بازرگانی دین

کوردستان 29/07/2022

 

قسەیەک لەسەر تەشهیر و بوختانەکانی مەلا مەزهەر
نوسینی: شێخ سەروەر بەرزنجی

دوای ئەوەی ھێرش کرایە سەر ھاوڵاتیەکی کوردی ھاوزمانمان لەلایەن گرووپێکی چەکداری حەشدی شەعبیەوە، نووسەرو سیاسەتمەداری گەورەی کورد ھەڤاڵ مەلا بەختیار، لەڕووانگەی نیشتیمان پەروەریەوە بابەتێکی تەواو بەرپرسیارانەی بڵاوکردەوە لەسەر ئەو کارە ناڕەوایەی دەرھەق بە ھاوڵاتیەکی کاکەیی کورد کراوە،

ھەڤاڵ مەلا بەختیار لەبابەتەکەیدا ھیچ تەشھیرێکی بەکەس نەکردووەو تەنیا بابەتێکی واقیعی نووسیووە،بەڵام کەسێکی وەک مەلا مەزھەر کەخۆی لەژێر پەردەی دینی ئیسلام شاردۆتەوەو وەک بانگخوازو دین دارێکی عەیار ٢٤ خۆی بەکۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەناسێنێ، دوور لە ھەموو بەھاکانی دین و نیشتیمان پەروەری بەزمانێکی زۆر بازاڕی کە زمانی ڕەسمی خۆیەتی بابەتێکی تەواو تەشھیرو ناڕەوای دژی ھەڤاڵ مەلا بەختیار نووسیوە، لەبابەتەکەی بەڕێز مەلا بەختیار ئاماژە بەوەکراوە ئەوانەی بوونە داعش ھەموویان موسوڵمانی توندڕەو بوون ئەمەش ڕاستیەکی حاشا ھەڵنەگرەو دەیان مامۆستای ئاینی لەوتارەکانیان ئاماژەیان بەھامان قسەی ھەڤاڵ مەلا بەختیار داوەو ئەمەش ھیچ سووکایەتیەکی بۆ دین تێدا نیە،

لەدینی ئیسلام کەخودی کەسانی وەک مەلا مەزھەر ھەمیشە باسی دەکەن تۆمەت درووست کردن و بوختان تاوانێکی گەورەیە،لە ھیچ جێگەیەک ھەڤاڵ مەلا بەختیار سووکایەتی بەدینی ئیسلام و ھیچ ئاینێکی تر نەکردووە لە ھەموو دیبەیت و کۆڕو سیمینارەکانی ھەمیشە ئەکادیمیانە قسەی کردووەو ھەوڵی داوە ڕووی ڕاستەقینەی ڕووداوەکان بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ڕوون کاتەوە،

تۆمەتبار کردنی ھەڤاڵ مەلا بەختیار لەلایەن کەسێکی بەناو زانای ئاینی بە دزی و داگیرکاری پێچەوانەی ھەموو بنەماکانی دینی پیرۆزی ئیسلامە،ئاین و ھاوشێوەکانی مەلا مەزھەر ھەمووکات پەیامی ئەوەیان داوە کەدەبێت بۆ ھەر تۆمەتێکی ناڕەوا چەن شاھیدێک ھەبێت بۆ سەلماندنی ئەو تۆمەتەی ئاڕاستەی بەرامبەر دەکرێت و ئەگەر ئەمە نەسەلمێ،ئەوەی کراوە بەبووختان ھەژمار دەکرێت و سزای بوختانکەریش مەلا مەزھەر زۆر باش دەی زانێت.

مەلا مەزھەر کە کۆمەڵێ ووشەی زۆر ناشیاو دوور لە ئادابی دینی پیرۆزی ئیسلامی ئاڕاستەی ھەڤاڵ مەلا بەختیار کردووە،کە بەڕاستی شیاوی باس کردن نین، ئەمە گوومان دەخانە سەر کەسێک کە خۆی بەجێنشین و ھەڵگری پەیامی پێخەمبەر د.خ بزانێت، ئێمە ھەمیشە وامان زانیوەو واش باس کراوە کە پێخەمبەر د.خ کەسێکی میان ڕەو زۆر بە ئەدەب بوو لەرووی زمانەوانی و وەڵام دانەوەی کەسانی بەرامبەری،بەڵام ئەمڕۆ کەسانی وەک مەلا مەزھەر ھەموو بەھا پیرۆزەکانی ئیسلامیان تێ پەڕاندووەو ھێرش دەکەنە سەر ھەموو کەسایەتیەکان و بەزمانێکی زۆر دوور لەبەھاکانی دین کەسەکان دەشکێنن،

مەلا مەزھەر پرسیارێک ئاڕاستەی ھەڤاڵ مەلا بەختیار دەکات کەبۆچی نەمردووە لەشاخ؟ دیارە لەمەشا کەوتۆتە ھەڵەیەکی گەورەوە، ھەرخودی مەلا مەزھەرو ھاو ئاوازەکانی دەڵێن تاخوا گیانی بەندەکانی نەکێشێ کەس گیانی لەجەستە دەرناچێت، دیارە مەلا مەزھەر بڕوای بەوە نیە؟
دیارە ھەڤاڵ مەلا بەختیار بەژداری دەیان داستانی کردووەو دەیان ساڵ بە قەتپاڵی چیاکانی کوردستانەوە بووەو بەرگەی سەرماو گەرمای سەختی ڕۆژانی خەباتی گرتووەو ھیچ کاتێکیش ھەڵ نەھاتووە لەبەر پرسیارەتی و گیان فیدایی
بێ گوومان ئەگەر خواش ڕۆژی ھەڤاڵ مەلا بەختیاری تەواوکرد گیانی ئەویش وەک گیانی مرۆڤایەتیەو ھیچ کات ئینکاری لە مردن نەکردووە،

پێویست بوو مەلا مەزھەرو ھاو ئاوازەکانی زۆر تووند لەسەر سووکایەتی بەھاو زمانەکەی خۆیان وەجواب ھاتبانوو ئەوەی دەرھەقی کراوە ئیدانەی کربا،نەک لەبەرئەوەی تەنیا ووشەی کاکەییان لەپاڵە، زمانیان نوتقی گرتووە،بەڵام بۆ فەڵەستینیەک و ئەفغانیەک و مالیزیەک وتاری یەک کاژێری تەرخان دەکەن،

لای ھەمووان ڕوونە ھەڤاڵ مەلا بەختیار لە مێژووی ئیسلام وە لە مێژووی گەلانی ناوچەکەو جیھانیش زۆر شارەزاترە لەکەسانی وەک مەلا مەزھەر کە جگە لەزمانی بازاڕی و جنێودان و تەشھیر کردن و شکاندنی خەڵک ھیچ زمانێکی تر نازانن،مێژووی ژیانی ھەڤاڵ مەلا بەختیاریش زۆر پاکترو گەشاوەترە لەوانەی ھێرشی ناڕەوای دەکەنە سەر،

شێخ سەروەر بەرزنجی
کادیری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان⁄قەزای حاجیاوا