بیرەوەری شاسوار هەرشەمی یان تەونی جاڵجاڵۆكەی مرۆڤێكی ناسیاسی

کوردستان 30/07/2022

ئازاد حەسەن گەرمیانی

شاسوار هەرشەمی گوتارێكی بڵاوكردۆتەوە لەبن ناونیشانی  ” مەلا بەختیار  ، لە زیندانی  نزرۆكە ” گوایە: ئەمە بیرەوەری نووسەرە . بیرەوەری پێش هەموو شتێك دەبێ راستگۆیانە  بنووسرێت و دوور بێت لە هەوڵی فێڵ لە خوێنەر و فریودان و چەواشەكاری . 
ئەم  نووسینە بێ سەروبەرە ، سەروبنی وڕێنە و قسەبزڕكاندن و درۆ هەڵبەستن و سوكایەتییە بە كەسایەتی  خودی خۆی . . مەلا بەختیار  و هەر كەسێكیتر ئەم جۆرە  قسەیەی بەرانبەری  كرابێت ، هیچ بایەخێكی زانستی وای نییە , كەسایەتی ئەوی پێ ناڕوشێنرێت  و نرخی بەوە كەم نابێتەوە . دیارە لەناو گەلی كورد و گەلانیتری دنیاش هەروایە : كەسێك بەبێ بۆنە و هۆكار ، بەلەكی ئەم و ئەو بگرێت و قسەی نەشیاو بداتە پاڵ ئەم و ئەو ، كەس چەپڵەی دەستخۆشی بۆ لێنادات و بە گوڵباران ستایش ناكرێت ..
من وەكو كەسێكی بێلایەن  وتا رادەیەك  ئاگادار لە مێژووی نیو سەدەی رابوردووی ئەم گەلە ، دەمەوێت  ئەم چەند دێڕەی خوارەوە بۆ بنووسم ،بە هیوای ئەوەی هەڵەكانی بۆ راست بكەمەوە و لەمەودواش فێری ئەوە بێت ، بەوردی لەسەر مێژووی نوێ بنووسێت ، با خوێنەری وریا بڕوای بە نووسینەكانی  لەسەر  مێژووی  سۆمەری و ئەكەدیش لە دەست نەدات..

١- كەسێك تایتڵی دكتۆرای هەبێت و 
خۆی بە زانا دابنێت ، نابێت ئەوەندە  بێڕێزی بە خۆی رەوا ببینێت و  خۆی وەكو كەسێكی پەراوێزخراوی بوغزاوی و كینە لە دڵ  و ئەقڵ پاشكۆ پیشان بدات ..

٢- شاسوار هەرشەمی بەبێ ئەوەی 
ئاگای لە خۆی بێت ناسنامە دزێوەكەی خۆی  دەخاتە  روو :
كاتێك رووداوەكانی جیابوونەوەی  (ئاڵای شۆڕش ) روودەدەن، دوو بەرە دروست دەبێت : بەرەیەك بڕوای بە ئازادی بیروباوەڕ و ئازادی كاروچالاكی سیاسی هەیە: یەكێتی نیشتمانی كوردستان  لەبری ئەوەی سێ باڵ بێت ،بە رەزامەندی  سەركردایەتی یەكێتی ببێتە چوار باڵ : جاچبوو ؟  زەوی  لە سووڕانەوە دەكەوت؟ بەرەیەكی دی : بە هیچ شێوەیەك بڕوای بە ئازادی بیروباوەڕ و مافی مرۆڤ نەبوو : تەنیا بڕوای بە زەبروزەنگ  و پەڕوباڵ كردن و دیل كوشتن و تیرۆری فیكری  و گرتن و كوشتن و راوەدوونان و لەناوبردنی نەیاران هەبوو ...
شاسوار هەرشەمی پاش تێپەڕبوونی ٣٧ ساڵ بەسەر ئەو رووداوە قێزەوەن و دزێوانەدا و پاش چەندین ساڵ  لە ژیان لە ئۆروپا دا  و خوێندن لە زانكۆكانی ئەوێ ، لە بری ئەوەی بە چاوێكی رەخنەگرانەوە سەیری رووداوە مێژووییەكانی ئەم سەردەمە بكات و بە پەڵەیەكی رەش و تاوان و پڕ شەرمەزاری  دابنێت بە نەوچاوانی ئەوانەی تاوانیان دژی مرڤایەتی ئەنجام  داوە ، شانازی بەوەوە دەكات ، لە بەرەی ئەوانەدا بووە ، كە دیلكوژ و ژنكوژ و بڕوایان بە دەنگی جیاواز و ئۆپۆزسیۆنی مەدەنیش نەبووە! ئەمە سیفەتی مرۆڤی ئەكادیمی و زانستكار نییە، پێیوابێت ، كات و رۆژگار لە ساڵی ١٩٨٥ راوەستاوە و بە ئاستەمیش جوڵەی تێنەكەوتووە. دیارە ئەو نازانێت چەندین  كتێب و لێكۆڵینەوەی زانستی لەسەر  رووداوەكانی ١٩٨٥ بڵاوكراوەتەوە :  زۆربەی سەرانی بەرەی دژ بە ( ئاڵای شۆڕش  ) پەشیمانیان دەربڕیوە و پێیانوابووە ، لێدانی ئەو جوڵانەوەیە  هەڵەیەكی مێژوویی زۆر قورس بووە  و نەدەبوو ، كێشەكان  بەو شێوەیە  چارەسەر  بكرێن.. شاسوار هەرشەمی  تازە بە تازە دەیەوێت ، داكۆكی لە بابەتێك بكات ، كە كەس لە كوردستانی ئەمڕۆدا رەوایەتی  پێ نابەخشێت ..

٣- شاسوار هەرشەمی  دەنووسێت ( مەلا بەختیار  كەسێكی گەلێر نەبووە ..)  كابرایەكی  دابڕاوی ناكۆمەڵایەتی بووە ، گوایە: سەركردەیەك بووە، لە دەرەوەی رووداوەكان دا ژیاوە ،كەس نەیناسیوە و لە ناو جەماوەردا نەبووە ..
پێشەكی : مەلا بەختیار  پێویستی بە هەڵمەت و داكۆكی من نییە و خۆی ئەگەر بیەوێت دەتوانێت وڵام بداتەوە و دووسێ بەرگیش لەسەر رووداوەكان بنووسێت ..

پاش نسكۆی ١٩٧٥ و گرتن و  راوەدوونانی سەركردە و كادرانی كۆمەڵە ، بە شایەتی شەهید ئارام وئازاد هەورامی و مامۆستا موحسین عەلی ئەكبەر  و مامۆستا  جەعفەر  و دەیان ئەندام و كادری كۆمەڵە : مەلا بەختیار یەكێك بوو لە دینەمۆ سەرەكییەكانی رێكخستنەوەی رێكخستنە هەڵتەكێنراوەكانی كۆمەڵە و یەكێتی . راستە شەهید ئارام  رابەری سیاسی و فیكری  كۆمەڵە  بوو ، بەڵام چەك و پارە پەیداكردن  و دروستكردنی  دەستە چەكدارەكان پشكی سەرەكی لەسەر شانی مەلا بەختیار  بوو..
پاش تێكشكانی حەملەی هەكاری ( حوزەیرانی ساڵی ١٩٧٨ ) رەوانشاد نەوشیروان مستەفا  لە بەردەم مام جەلال  و مامۆستا جەعفەر و ژمارەیەك كادر و پێشمەرگە گوتبووی : ( ئەگەر ئێمەو هەموو سەركردەكانی  یەكێتیش شەهید  بكرێین ، مەلا بەختیار  بە تەنیا  بمێنێتەوە ، درێژە بە شۆڕش  دەدات و رێگە نادات ئەم جوڵانەوەیە دابمركێتەوە..) بڕوانە: كتێبی (  بە خەونی گەورەوە كەوتینە رێ) 
٤- لە سێ كۆنفرانسی كۆمەڵەدا مەلا بەختیار  بە دەنگی خۆی دەرچووە ، سەرەڕای ئەو هەموو پیلانگێڕی و پاشقول لێگرتنەی لێی كراوە..  كەسێك ئەوەندە ناجەماوەری و گۆشەگیر و دابڕاوە بێت چۆن توانیویەتی لە سێ كۆنفرانسی كۆمەڵە  هەڵبژێردرێت و لە كۆنگرەكانی یەكێتیش بەهەمان شێوە .
من ناڵێم : مەلا بەختیار  سەرەتای شۆڕش كەسایەتی  ژمارە دوو  یان سێ بووە ، بەڵام ئەو ژمارەیەكی بەرچاو بووە و سەركردایەتی و هێزی پێشمەرگەش ئەو راستیەیان لە بەر چاو گرتووە..
دوا قسەی  من بۆ كاك  شاسوار ئەوەیە ، مرۆڤ  چەند  رێزی خۆی و خەڵك  بگرێت  ئەوەندە  قازانج  دەكات  ومێژووش ئەحكامی خۆی هەیە و رەحم بە كەس ناكات...