمان لاوازبووە و  پەروەردەكەشمان لاواز بووە، واتە بەو پەروەردە كەمەی هەمانە فریای پێشكەوتنەكانی جیهان ناكەوین.
ئەوەشی خستەڕوو،"جاران كەمترین رەخنە و زۆرترین پەروەردە هەبوو، ئێستا كەمترین ئاڕاستە و هەزاران رەخنە، دژە پەروەردە لەدەرەوەی حزب زۆربووە، كردنەوەی خول بۆ كردنەوەی دەرگاكانە، بەراستی لەچاو ئەوەی دنیا پێشكەوتووە بەڵام هێشتا هیچ نازانین"
لەبارەی بارودۆخی ئەمڕۆی جیهان، مەلا بەختیار ئاماژەی بەوەکرد كە شەڕی ئۆكرانیا خاڵی وەرچەرخان دەبێت لەرووی رێكخستنەوەی دنیا، دەورانی فرەجەمسەری فەوزایەكی گەورەی هەیە، روسیا پێیوایە تا سەر سنوورەكانی لەباكوورەوە كە وڵاتانی پێشوی یەكێتی سۆڤیەتن نایەوێت ناتۆ جڵەوی تیا بكات.
لەبارەی دواین پێشهاتەكانی نێو گۆڕەپانی سیاسی عێراق و هەڵكوتانە سەر پەرلەمانی عێراق لەلایەن لایەنگرانی موقتەدا سەدرەوە، مەلا بەختیار راشكاوانە رایگەیاند: دوو جارە پەرلەمانی عێراق ئەتك ئەكرێت پاساوە سیاسییەكان هەرچییەك بن یان نا، بەڵام لەگەڵ ئەوەنیم پەرلەمان داگیر بكرێت، با لەسەرشەقام خۆپیشاندان بكرێت، نموونەی خۆپیشاندانەكانی مامۆستایانی هەرێم لەماوەی ساڵانی رابردوو چەندین جار هاتنە سەرشەقام یەكجار نەچوون پەلاماری شوێنە حكومییەكان بدەن، بەتایبەتیش پەرلەمانی كوردستان، چونكە پەرلەمان دەزگایەكی یاسایی و دیموكراسیە، بەڵام خودی عێراق تێستی دیموكراسییە و پێویستە خۆپیشاندانی مەدەنی بكرێت، كودەتا بۆ رەوشی سیاسی ئێستای عێراق یەكێكە لەئەگەرەكان.
لەكۆتایی بەشداربووان پرسیار و سەرنجەكانیان ئاڕاستەی رۆشنگەر مەلا بەختیار كرد و ئەویش بەوردی وەڵامی دانەوە.
پانێڵی دووەم كە بۆ د.ماجد خەلیل رێكخرا، لەژێر ناونیشانی (هەوڵە رۆشنگەرییەكان لەباشووری كوردستان) بوو، تیشكی خستە سەر،  بایەخی كارەكانی پلاتفۆرمی دابڕان كە دركیان بەوەكردووە، پێویستە مرۆڤ بەدنیابینیەكی ئازادانە لەسەر بنەمای رەخنەی ئازاد و بەهێزێكی نوێوە بچێتە پێشەوە بۆ ئەوەی رێگەی خۆی بدۆزێتەوە.
د. ماجد ئاماژەی بەوەشدا، لەم حاڵەتەدا پێمانوایە پلاتفۆرمی دابڕان نزیكەی حەوت ساڵە لەو خەباتەی بەردەوامە، نەوەیەكی گەنج و جیاوازی هێناوەتە پێشەوە و  رێگەی خۆیان دۆزیوەتەوە، ئەوەش بەمانای رچەشكاندنی كۆمەڵایەتی و  رووبەڕووبوونەوەی دابونەریتی كۆمەڵگی خۆمان نایەت.
 پانیڵی سێیەم بە بابەتێك بەناونیشانی (رەخنەی عەقڵانی وەك بنەمای رۆشنگەری) بەڕێوەچوو كە بۆ مامۆستای زانكۆ د.لهۆن عارف عەبدولڕەحمان رێكخرابوو، تیایدا ئەوەی باسكرد كە بیركردنەوە كاریگەریی لەسەر مرۆڤ هەیە و هەمیشە بیركردنەوە بایەخی بۆ مرۆڤ هەیە و پێویستمان بەمەشقكردنە بۆ گونجاندن لەگەڵ دۆخە جیاوازەكان و خوێندنەوە فێربوون گرنگن.
وتی" كاركردن بۆ بیركردنەوە گرنگە و راهێنان لەسەر بیركردنەوە واتلێدەكات مرۆڤێكی  پرسیاركەر بیت، مرۆڤ تاوەكو مرۆڤ بوونی خۆی بسلەمێنێت، دەبێت بەردەوام  لەبەردەم پڕۆسەی بیركردنەوەدا بێت، هەر لەكاتی لەدایك بوون تا مردن".
ناوبراو جەختیشیكردەوە: رۆژ بەرۆژ گرنگی بیركردنەوە زیاتر دەبێت و ئاڵوز دەبێت، چونكە ژیان قوڕستر دەبێت و هەروەكو بیركردنەوە دەتوانێت مرۆڤ بكاتە داهێنەری گەورە و چەندین مۆدێلی بیركردنەوە هەیە.
لەكۆتاییشدا بڕوانامەی رێزلێنان لەلایەن مەلابەختیار سەرپەرشتیاری گشتی تۆڕی ناوەندی رۆشنگەری چاودێر و دواین كتێبی چاپكراوی خۆی بەناونیشانی (دیموكراسی و چەپ، گلان و راسان)  و پێنج كتێبی دیكەی بەناونیشانی (شای ئێران، شیعەی لوبنان و كوردی عێراق) بەدیاری بەخشییە بەشداربووان.