لە ڕەخنەی ئەدەبییەوە بۆ بیرکردنەوەی ڕەخنەیی

کوردستان 30/07/2022

 

چاودێر
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، پلاتفۆڕمی دابڕان و فیمینیزمی ڕۆشنگەری دیالۆگێکی تریان بە ناونیشانی "لە ڕەخنەی ئەدەبییەوە بۆ بیرکردنەوەی ڕەخنەیی" بۆ نووسەر و مامۆستای زانکۆ د.نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد ساز کرد. کۆڕەکە لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی لە ناوەندی ڕۆشنگەریی چاودێر بەڕێوە چوو.
د،نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد لە سەرەتادا ڕایگەیاند: ڕەخنەی ئەدەبی بریتییە لە پڕۆسەیەکی مەعریفی بۆ هەڵسەنگاندنی تێکستی ئەدەبی لە ڕووی شێوە و ناوەڕۆک و هەڵسەنگاندن و ئیستاتیکاوە.
دواتر سەبارەت بە قۆنا‌غەکانی ڕەخنە دوا و وتی: ڕەخنە لە سەدەی هەژدە و نۆزدە دروست دەبێت، ڕەخنەی ئینتیباعی دروست دەبێت. ئەو ڕەخنەیە پێوەری نەبوو، بە پێی زەوق و شارەزایی کەسەکە خۆی تێکستەکان هەڵدەسەنگێندرێت. دواتر لە سەرەتای سەدەی بیست وێستگەیەکی تر سەر هەڵدەدات پێی دەوترێت ڕەخنەی کۆمەڵایەتی، یان ڕەخنەی سیاقخوازی، لێرەشەوە پێوەر پەیدا دەبێت بۆ هەڵسەنگاندنی دەق. لێرەدا تێکست دەبەسترا بە ژیانی نووسەر و دووەم ژینگەی کۆمەڵایەتی.
باسی لەوەش کرد، لەژێر دەستی بوونیادگەرەکان ڕەخنەی بوونیەوی دروست دەبێت و دەبێتە سەردەمی تێکستخوازی. پێیان وابوو ڕەخنە بریتییە لە پێوەر و هەڵسەنگاندن و تیۆری بوونادگەرییان پێک هێنا و پێیان وایە تێکست بریتییە لە کۆیەکی زمانەوانیی سەربەخۆ. تێکست بەهایەکی گەورەی هەیە کە زمانەوانی و فۆڕم و ئیستاتیکایە. بەڵام لە کۆتایی سەدەی بیست ڕەخنەگرەکانی ئەو بووارە پەشیمان بوونەوە و وتیان ئەدەب لە مەترسیدایە.
ڕوونیشی کردەوە، دوای بوونیادگەرەکانیش ڕەخنەی ڕۆشنبیری دروست دەبێت. تا ئێستاش لەسەر ئەم ڕەخنەیە کار دەکرێت. هەموو چەشنە ڕەخنەکانی تر لە خۆیدا کۆ دەکاتەوە. هەموو میتۆد و ئایدیاییەک بە کار دەهێندرێت، پێوەرەکان تێکەڵ دەبن و جۆرە میتۆدێک دروست دەبێت پێی دەوترێت مۆڵتی میتۆد یان فرەیی میتۆد. 
وتیشی:  لەم قۆناغەدا ڕەخنەی ئەدەبی بەرەو کاڵبوونەوە دەچێت و دەبێت بە پرسێکی ڕەخنەیی، تەنانەت خوێنەرەکانیشی نووخبەوی دەبنەوە. تەنانەت دەتوانم بڵێم بە گشتیش ئەدەبیات خوێنەری کەم بووەتەوە. ئەوەش هۆکارەکەی ئەو پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەیە کە مرۆڤی سەرقاڵ کردووە و بواری جیاجیای مەعریفی و زانستی دروست بوون.
نووسەر ئاشکرای کرد، دواتر و بە کارکردن لە ڕەخنەی ڕۆشنبیریدا بیرکردنەوەی ڕەخنەیی دروست بوو، کە ڕەخنە لە چینێک یان نووخبەیەک وەرگرتێتەوە و ڕەخنە بکات بە باتەێک هەموو کەس لێی تێبگات و بتوانێت هەموو کەسێک ببێت بە ڕەخنەگەر. کە هەموومان دیدێکی ڕەخنەییمان هەبێت. ئەم میتۆدە باوەڕی بەوە نییە بڕوانامەی زانستیت هەبێت، بەڵکوو هەموو کەس دەتوانێت بیرکردنەوەی ڕەخنەیی هەبێت. 
زیاتر وتیشی: "بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بریتییە لە گەشەدان بە تواناکانی بیرکردنەوە. بیرکردنەوەی ڕەخنەیی زەمینەی گەشەکردنی توانای بیرکردنەوەت بۆ دەڕەخسێنێت لە ڕێگەی وشیاریی ڕەخنەییەوە دروست دەبێت. بۆ وشیاریی ڕەخنەییش پێویستیت بە پرسیارکردن و گفتوگۆکردن و بەڵگەهێنانەوەت دەبێت. لەم جۆرە ڕەخنەیەدا دەبێت بڕوات بە حەقیقەتی ڕەها نەبێت. ئامانجیش لێی شکاندنی دۆگما و نەهێشتنی تووندڕەوییە." 
ناوبراو هێمای بۆ ئەوەش کرد، بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لەگەڵ دوو شت ناکۆکە، لەگەڵ بیرکردنەوەی دەستەجەمعی و هەرچەندە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بەهێز بێت بیرکردنەوەی دەستەجەمعی لاواز دەبێت. دووەمیش بیرکردنەوەی ڕەخنەیی دژی تەمبەڵیی بیرکردنەوەیە. 
لە کۆتاییدا باسەکە گفتوگۆی چڕی ئامادەبووانی لێ کەوتەوە.
مەلا بەختیار بەشداریی گفتوگۆکەی کرد و ڕایگەیاند: جارێکیان لە پاریس چووم سەرم لە ئالان تۆرێن دا. کتێبێکی گەورەی بە دەستەوە بوو لەسەر سۆسیۆلۆژیای نوێ. سەبارەت بە فۆکۆ و بوونییەوییەکان پرسیارم لێ کرد وتم چۆنن لای ئێوە؟ ئەویش وەڵامی داوەمەوە و بردمی کتێبەکانی فۆکۆی پیشان دام و وتوویەتی هەر لەم جێگەیە سەد جار گفتوگۆم لەگەڵ فۆکۆ کردووە، بەڵام ئێوە میللەتێکی فەقیرن نەکەن خۆتان تووشی ئەم فەلسەفە قۆڕانە بکەن. وتی ئەمە لای ئێمە سەرلێشێواوی دروست کرد لای ئێوەش هەمان شت دەکات. 
دەشڵێت: هەمان پرسیاریشم لە برنارد کوشنەری وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا کردووە، وتی ئێوە خواخواتان بێت چوار فیشەکتان هەبێت و جادە و ڕێگەوبانەکەتان و تەلەفزیۆنەکەتان باش بێت، ئەوە لای ئێمە گەورەترین فەوزای دروست کردووە دەبێت لای ئێوە چی دروست بکات. 
وتیشی: "لە شەستەکان تا نەوەدەکان ڕەخنە لای ئێمە فۆڕمێکی جوانتری هەیە. دەقەکان جوانتر دەخوێندرانەوە، بە دوو فەلسەفە و ئاراستەی جیاواز ڕەخنە کاری خۆی دەکرد. بەڵام لە دوای نەوەدەکانەوە ڕەخنە زۆرتریشە، بەڵام سەرلێشواوی بە ڕادەی سەرسوڕمان دروست بووە. کۆمەڵە گۆڤارێک دەرچوون تا گەیشتە سەر ڕەهەند کە باشترینیان بوو."
لەسەر ئەو پرسە زیاتر قسەی کرد و وتی: "بیرمەندەکانی ناو ڕەهەند ڕەخنەیان لە هەموو کەس و سیاسییەک دەگرت، بەڵام کەسێک ڕەخنەی لێ بگرتنایە بە شەش حەوت کەس لەسەریان دەنووسی و دایان دەشۆری، بەڵام دواتر هەموویان کەوتنە گیانی یەکتری."
پێشی وابوو ئێستا ڕەخنەی ئەدەبی لاوازە، بۆیە کتێبخانەی کوردی پڕ بووە لە کتێب و شیعر و ڕۆمانی خراپ و ڕاشیگەیاند: نەبوونی ڕەخنەی ئەدەبی بە شێوە زانستی و فەلسەفییەکەی بۆشاییەکی گەورەی دروست کردووە. جەختیشی کردەوە کە ڕەخنە تەنها دوو ڕووکنی هەیە، ئەوانیش: دەق و وەرگر.