کۆمەڵی دادگەری و رێکخراوی بەدر پەیوەندیەکانیان بەهێز دەکەن

عێراق 26/07/2022

راگەیاندنی کۆمەڵی دادگەری بڵاویکردۆتەوە:
ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ مامۆستا عه‌لی باپیر سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان هاوڕێ له‌گه‌ڵ وه‌فدێكی یاوه‌ریی له‌به‌غدای پایته‌خت سه‌ردانی هادی عامری سەرۆکی رێکخراوی بەدری كرد.‎
سەرەتا هادی عامری خۆشحاڵیی خۆی نیشاندا بۆسەردانی وه‌فده‌كه‌ی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی ڕۆڵی کۆمەڵ‌و مامۆستا علی باپیری له‌گۆڕه‌پان‌و پڕۆسەی سیاسیی عێڕاق به‌رز نرخاند.
لە کۆبوونەوەکەدا باسی دوا پەرەسەندنەکانی پڕۆسەی سیاسیی عێڕاق به‌گشتیی کراو گفتوگۆی ڕاشکانەوە کرا لەسەر دیاریی کردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران‌و ئەگەرەکانی پێکهێنانی حکوومەت‌و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی دامەزراوە سیاسییەکان.
هەردوولا بە پێویستیان زانیی چیدیكه‌ پڕۆسەی پێکهێنان‌و سەرپێ خستنی حکوومەت‌و دامەزراوەکان دوانەخرێت‌و لایەنەکان لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیی، ئه‌م چەقبەستووی‌و بارودۆخه‌ ناهه‌مواره‌ی سیاسیی له‌عێڕاق کۆتایی پێ بیێنن. ‎
هاوکات باس لەپتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەدوولا کراو خاڵە هاوبەشەکان وەک بنەمای پەیوەندیی سیاسیی داهاتوو ڕەچاو بکرێت‌و لەوچوارچێوەیەدا هەماهەنگیی زیاتر بوونی هەبێ.