دیالۆگی مەسرور بارزانی و ڕۆژنامەنووسان

کوردستان 26/06/2022


ئەنوەر حسێن (بازگر) 
لە دواین دیداری نێوان سەرۆكی حكومەت و هەندێك ڕۆژنامەنووس، (كە هەندێكیان ڕۆژنامەنووس نەبوون)، دیدارێكی باش بەڕێوەچوو. 
قسەی بەشێك لە ڕۆژنامەنووسان بە تایبەتی سەربەخۆ و ئەهلییەكان زۆر باشبوو، لەوەش باشتر زۆر لە قسەكان پەخش كران و خەڵكی گوێی لێبوو. 
چەند مانگ لەوە پێش، ئێمەش وەكو سەندیكا، سەرۆكی حكومەتمان بینی، من بەش بە حاڵی خۆم قسەی زۆرمكرد كە هاوڕێكانم دەزانن. 
سەرەتا وتم: گەر لێم بپرسیت لە كاری ڕۆژنامەنووسی لە هەرێم ڕازیت؟ دەڵێم "نا"، وتم: ئەگەر لێم پرسی ئازادی هەیە، دەڵێم "بەڵێ، بەڵام ڕێك نەخراوە". 
پاشان سەبارەت بە كەیسی ڕۆژنامەنووسانی بادینان وتم: هەقە بەڕێزتان بڕیار بدەن، ئەوانە ئازاد بكەن، سەرۆكی حكومەت وتی: ئەوانە ئەندامی سەندیكان؟ نەقیبی ڕۆژنامەنووسان زوو وتی: نەخێر. 
سەرۆكی حكومەت وتی: گرفتی سەندیكا ئەوەیە، بە هەموو كەس دەڵێن "ڕۆژنامەنووس"، پاشان ئەوانە لەسەر كاری جاسوسی و ئاژاوە .... گیراون. 
من وتم: هەق وابوو نوێنەری ئێمە لەو دانیشتنە هەبوایە بۆ سەلماندنی دۆسیەكانیان، بەهەر حاڵ سەرۆكی حكومەت وتی: ئازاد ناكرێن و زۆر قسەیكرد لەسەر ئەو كەیسە. 
پاشان ئەو وتی: زۆر نیگەرانم لە بارودۆخی ڕۆژنامەنووسان، بە ڕاستی فەوزایە، ناواقیعییە و زۆرینەی زانیارییەكان ناڕاست، جوێن و تەشهیرە. 
منیش وتم: ئەوە ڕاستە میدیا و سۆسیال میدیا بۆتە فەوزا، بەڵام خۆ زۆرینەی میدیا و سۆسیال میدیای كوردستان بە دەست پارتی و یەكێتییەوەیە، زۆرێكی تریش سێبەرن، خۆ هەمووی ئێوە پارەیان پێ ئەدەن و سەپۆرتیان دەكەن. 
ئەو وتی: ڕەنگە پێش من پارە درا بێت، بەڵام دڵنیابە من پارە نادەم. 
سەرۆكی حكومەت وتی: باشە مەعقوولە من دوو ساڵە كاردەكەم، كارێكی باشم نەكردوە؟ دوو ڕۆژنامەنووس ناڵێت "ئەوە باشە و جێگەی دەستخۆشییە". 
وتم: بۆ نا، زۆریش نوسراوە بۆ پشتیوانی لە كاری باش، ڕەنگە تۆ نەتبینیبێت. 
لە بەشێكی تری قسەكانماندا، ئەو وتی: خەڵك بە هەڵە لە ئازادی تێگەیشتوە، من وتم: ئازادی باشە، بەڵام ڕێكبخرێت و كار بە یاسای ڕۆژنامەنووسی بكرێت، ئێوەش دەبێ كار بە یاسای ڕۆژنامەگەری بكەن و ڕۆژنامەنووس سوكایەتی پێ نەكرێت، ئەو وتی: بەلای ئێوەوە لە سلێمانی هەر كەس جوێن بە پارتی بدات، ئێوە بە ئازادی دەزانن. 
من وتم: هەر كەس جوێن بدات، مانای ئازادی نییە، ئەو وتی: چەند ڕۆژنامەنووس هەیە لە كوردستان؟ من وتم: تەنها لە سەندیكا نزیكەی (8000) كەس ئەندامن جگە لە دەرەوە، بە گشتی دەگاتە (15000) كەس، ئەو وتی: توخوا ئەوە ڕاستە، كوردستان ئەو هەموو ڕۆژنامەنووسەی تێدایە؟!
من وتم: هیچ كەس بەبێ پشتگیری كەناڵی ڕاگەیاندنی یەكێتی، پارتی و حیزب نەكراوە بە ئەندام. 
بەڵام ئەو ڕاستی كرد، ئاخر خۆ سەندیكا دەیتوانی ئەو ڕێژەیە ڕابگرێت و پێداچوونەوەی بۆ بكات و كەمبكرێتەوە بۆ (1500) كەس، كە ئەو پێشنیارانە لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەندیكا هەیە، بەڵام هەمیشە نەقیب دژ بوە و هیچ هەنگاوێكی بۆ ئەو كارە نەناوە. 
سەبارەت بەو قسەیەی سەرۆكی حكومەتیش، كە دەڵێ "من پارە نادەم بە ڕۆژنامەنووس (لە قسەكەی من باش تێگەیشتبوو، كە دەڵێم چی)"، واتا پارە بەو ڕۆژنامەنووسانەی كە بە پارە جوێن دەدەن و سوكایەتی بە خەڵك دەكەن و كار لەسەر شكاندنی كەسایەتی حكومی، حیزبی و بزنسمان دەكەن بە هاندانی كەسانی تر، یان ئەو ڕۆژنامەنووسانەی كە هەندێكجار بە خۆیان دەڵێن سەربەخۆ، بەڵام لە ژێرەوە بە دزییەوە پارە لە یەكێتی و پارتی وەردەگرن، یان ئەجێندای وڵاتێكی دراوسێ جێبەجێ دەكەن. 
ئەو وتی: پارە نادەم، بەڵام من نازانم چەندە دەیدات یان نا!
بەڵام دەبێ سەرۆكی حكومەت ئەوەش بزانێت و بپرسێ، پارەیەكی زۆر دەدات بە هەندێك شوێن و جێگە، وەكو سەندیكای ڕۆژنامەنووسان، كە چەند ساڵێك مانگانە (100) ملیۆن دیناری پێدەدرا، ئێستاش مانگانە (30) ملیۆن دینار وەردەگرێت، ئەی سەرۆكی حكومەت نابێت بزانێت ئەو چەند (ملیار) دینارەی هاتۆتە سەندیكا چۆن سەرفكراوە و چی لێهاتوە؟ ئایا ئەمە پارە پێدان نییە؟ كاتێك شوێنی هیچ ناگرێت، نابێت چاكسازی تێدا بكرێت؟ 
هۆكاری زۆرە لە داهاتوودا زۆرتر ڕوونی دەكەمەوە، گەر سەرۆكی حكومەتیش ویستی دەتوانم پێی بڵێم چۆن و بۆچی؟
بەڵام قسەكە ئەوەیە، ئەو دیدارەی نێوان ڕۆژنامەنووسان و سەرۆكی حكومەت، هەنگاوێكی باشە بە مەرجێ، خەڵكانێك بانگ بكرێن و قسە بكەن نەك ماستاو، ڕەئێ بڵێن، نەك ترسنۆك یان بێ فاكت و بەڵگە قسە بكەن. 
بەڵام خۆزیا ئەو دیدارەی نێوان ئێمە و سەرۆكی حكومەتیش بڵاو بكرێتەوە، تا هاوڵاتییان بزانن، كە چی وتراوە و چی باسكراوە.
من دەست خۆشی لەو چەند ڕۆژنامەنووسە چالاكانەی هەرێم دەكەم، كە قسەی دڵی هاوڵاتیانیان كردوە.