خۆپیشاندانەكانی عێراق‌و گۆڕینی هاوكێشەكان

کوردستان 30/07/2022


بەشی توێژینەوە
چوارشەممەی رابوردوو، ئەوەی پێچەوانەی خۆشباوەڕەكان، دوای كشانەوەی رەوتی سەدر لە پەرلەمان پێشبینی كرا.. بە دەستپێكردنی خۆپیشاندان، كە بەرەو راپەڕین ئاڕاستەدەكرێ‌، هاتەدی. ئەمڕۆش (30/7/2022) هەڵمەتی دووەمی خۆپیشاندانەكە، بە تەوژمتر دەستیپێكرد. بەم دەستپێكردنەوەیە، ئیتر بڕیاری چوارچێوەی هەماهەنگی.. بۆ دانانی سەرۆك وەزیران، گۆڕانكاری قوڵی بەسەردا دێت.
دەركەوت، كۆی پرۆسە سیاسیەكە، لەدوای دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، خواروخێچ بوو:
-كورد، لیستی هاوبەشی نەبوو. هێزەكان بەجیا چونە بەغدادو یەكێتی‌و پارتی بەجیاش رێكەوتن.
-شیعە، لەناو خۆیاندا خراپتر لە كورد تێكچوون.
-سوننە، ریسكیان بە سەنگی خۆیان نەكرد.
-رای گشتی، باوەڕی بە هێزە سیاسیەكان لاواز بووەو هەڵگەڕانەوە سەریهەڵداوە.
-دەستوەردانە ئیقلیمیەكان، یەكلاكەرەوە نەبوون.
-ئەمریكاو رۆژئاوا.. نەكەوتنە ناو گێژاوی كێشمەكێشەكان.
كە سەدریەكان كشانەوە، هەفتەیەك چوارچێوەی هەماهەنگی مەستی سەركەوتن بوون. بە پەلەپەل، شوێنی پەرلەمانتارە كشاوەكانیان پڕكردەوە، بەئومێدی ئەوەی بتوانن زوو، سەرۆك كۆمارو سەرۆكی وەزیران هەڵبژێرن. بەڵام ئەقڵمەندەكانی ناو چوارچێوە، دەركی مەترسیەكانی تێپەڕاندنی سەرۆكەكانیان لەدوای كشانەوەی سەدریەكان، كردبوو. بۆیە چوارچێوەكان دوو چێوەیان لێبوەوە.. حەكیم‌و عەبادی، پاشان هادی عامریش. سەرەنجام مالكیش ناچار كرا بكشێتەوە. سەرەنجام (سودانی)یان كاندید كرد. ئەمەش گڕی بەردایە دۆخی عێراق!! باڵی هەڵۆی چوارچێوە، بەپەلە بوو، هەلەكە بقۆزێتەوە. بەڵام شكستی خوارد!!
دوێنێ‌ بە یادی رۆژی یەكی موحەرەم، (بیت الحكمە) و حەكیم نمایشێكی سیاسی توندڕەوانەیان نواند.. بەڵام بەنزینی بە پوش‌و پەڵاشی رقی سەدریەكاندا رژاند.
خۆپیشاندانی یەكەم.. چوارچێوەی هەماهەنگی پاشەكشە پێكرد. خۆپیشاندانی ئەمڕۆش، چوارچێوەی خستە دۆخی بەرگری نەگەتیفەوە.. دوور نییە، ئاڵای سپیش بەرزبكەنەوە! ئەگەر وا نەكەن، خۆپیشاندانەكە پەل دەكوتێ‌ بۆ راپەڕین‌و پێكدادانی چەكدارانەش.. سەرەنجام  خوێن رێچكە دەبەستێ‌.. بەرەو روباری خوێن!
هێزەكانی چوارچێوە، لەبەردەم دۆخێكی ترسناكدان. یان تێكدەشكێن.. یاخود سیاسەتیان دەبێ‌ بگۆڕن.
دۆستە ئیقلیمیەكەی چوارچێوەی هەماهەنگی، تا بتوانێ‌ رێگەنادات دۆخی عێراق بگاتە ترازانی یەكجارەكی. بۆیە ئەم دۆستە ئیقلیمیەی شیعەكان، لەمڕۆ بەدواوە تێدەگەن، سیاسەتی لەمەوبەری هێزەكانی چوارچێوە، گەیشتە بنبەست. ئیتر ناچار دەبن، سەراپا سیاسەتەكە بگۆڕن‌و ریزبەندیەكانی نوێ‌ لەناو هێزە شیعەكاندا.. بە گۆڕانكاری سەرجەم پۆستەكانیش، بەدی بهێنن. كورتیەكەی.. دابەشبونی ئێستای شیعەكان، لەناو شیعەكان‌و دەرەوەی شیعەكانیشدا، بەكوردستانیشەوە، لەدوای ئەم خۆپیشاندانانەوە، سەرلەنوێ رێكەوتنی نوێ‌ دێنێتە ئاراوە. ئەمەش لۆژیكی روداوەكانە.. نەك دەستبەرداربوون.. عێراق بەرەو هەڵدێر، هەڵبدێرێ‌!!!