ئەمریکا پێویستی بە یارمەتی سعودیە هەیە

جیهان 14/07/2022

سیروان کەریم گەڵاڵی
لەسویدیەوە وەریگێڕاوە

ئاندرس پێرسۆن مامۆستای زانستی سیاسی دەڵێ، ئێستا ئەمریکا پێویستی بە یارمەتی سعودییەکانە بۆ ئەوەی شەڕێکی ساردی دیکە لە دژی ڕووسیا و چین بباتەوە. هەر بۆیە کاتێک جۆ بایدن گەشت  بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، ریاڵپۆلیتیک  زاڵ دەبێت بەسەر مافەکانی مرۆڤدا.
 
کاتێک جۆ بایدن یەکەم گەشتی خۆی وەک سەرۆکی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام دەدات لەم هەفتەیەدا سێ پرسی گەورە لە بەرنامەی کاردان. ئایا پێشوازی لە محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە دەکرێتەوە بۆ ناو مەحفەلی سیاسی؟ ئایا هیچ جۆرە ئاساییکردنەوەیەک لە نێوان سعودیە و ئیسرائیلدا ڕوودەدات؟ 
 ئایا ئەو گەشتە  دەبیتە هۆی  بەرزبوونەوەی پشتیوانی بۆ بایدن  پێش هەڵبژاردنەکان کە بەمزوانە دەکرێت و زۆریش پێویستی
پێیەتی ؟                              
 
چاودێرانی سیاسەتی دەرەوە چاویان  لەسەر سعودیە لە هەفتەی داهاتوودا پێش یەکەم گەشتی جۆ بایدن بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو وڵاتەی کە لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی 2019 بە قێزەون  ناوی بردووە، لە هەمان وتاردا بایدن رایگەیاندووە، سعودیە ناچار دەکات "باجەکەی بدات". " بۆ تیرۆرکردنی جەمال خاشقچی ڕەخنە لە ڕژێمی سعودیە دەگرێت، کوشتنێک کە بەپێی زانیارییەکانی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا بە شێوەیەکی شەخسی لەلایەن شازادەی جێنشینی بەهێزی سعوودیە محەمەد بن سەلمانەوە فەرمانی    )MBS  دراوە، کە لە ڕۆژئاوا بەوە ناسراوە.                                                                                                               
لەم گێژاوە سیاسیەی جیهاندا، ئەوە بایدنە کە دەبێت باجی تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا و چین و گرانیی وزە و خۆراک و هەڵاوسانی بەربڵاو بدات، ئەویش بە ناچارکردنی بە شێوەیەکی زەلیلانە بە لە باوەش گرتنی سعودیە، یان وەکو رەخنەگرانی ئەمریکا دەڵێن بەگوێرەی دەربرینێکی ئەمریکی "ماچکردنی ئەڵقەکانی" ستەمکارەکان .                                               .
 
سكرتێری رۆژنامەوانی بایدن پشتڕاستیکردەوە كە سەرۆك كۆمار لەگەڵی  كۆدەبێتەوە، بۆیە پرسیارەكە ئەوە نییە تا چەند و بە چ شێوەیەك پێشوازی لە شازادەی جێنشین دەكرێتەوە بۆ ناو مەحفەلەکە. بۆیە ئەمە شایەنی ئەوەیە چاومان لەسەر ئەوە بێت کە :
ئایا بایدن بەتەنها چاوی بە شازادە دەکەوێت؟ 
ئایا لە کۆبوونەوەکەیاندا وێنە بڵاودەکرێتەوە و دوای ئەوە چی لەبارەی یەکترەوە دەڵێن؟
بەهەرحاڵ، لە ئامێزگرتنی سعودیە لە لایەن بایدنەوە نموونەیەکی ڕوونە کە چۆن زۆرجار ڕیالیزم لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بەسەر ئایدیالیزمدا زاڵە و چۆن ڕیالپۆلیتیک لە مافەکانی مرۆڤ دەباتەوە. دۆخەکە لۆژیکی جەنگی سارد دەهێنێتەوە یاد کاتێک ئەمریکا و ئەوروپا پاڵپشتی دیکتاتۆرە جۆراوجۆرەکانیان دەکرد لە سەرانسەری جیهان بەپێی ئەو بنەمایە کە دەڵێ "ڕەنگە خوێڕی بێت، بەڵام  خوێڕی خۆمانە" 1. لە ڕاستیدا ئێستا شارەزایانی سیاسی وەک ئیان برێمەر لە گروپی ئۆراسیا بە ئاشکرا دەڵێن کە ئەمریکا لە شەڕێکی ساردی نوێدایە لەگەڵ ڕووسیا و چین. لە دوایین جەنگی سارددا، نەوتی هەرزان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، لەگەڵ گەرەنتی ئاسایشی ئەمریکا، دوو لە گرنگترین هۆکارەکانی پشت بنیاتنانی ئەوروپا و ژاپۆن بوون لە دوای جەنگی جیهانی دووەم. لە جەنگی ساردی نوێدا نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگە بۆ هاوسەنگی و كۆنترۆڵكردنی هەردوو رووسیا و چین. ئەوروپا پێویستی بە نەوت و غازی زیاترە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ئەوەی پشتبەستنی بە ڕووسیا کەم بکاتەوە و لە ئەگەری ڕوودانی شەڕ لە داهاتوودا دژی چین، ئەمریکا بە وتەی زۆرێک لە شرۆڤەکارانی سەربازی هەوڵ دەدات  سەرچاوەی دابینکردنی نەوتی چین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببڕێت..
 
پرسێکی دیکەی گرنگ کە لە بەرنامەی کاردایە ئەوەیە کە ئایا گەشتەکەی بایدن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زەمینەسازی بۆ هەر جۆرە ئاساییکردنەوەی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئیسرائیل دەکات؟ بەپێی زانیاری رۆژنامەوانی  ئەمریكی و ئیسرائیل، ئیدارەی بایدن سەرقاڵی ئامادەكردنی نەخشە رێگایەکە کە هەنگاو بە هەنگاو پەیوەندی لەنێوان سعودیە و ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە، كە لەو حاڵەتەدا درێژەی رێككەوتنەكانی ئیبراهیمی دەبێت. ئیدارەی بایدن لە سەرەتادا ئامادە نەبوو زاراوەی "رێککەوتنەکانی ئەبراهام" بەکاربهێنێت، چونکە پەیوەندییەکی زۆر بەهێزی بە ئیدارەی ترەمپەوە هەبووە و لەلایەن زۆر کەسەوە وەک گرنگترین جێپەنجە سەیر دەکرێت کە ترەمپ لە سیاسەتی دەرەوەدا بەجێی هێشتووە. بەڵام لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا بایدن و هاوکارە نزیکەکانی بە تایبەتی ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوە دەستیان کردووە بە ستایشکردنی ئاشکرای ڕێککەوتنە ئیبراهیمییەکان و خواستی خۆیان دەربڕیوە بۆ قووڵکردنەوەی ئەو ڕێککەوتنانەی کە گەیشتوونەتە ئەنجام و هێنانی وڵاتانی زیاتر بۆ بەشداریکردنیان، بە تایبەت سعودیە.
 
تا ئێستا ڕێککەوتنە ئیبراهیمییەکان ئەنجامی تێکەڵاویان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدوای خۆیدا هێناوە: بازرگانی و گەشتیاری نێوان وڵاتان زیادی کردووە و وڵاتانی عەرەبی پەروەردە و ڕەچاوکردنی هۆلۆکۆستیان باشتر کردووە. هەموو ئەمانە باس لە جۆرێکی گەرمتر لە ئاشتی دەکەن لەوەی کە لە نێوان ئیسرائیل و میسر / ئوردن زاڵ بوو. بەڵام ڕێککەوتنە ئیبراهیمییەکان هاوپەیمانییەکی ڕژێمە سەرکوتکەرەکانیش لە جیهانی عەرەبیدا دروستکردووە کە ئێستا تەکنەلۆژیای ئەلیکترۆنی ئیسرائیل بەکاردەهێنن بۆ چەوساندنەوە و زیندانیکردنی ڕەخنەگرانی ڕژێم، لەوانە ئەوانەی دژایەتی ڕێککەوتننامە ئیبراهیمییەکان دەکەن. بەڕێکەوت هەمان تەکنەلۆژیای ئەلیکترۆنی ئیسرائیل (بەرنامەی سیخوڕی پێگاسۆسی NSO) لەلایەن سعودیەوە بۆ بەدواداچوون و تیرۆرکردنی خاشقچی بەکارهێنرا. بۆیە بەگشتی، باوەشی بێ ڕەخنەگرانەی ئیدارەی بایدن لە ڕێککەوتننامە ئیبراهیمییەکان، دەبێ وەک جۆرێک لە سەرکەوتنی ڕیاڵپۆلیتیک بەسەر یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی مرۆڤدا سەیر بکرێت.
 
لە کۆتاییدا، گەشتەکەی بایدن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگە بۆ ئەوەی پێش هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خولی داهاتوو و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆکایەتی، بۆ زیادکردنی پشتیوانی کە زۆر پێویستی پێیەتی. 
بایدن لەگەڵ دابەزینی ڕێژەی متمانەدا دەجەنگێت و دڵنیانیە  کە ئایا تەنانەت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا خۆی کاندید دەکات یان نا. 
سعودیە لە چەندین بۆنەدا یارمەتی ئەمریکای داوە لە دۆخە قەیراناوییەکاندا لە ماوەی زیاتر لە ٧٥ ساڵەدا کە ئەو دوو وڵاتە ئەو پەیوەندییەیان هەبووە کە  پێی دەوترێت "پەیوەندییەکی تایبەت". لە جەنگی کەنداو لە ساڵی 1991 سعودیە بنکە سەربازییەکانی بە کرێ داوە بە ئەمریکا بۆ دەرکردنی هێزەکانی سەدام حسێن لە کوێت. لە هەمان ڕۆژی هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەر لە ساڵی 2001دا، سعودیە توانای پاشەکەوتکردنی نەوتی  باسکراوی خۆی بەکارهێنا بۆ ئەوەی بە خێرایی بەرهەمی خۆی زیاد بکات و بەمەش ئابووری جیهان سەقامگیر بکات.
 بەڵام ڕەنگە گرنگترین یارمەتی کە سعودیە پێشکەشی ئەمریکای کردبێت، ئەو بڕیارەیە کە زۆر کەس نەیزانیوە ئەویش لە ١٣ی ئەیلولی ١٩٨٥دا  بۆ ئەوەی پێنج هێندە بەرهەمهێنانی نەوتی سعودیە زیاد بکات لە دوو بۆ دە بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بێت، ئەمەش بووە هۆی دابەزینی نرخی نەوت بۆ نزیکەی ٧٠ لەسەد بۆ یەک بەرمیل، کە لە ئەنجامدا بە توندی زیانی لە ئابووری پلان بۆ داڕێژراوی یەکێتی سۆڤیەت دا، کە نەیتوانی بەرگەی دابەزینی توندی نرخەکان بگرێت. دادوەرەکان لە تۆماس فریدمان، ستوونی ئەستێرەی نیویۆرک تایمزەوە تاوەکو یێگۆر گایدار سەرۆکوەزیرانی پێشووی ڕووسیا دەڵێن، دەتوانرێت ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت بگەڕێنیتەو بۆ ئەو ڕؤژە. بۆیە زیادەڕەوی نییە ئەگەر بڵێین سعودیە یارمەتی ئەمریکای داوە بۆ سەرکەوتنی لە جەنگی ساردی کۆن لە دژی یەکێتی سۆڤیەت. هەروەها زیادەڕەویش نییە کە بانگەشەی ئەوە بکرێت کە ئێستا بایدن جارێکی دیکە پێویستی بە یارمەتی سعوودییە بۆ سەرکەوتنی  لەجەنگی ساردی نوێ لە دژی ڕووسیا و چین.
 
*سەرچاوەی، ڕەنگە خوێڕیبێت، بەڵام خوێڕی خۆمانە ، دەگەڕێتەوە بۆ ئینگلیزیەکەی کەدەڵێت<   
‏He may be a son of a bitch, but he is our son of a bitch. گوایە سەرۆکی ئەمریکا ساڵی ١٩٣٩ وتوویەتی دەربارەی دیکتاتۆری یکاراگوا ، سۆمۆزا.
*ئاندرس پێرسۆن> مامۆستای زانستی سیاسیە و توێژەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە زانکۆی لینێ!