لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی چی لەبارەی تورکیاوە وترا؟

عێراق 27/07/2022


چاودێر – ڕاپۆرت
درەنگانی دوێنێ شەو، ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی لەسەر تۆپبارانەکەی تورکیا بۆ ناوچە گەشتیارییەکەی سنووری زاخۆ کۆبووەوە و نوێنەری بەشیک لە وڵاتان ئیدانەی ئەو کارەی تورکیایان کرد و نوێنەری عێراقیش لە دانیشتنەکەدا داوای چوونەدەرەوەی سوپای تورکیای کرد لە خاکی عێراق.
فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند: هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ئەو ناوچانە بەبێ ئاگادارکردنەوەی عێراق بووە و ئەو لێدوانانەی دەیدەن تەنها بۆ میدیاکانە.
وەزیری دەرەوەی عێراق ڕاشیگەیاند: ئەوەی تورکیا سەبارەت بە لێکۆڵینەوە لە هێرشەکان باسی لێ وەدەکات ئێمە تەنها لە میدیاکان گوێمان لێ بووە و تورکیا بە هیچ شێوەیەکی بە فەرمی داوای بەشداریکردنی لە لێکۆڵینەوەی هێرشەکەی پەرخ نەکردووە.
وتیشی: "٢٦٠ داواکاری ڕاگرتنی هێرشەکانمان داوەتە تورکیا، بەڵام هێرشەکانی بە بیانووی بێبنەما و پرسێکی ناوخۆیی وڵاتەکەی گرێ داوە. عێراق پەیوەست دەبێت بە گرتنەبەری ڕێکارەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە و دووبارە نەبوونەوەیان. مامەڵەکانی تورکیا دوژمنکارییە بەرامبەر خاک و سەروەری و هاووڵاتییانی عێراقی."
ناوبراو زیاتر قسەی کرد و ڕایگەیاند: دەستتێوەردانی تورکیا و ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ پەکەکە، کارێکی نایاساییە، چونکە یەک ناگرێتەوە لەگەڵ ڕێککەوتنی هەردوو وڵات کە نابێت تورکیا سنووری عێراق ببەزێنێت، بەڵام ئێستا تورکیا لە خاکی عێراقدایە بە بیانووی ڕووبەڕووبوونەوەی پەکەکە.
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی لە دوای هێرشەکەی هەفتەی ڕابردووی تورکیا هات، بۆ گوندی پەرخ لە سنووری قەزای زاخۆ کە بووە هۆی شەهید بوونی ٩ کەس و برینداربوونی ٢٦ کەسی تر.
لە کۆبوونەوەکەدا جنین بلاسخارت، نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق ڕایگەیاند، هێرشەکانی دهۆک بێباکییەکی شۆکهێنەرە بۆ گیانی خەڵکی مەدەنی و لە هێرشەکەدا پاراستنی گیانی هاووڵاتییان ڕەچاو نەکراوە.
وتیشی: "عێراق ئەم کێشەیەی هێناوەتە ئەنجوومەنی ئاساییش، ئەوان داوای کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە وڵاتەکەیان دەکەن. عێراق ڕەتی دەکاتەوە خاکەکەی وەک گۆڕەپانێک بۆ ململانێ دەرەکی و هەرێمییەکان سەیر بکرێت، کە وڵاتانی دراوسێ یان هەر لایەنێکی دیکە، پێشێلی سەروەری و یەکپارچەیی خاکەکەی بکەن."
بە گرنگیشی زانی، هێرشەکان بۆ سەر خاکی عێراق بووەستێن، چونكە ئەم پێشێلکارییانە گرژییە نێوخۆیی و هەرێمییەکان زیاد دەکەن و دەبنە هۆکاری ڕووداوی مرۆیی گەورە.
بە پێی ئاماری وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لەناو خاکی هەرێم ١٠٠ بنکەی سەربازی و ٤ هەزار سەربازی تورکیا بوونیان هەیە.
ئەو وڵاتانەی لە کۆبوونەوەکەدا سەرکۆنەی هێرشەکەی تورکیایان کرد، بریتی بوون لە: "بەریتانیا، فەڕەنسا، ڕوسیا، چین، هیندستان، ئیمارات، مەکسیک، گانا، ئێرلەندا، نەرویج، گابوون، ئەلبانیا، بەڕازیل و کینیا."
نوێنەری تورکیا کە ئامادەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە بوو، ئاماژەی بەوە دا عێراق سەربەخۆیی خۆی پێ ناپارێزرێت.
ئونجو کێچەلی، نوێنەری تورکیا لە ئەنجوومەنی ئاسایش وتی: "تورکیا دەیەوێت حکومەتێکی بەهێز لە عێراق پێک بهێندرێت و لە لایەن ئەو کەسانەوە بەڕێوە ببرێت، کە بەرژەوەندیی وڵاتەکە لەبەرچاو دەگرن، نەک بەرژەوەندیی خۆیان، بەڵام هەندێک لە دەسەڵاتدارانی عێراق دەیانەوێت خەڵک لە دژی تورکیا هان بدەن، ئەوەش یارییەکەی زۆر مەترسیدارە."
نوێنەری تورکیا لە ئەنجوومەنی ئاسایش ئەوەشی وت، کە ئامادەی لێکۆڵینەوەن لەبارەی تۆپبارانەکەی زاخۆ لەگەڵ عێراق و ئەوان پاڵپشتیی خۆیان بۆ سەروەری و خۆشگوزەرانیی عێراق دووبارە دەکەینەوە.