مەلا بەختیار پشتیوانی خۆی بۆ داواکانی مامۆستایانی وانەبێژ راگەیاند

کوردستان 26/06/2022


پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (26/6/2022) دەستەی نوێنەرایەتی مامۆستایانی وانەبێژ، سەردانی مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیییەکانی یەکێتی-یان کرد.
لەدیدارەکەدا، دەستەی نوێنەرایەتی مامۆستایانی وانەبێژ، ئاماژەیان بە ئامانجی سەردانەکەیان کردو وتیان: لەپێناو ئامانجی ئەو رێگە دوورەی کە دامەزراندنەو دەمانەوێ پێیبگەین، لەم دیدارەی بەڕێزتانەوە دەستمانپێکردووە، ئەمەش لەو روانگەیەوەی کە جەنابتان رەمزێکن، لە رەمزەکانی پرۆسەی سیاسی کوردستان، عیراق و ناوچەکە و هاوکات رونکردنەوەشیان لەبارەی چالاکییەکانیان لە هەولێرو کۆبوونەوەکانیان خستەڕوو و رایانگەیاند:
ئامانجی ئەم دیدارانەشمان گەیشتنە بە دامەزراندن، بەتایبەت کە دوو مانگی دیکە خوێندن دەستپێدەکاتەوە و دۆخی مامۆستایانی وانەبێژیش، کە ژمارەمان (30) هەزارو (456) مامۆستایە، لە دۆخێکی ناهەمواردایە! ئەمە لەکاتێکدا ساڵی پار ژمارەمان (21) هەزار مامۆستا بووم، بەدڵنیایشەوە ساڵێکی تر، ئەو ژمارەیە زۆرتر دەبێت!
بۆیە ئامانجمانە لە رێگەی ئەم دیدارەی جەنابتان و دیدارەکانی ترمانەوە، دەمانەوێ پشتیوانییەک بەدەستبهێنین کە مامۆستایانی وانەبێژ لەو دۆخەی هەیانە رزگار بکرێن، هەروەک چۆن لەکەرتەکانی تر دامەزراندن هەیە. بەڵام بەداخەوە بەبێ هیچ هۆکارێک تائێستا بۆ کەرتی پەروەردەو تەندروستی، دامەزراندن نەکراوەتەوە و ئەمەش خەمێکی گەورەی بۆ ئێمەی مامۆستایانی وانەبێژ دروستکردووە.
تەئکیدیشیان کردەوە، ئەم رێگە مەدەنییەشی گرتویانەتە بەر، لەخۆشەویستی نیشتمان و پەرۆشیانەوەیە هەم بۆ کەرتی پەروەردە، هەم بۆ تێپەڕاندنی دۆخی مامۆستایانی وانەبێژ.
لەلایەن خۆیشییەوە مەلا بەختیار، دەستخۆشی لێکردن، کە بەم رێگەی خەباتە مەدەنییە بۆ ئامانجەکانیان تێدەکۆشن و وتی:
ئەم خەباتە مەدەنییە دەگونجێ لەگەڵ ئەم دۆخەی پیایدا تێدەپەڕین، کە دۆخی گوزەری دیموکراسییە و هێشتا ئەو سیستمەی بونیادمان ناوە، وەک دیموکراسی، مافە مەدەنییەکان، وەک پەیمان بەستنی هاووڵاتی و دەسەڵات، هێشتا زۆری ماوە سەقامگیرببێت، کە بۆ خۆم پێیدەڵێم: هێشتا دیموکراسی لە تێستدایە! چونکە ئاواتەکانی دیموکراسیمان بەدەستنەهێناوە، چونکە ئەم دۆخەی گوزەری دیموکراسی گێرمەوکێشەی زۆرە. کە یەکێکیان قەیرانی ئابورییە، کە توشی کوردستان. عیراق و هەموو دونیا بووە.
مەترسیش زۆرە، ئەو قەیرانە زۆر زیاتر دەبێت لەوەی کە ئێستا هەیە! بەڕادەیەک ئەو قەیرانەی ئێستا هەیە، لە جەنگی دووەمی جیهاندا رووینەداوە.
ئەوەی ئێستا روودەدات، بەڵێ جەنگی جیهانییە، بەڵام بەمشێوەیەی خۆی کە ئێستا روودەدات! کە روسیا تەنیا چەکی ئەتۆمی ماوە بەکاریبهێنێت و شڵەژانێکی گەورە لە دنیادا دروستبووە.
وتیشی: بەشبەحاڵی خۆم ترسم هەیە، ئەم جەنگە ساڵێکی تر بخایەنێت! ئەگەر ئەمەش رووبدات، ئەوا دۆخی ئێستا پاشایەتی دەبێت لەچاو دۆخی ئەو ساڵەی جەنگەکەی تیایدا درێژە دەکێشێت! بەڵام جیاوازییەک کە هەیە، ئەوەیە وڵاتانی خاوەن نەوت دەتوانن قەرەبووی ئەو قەیرانە ئابوریی و خۆراکییە، بە نرخی نەوت بکەنەوە. سەرەڕای هەڵەی گرێبەستە نەوتییەکانی رابردوو، ئەم دۆخە بۆ کوردستان هەم نێگەتیڤە هەم پۆزەتیڤە!
لەبارەی دۆخی ئێستاشەوە، مەلا بەختیار، رایگەیاند: دۆخی کوردستان گرێدراوی پەیوەندییەکانی عیراقە، ئەمە لەکاتێکدا عیراق ناتوانێ چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشەکان بدۆزێتەوە. بۆیە هەمیشە چارەسەرە کاتییەکان ئەوپەڕی ساڵێک دەخایەنێت و پاشان وەکو خۆی لێدێتەوە و دۆخەکە دەتەقێتەوە، هەروەک یاری مارو پەیژە! چونکە ئەم وڵاتانە بێ کەلتوری دیموکراسی و بێ سیستەمی هاوچەرخ و بێ کەلتوری مۆدێرنەتەن، بێ کەلتوری مەدەنی و ئازادی و مافی ژنن. تەنانەت لە دەسەڵاتدارێتیدا، ئەم وڵاتە کە (١٠١) ساڵە دامەزراوە، کەلتوری چەندین حکومەتی شکستخواردووی هەیە، هەر لە حکومەتی مەلیکییەوە تا حکومەتی ئێستا، بەتایبەتی با لە دوای رووخانی بەعسەوە سەیر بکەین، کە ئایا تا ئێستا چیانکردووە؟ هەموو سێکتەرەکانی خزمەتگوزاریی وێرانەیە و پڕە لە گەندەڵی! چونکە هیچ کام لەو حکومەتانە نەیانتوانیوە کێشەکان چارەسەر بکەن. بۆیە ئێوە چاوەڕێی ئەوە مەکەن ئەگەر حکومەتیش پێکبێت، مایەی چارەسەری کێشە بنەڕەتییەکانی عیراق بێت. بەڵکو ئەوەش هەر چارەسەرێکی کاتییە، کە ناومناوە ئارامی پێش زریان!
لەبەشێکی تری دیدارەکەیدا مەلا بەختیار، بڕوای خۆی نیشاندا، کە:
هێزە بۆرژوازییەکانی وڵاتانی دواکەوتوو لە بەدیهێنانی دیموکراسی شکستیانخواردووە و ئەمەشی بە بڕوای ئایدۆلۆجی خۆی ناوبردو لەکۆتایی دیدارەکەشیدا لەگەڵ دەستەی نوێنەرایەتی مامۆستایانی وانەبێژ، مەلا بەختیار، پاشئەوەی پشتیوانی بۆ داوا و ئامانجەکانی مامۆستایانی وانەبێژ و هەر چالاکییەکی مەدەنی نیشاندا، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد:
ئێوەی مامۆستایانی وانەبێژ ناتوانن تەحەدای دۆخی سیاسی بکەن، بۆیە دۆخە سیاسییەکە لەبەرچاو بگرن و ئەم جموجۆڵەی دەستتانداوەتێ زۆر باشە، هیچ کام لە حزبەکان مەبوێرن و سەردانی هەمووان بکەن و بە یاداشتێک داواکاریی و ئامانجەکانی خۆتان پێشکەش بەهەموو لایەنەکان بکەن.
جەختشیکردەوە: داواکارم حکومەت بەزوترین کات دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ ئێوەی نوێنەران و مامۆستایانی وانەبێژ بکاتەوە.