قەیرانی نەبوونی غاز بەرۆكی ئەوروپا دەگرێت، زستانێكی سەخت بەڕێوەیە

جیهان 19/07/2022


ئا/ رەمەزان شێخانی
فاتیح بیرۆل بەریوەبەری جێبەجێكاری ئاژانسی ووزەی نێودەوڵەتی هۆشداری دا وڵاتانی ئەوروپا رووبەروی كارەساتێكی گەورە دەبنەوە ئەگەر سەركەوتوو نەبێت لەدەستەبەر كردنی جێگەرەوە بۆ غازی شلی رووسی بەر لە دەستپێكردنی وەرزی زستان، تەئكیدیشی كردەوە هەوڵەكان تائێستا هیچ بەرهەمێكی نەبوە.
بیرۆل ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: ناكرێت پشت بە سەرچاوەكانی غازی دیكە ببەسترێت جگە لە غازی رووسیا.
راشیگەیاند: قەیرانی بێ غازی بەردەوام دەبێت تەنانەت ئەگەر غاز لە نەرویج و ئازەربایجانەوە هاوردە بكرێت و هاوردە كردنی غاز لە باكووری ئەفەریقا هاوشێوەی ئاستی ساڵی رابردوو بێت و بەرهەم هێنانی غازی ناوخۆش لە ئاستی نیوەی یەكەمی ئەم ساڵدا بێت.
حوسێن خزر سیاسەتمەداری ئەڵمانیا لە لێدوانێكیدا بۆ سكای نیوز رایگەیاند:قەیرانی كورتهێنانی غاز لە ئەوروپا قەیرانێكی مێژووی و مەترسیدارە ،پێویستە وڵاتانی ئەوروپا زۆر بەجددی و خێرا كار بكەن بەمەبەستی بەدەستهێنان و دەستەبەر كردنی غازی پێویست بەر لە دەستپێكردنی وەرزی زستان.
ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی ئاماژەی بۆ ئەوە كردوە پێویستە وڵاتانی ئەوروپا لەم چەند مانگەدا بەرێژەی 90% غاز عەممبار بكەن تا بتوانن وەرزی زستان بەرێبكەن.
كۆمپانیا یونیبیری ئەڵمانی كە گەورەترین كۆمپانیای هاوردە كردنی غازە لە رووسیا بڵاویكردوەتەوە كۆمپانیای غاز پرۆمی رووسی پێیان راگەیاندوە كورتهێنانی هەناردە كردنی ئەو بڕە غازەی لەگەڵ كۆمپانیا ئەڵمانیەكە لەسەری رێككەوتن لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئەماندایە.
پێشتر ئەڵمانیا 65% غازی سرووشتی لە رووسیا هاوردە دەكرد بەڵام لە ئێستادا رێژەكە بۆ كەمتر لە 40% دابەزیوە.
ساڵی رابردوو ئەڵمانیا 53% خەڵوزیان لە رووسیا هاوردە دەكرد ، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی گەمارۆكانی یەكێتی ئەوروپا لەسەر هاوردە كردنی خەڵوز لە رووسیا رێژەی هاوردە كردن بۆ سفر% دابەزیوە.