کاندیدی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق کێیە؟ چۆن بیر لە کورد دەکاتەوە؟

کوردستان 27/07/2022


چاودێر - ڕاپۆرت
لە پێشهاتێکی نوێدا، چوارچێوەی هەماهەنگی ناوی محەمەد شیاع سوودانی، وەک کاندیدی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕاگەیاند. ئەوە لە کاتێکدا زیاتر لە نۆ مانگە هەڵبژاردن لە عێراق ئەنجام دراوە و تا ئێستاش بەهۆی ئاڵۆزی و ململانێ سیاسییەکانی عێراقەوە ئاسۆی پیكهێنانی حکومەتی عێراق دیار نییە.
محەمەد شیاع سوودانی، ساڵی ١٩٧٠ لە پارێزگای میسان لە دایک بووە. هەوسەرگیریی کردووە و چوار کوڕی هەیە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە کشتوکاڵدا هەیە و ماستەری لە بەڕێوەبردنی پڕۆژەکاندا هەیە. ئەو ئێستا ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە و ئەمینداری ڕەوتی ئەلفەڕاتینە.
محەمەد شیاع تەمەنی دە ساڵ بووە، کاتێک پێنج ئەندامی خێزانەکەی لە لایەن حزبی بەعسەوە و لە ساڵی ١٩٨٠ بە تۆمەتی ئەندامبوونیان لە حزبی دەعوە دەستگیر دەکرێن و لەسێدارە دەدرێن.
لە ساڵی ١٩٩٧ تا ٢٠١٦، ١٦ پۆست و بەرپرسیارێتیی جیاوازی لە حکومەتی عێراقدا وەرگرتووە، کە لە ناویاندا پێنج جار بە وەکالەت بووە بە وەزیر.
محەمەد شیاع لە دەستەی دووەمی سەرکردە دیارەکانی پێکهاتەی شیعەیە لە عێراق، کە وا ناوبانگی دەرکردووە دوای وەرگرتنی ١٦ بەرپرسیارێتی و پۆست، دۆسییەکەی پاکە و لە هیچ کەیسێکی گەندەڵی تێوە نەگلاوە.
ساڵی ٢٠١٩ و لە گەرمەی خۆپیشاندانەکانی بەغدادا جارێکی تر ناوی بۆ سەرۆکوەزیران هێندراوە، بەڵام لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە ڕەت کرایەوە، چونکە وتیان ئەو ئەندامی حزبی دەعوەیە و ئەو حزبەش هۆکاری قەیرانەکانی ١٥ ساڵی ڕابردووی عێراقە.
هەروەها ڕەوتی سەدر، کە موقتەدا سەدر سەرۆکایەتیی دەکات، ناوبراویان بۆ ئەو پۆستە ڕەت کردووەتەوە.
هەتا ئێستا نازاندرێت ئاخۆ محەمەد شیاع دەبێت بە سەرۆکوەزیران یان نا، چونکە ئاڵۆزی و ململانێ سیاسییەکان لە عێراق بە جۆرێکن، ڕێککەوتن و بڕیاردان زۆر قورس بووە.
ئایا محەمەد شیاع کەسێکی چۆنە و چۆن لە کورد دەڕوانێت؟
بە بڕوای مەشخەڵ کەوڵۆسی، شرۆڤەکار و شارەزای کاروباری سیاسیی عێراق، لەسەر دەستی محەمەد شیاع سودانی، ڕۆژە ڕەش و قەترانییەکانی کورد دەست پێ دەکەن. ئەو پێی وایە، ئەوەی زەعیم سدیق و سەدام و عەبادی و مالیکی و کازمی نەیانتوانی بیکەن، ئەم دەعبا تازەیە بە زیادەوە دەیکات.
دەشڵێت: "ئەم کابرایە تائیفی و شۆڤێنییە و نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی عێراق دەکات وەک هێزێکی داگیرکەر لە کوردستان، تاکە کاری ئەوە دەبێت کورد بگەڕێنێتەوە بۆ پێش ڕاپەڕین. وەک چۆن کاتێ ئافرەتێک لە ماڵی مێردەکەی زیز دەبێت، عەقڵی عەرەبی دەڵێت: دەیگەڕێنینەوە بۆ بەیتی تاعە. ئاوا سودانی دەیەوێت کورد بگەڕێنێتەوە بۆ بەیتی تاعە."
هەر دەربارەی ئەو بۆجوونی جیاوازتریش هەیە و وا باس دەکرێت محەمەد شیاع خەون و دونیابینی جوانی بۆ ئاییندەی عێراق هەیە.
عادل باخەوان، سۆسیۆلۆژیست، هاوکات شرۆڤەکاری بەردەوامی بارودۆخە سیاسییە جیاوازەکانی عێراق دەڵێت، لەگەڵ محەمەد شیاع قسەی کردووە و ناڕازی بووە لە سیستمی سیاسی، لە گەندەڵی، لە لاوازیی عێراق، لە بێمتمانەیی کۆمەڵگە.
کاتێکیش عادل باخەوان پێی دەڵێت عێراق لەسەر لەپی شەیتانە و لە پشت و پێش و لاتەنیشتەکانیش شەیتان هەین، کاندیدەکەی سەرۆکوەزیران پێی دەڵێت: "لەناو سیستمەکەدا دەمەوێ گۆڕانکاری بکەم و دنیایەکی جوانتر دروست بکەم. دەمەوێت عێراق لە دەست شەیتانەکان بێنمە دەرەوە. هەوڵ دەدەم ڕێگایەک بدۆزمەوە بۆ ئەوەی لێیان دەرباز ببم و ئەوەی مومکینە بیکەم."