ئەلیکساندەر دووگین کێیە؟

کوردستان 22/06/2022



سۆران جەلیل

"من هەموو ژیانی خۆم بۆ دژایەتیکردنی مۆدێرنیتە تەرخان کردووە،
چونکە بەلای منەوە مۆدێرنیتە واتە شەیتان." دووگین

ئەلیکساندەر گلیڤچ دووگین، فەیلەسوفێکی سیاسی-مەزهەبیی ئۆرتۆدۆکسییە، لە ٧ی جەنیوەری ١٩٦٢ لە مۆسکۆ لەدایک بووە. باوکی پلەدارێکی سوپا بوو لە یەکەی جاسووسی سەربازیی یەکێتیی سۆڤیەت (GRU). دووگین بەکالۆریۆسی لە فەلسەفە و دوو دوکتۆرا، یەکیان لە کۆمەڵناسی و ئەوەی دیکەیان لە زانستیی سیاسی لە زانکۆی مۆسکۆ هەیە. زمانی ئیتاڵی، ئەڵمانی، فەرەنسی و ئینگلیزی دەزانێت، لە ساڵی ١٩٨٠ دژی کۆمۆنیستەکان دەجووڵایەوە. لە دوایین کتێبیدا بە ناوی (قوتابخانەی سیاسیی سوقرات) کە لە ساڵی ٢٠١٩ بڵاو کرایەوە خۆی بە دژە دیموکراسی پێناسە دەکات.

لە ئێستەدا دووگین لە ڕاوێژکارە نزیکەکانی پووتینە، کاری ئەو بریتییە لە گفتگۆ و دارشتنی بیرۆکە بۆ دەسەڵاتداران و ئاڕاستەکردنی بیری گشتی چینی ناوندیی ڕووسیا. ئەو هزری خەڵک بە ئایدۆلۆجیایەکی سیاسی-مەزهەبی ئەرتودۆکسی توتالیتار کە پڕە لە ڕق بەرانبەر بە مۆدێرنە و ئازادییە تاکەکەسیی و جڤاکییەکان دەئاخنێ و هانیان دەدات. سەرڕێژکردنی ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە لە هۆشی نەتەوەی ڕووس دەتوانێت پەیامی کارەساتباری نەک تەنیا بۆ ڕووسیا، بەڵکوو بۆ تەواویی مرۆڤایەتی لێ بکەوێتەوە.

لەگەڵ برەودان بە ئایدۆلۆجیای مەزهەبی نیوئۆراسیاییزم، زەمینە بۆ گۆڕینی دەستووری ڕووسیا لە ساڵەکانی ڕابردوو خۆش بوو و سیاسەتی ستراتیجی ڕووسیا لەسەر بنەمای ئەوە ڕۆ نرا. پووتین دەستووری بە شێوەیەک گۆڕی کە بتوانێت تا ساڵی ٢٠٣٦ بە ناونیشانی ڕێبەری سیاسی-مەزهەبی لە کورسی دەسەڵات بمێنێتەوە. هەر لەم سۆنگەیەوە، ڤلادیمێر ژیرۆنڤسکی جێگری دۆما کە لە شوێنکەوتووانی ئەلیکسەندەر دووگینە، پێشنیازی کردووە ناوی تزار لە پووتین بنرێت، تاکوو ئیتر هیچ کەسێک نەتوانێت لە ڕووسیا جێگەی بگرێتەوە. بەپێی بۆچوونی دووگین، پووتین قەبووڵی کردووە کە ڕووسیا دەتوانێت ئیمپراتۆرییەتێکی سیاسی-مەزهەبی ڕووسی لەسەر بنەمای ئایدۆلۆجیای نیوئۆراسیاییزم لە سەدەی بیست و یەک بەدەست بهێنێت.

یەکێک لە دیارترین بۆچوونە مەترسیدارەکانی ئەلیکساندەر دووگین لە چاوپێکەوتنێک لە ساڵی ٢٠١٤ دەبینین. ئەو لەو چاوپێکەوتنەدا بەڕاشکاوی داوای کۆمەڵکوژی ئەو ئۆکراینیانەی کردبوو کە دژی حکوومەتی ڕووسیان. دووگین یەکێک بوو لەوانەی کە پشتیوانی لە داگیرکردنی کریمە دەکرد و بە هەنگاوێک بەرەو دروستکردنی ئیمپراتۆری ئۆراسیای دادەنا.

لە ئێستەدا دووگین بە ناوبانگترین ئایدۆلۆجیستی توندڕۆی ڕووسیای سەردەمی پووتینە. ڕێبەریی لە گرووپێکی دەسەڵاتداری توندڕۆ بە ناوی "باڵی جەنگ" لەناو کرێملین دەکات.

ئەلیکساندەر دووگین ڕقێکی زۆری بەرانبەر شارستانییەتی ئەورووپا، دیموکراسی، مۆدێرنیتە، لیبڕالیزم، کۆمۆنیزم و جووەکان هەیە و ئەم ڕقەی خۆشی ناشارێتەوە و ئاشکرا باسی دەکات. ئەو مۆدیلەی ئەو بانگەشەی بۆ دەکات، بریتییە لە زیندووکردنەوەی دابونەریتی ئۆرتۆدۆکسی و ئیمپراتۆرییەتی ڕووسیا لە چوارچێوەیەکی نوێ لە سەدەی بیست و یەکەمدا، ئەو ناوی ئەمەی ناوە ئایدۆلۆجی نیوئۆراسیاییزم. ئەم ئایدۆلۆجیایە لەسەر دوو پایەی سەرەکی ڕێوڕەسمی مەزهەبی و حکوومەتی ئیمپراتۆری ڕووسیا ڕۆ نراوە. دووگین ئینتەرنێتی بە ڕێکاری شەیتان پێناسە کردووە و داوای داخستنی دەکات، هەرچەندە خۆشی بیروڕاکانی لە سایتێک بە ناوی (تیۆری سیاسیی چوارەم) بڵاو دەکاتەوە.

ڕەگوڕیشەی قوتابخانەی ئۆراسیاییزم دەگەڕێتەوە بۆ کۆچبەرە تزارەکانی ساڵی ١٨٠٠ کە لەگەڵ ڕووناکبیرانی سیاسیی فەرەنسا و ئەڵمانیا بەدرێژایی جەنگەکانی ئەورووپا لە ئامشۆدا بوون. قەبووڵکردنی قوتابخانەی ئۆراسیاییزم لە نێوان سیاسییەکان و سوپاییەکانی ڕووسیا بوو بە هۆی هێرشی داگیرکەرانەی ڕووسیا بۆ ناوچەکانی باکووری ئێران، باشووری قەوقاز و داگیرکردنی ناوچەکانی مەرکەزی ئاسیا لە سەردەمی حکوومەتی تزاری ڕووسیادا. لە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩١٧، لینین کەمێک ئازادی بەم وڵاتە داگیرکراوانە دا. لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی سوپای سوور لەگەڵ سوپای سپی تزاری، ڕووسیا دەستی بە هێرشکردنە سەر ئەم ناوچانە کردەوە و دوای ڕووخانی دەوڵەتەکان، هەموو ئەم وڵاتانە لەژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریی کۆمۆنیستی شوورەوی کۆ کرانەوە. لەگەڵ هەرەسهێنانی یەکێتیی سۆڤیەت لە کۆتایییەکانی سەدەی بیستەم، ئەم وڵاتانە توانیان خۆیان لەژێر دەسەڵاتی ڕووسیا ڕزگار بکەن و وەکوو وڵاتانی سەربەخۆی تازەدامەزراو ببن بە ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا و دوای سێ دەیە لە سەربەخۆبوون، ئەلیکساندەر دووگین، وەکوو فەیلەسوف و بیرۆکوانی سیاسی بنەڕەتی قوتابخانەی ئۆراسیاییزم، داوای زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆری ڕووسیا دەکات.

بیرۆکەی سەرەکی ئایدۆلۆجی سیاسی و جیۆپۆڵەتیکی ئۆراسیاییزم لەسەر ئەم باوەڕە وەستاوە کە لیبڕالیزم یان ئازادییە تاکەکەسی و جڤاکییەکان ئەوە نیشان دەدەن کە هێرشێک کراوەتە سەر پێکهاتەی دابونەریتی زنجیرەی پلەوپایەکانی جیهانی ئۆراسیا و ڕۆژهەڵات. جیهانێک کە تێیدا هەر کەسێک لە چینێک و جێگایەک کە پێشتر دیاری کراوە و پێوەندی کۆمەڵایەتی لەسەر ڕێوڕەسمی مەزهەبی ئەو کۆمەڵگەیە پێناسە و بەڕێوە دەبرێت. هەر هۆکارێک کە ببێتە هۆی گۆڕانی جێگەی چینەکان و یان ببێتە هۆی سستی لە پێوەندی کۆمەڵایەتی ئوسووڵی هۆکارێکی دەرەکیی و شەیتانییە کە لە لایەن کولتوورێکی ڕەگەزپەرستەوە، (چونکە ئازادییە سیاسی و جڤاکییەکانی خۆیان سەرووتر لە پێوەندییە دابونەرتییەکان دەبینن) خراوەتە ناو کۆمەڵگەی ئۆراسیایییەوە. جیهان لە تێڕوانینی دووگین مەیدانی جەنگی هێزی خێر و شەڕە. ڕووسەکان ڕێبەری لایەنی خێرن و لە بەرانبەردا ئەمریکا بەرەی شەڕە و کولتووری ئەورووپای مۆدێرنش، بەتەواویی گومڕا و گڵاون. لەم سۆنگەیەوەیە کە دەوڵەتێکی ستەمکاری وەکوو کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هاوپەیمانی ستراتیجی ڕووسیا دەزانێت.

ئەلیکساندەر دووگین دامەزرێنەر و سکرتێری (حیزبی ئۆراسیا)یە لە ڕووسیا، حیزبێک ئەندامەکانی لە تونڕۆترین نەتەوەپەرستەکانی ڕووسیا پێک دێت. ئەو پێگە و بنەمای باوەڕی حیزبەکەی خۆی ئاوا پێناسە دەکات کە؛ مۆسکۆ، بەرلین و پاریس، بە میحوەرێکی سروشتی جیۆپۆڵەتیک دادەنرێن و ئیمپراتۆری ڕووسیا دەبێت لە ڕۆژهەڵاتی دوورەوە (سنوورەکانی چین و مەنگۆلیا) تا فەرەنسا و باکووری ئەورووپا دووبارە ڕێک بخاتەوە. تەنیا لەم سۆنگەوەیە ڕووسیا و ناوچەکانی دیکەی ئۆراسیا، دەتوانن شوێنی شۆڕشێکی نوێی دژە بۆرجوازی و دژە ئەمریکایی بن.

ئەلیکساندەر دووگین لە سەردانێکیدا بۆ ئێران لە ٢٩ی مارسی ٢٠١٦ لە ناوەندیی کولتووری زانستی ئیسلامی لە شاری قوم گوتی: "گەڕانەوە بۆ دابونەریت و پلەوپایەی کۆمەڵایەتی لە ئێران، زۆر وردتر لە ڕووسیا پێناسە کراوە. هەروەها گەڕانەوە بۆ حکوومەتی ئوسووڵیش لە گۆڕەپانی سیاسی بەتەواویی قەبووڵکراوە و بەڕێوە براوە. لەسەر بنەمای ئەمە کۆمەڵگەی مەسیحییەکانی ئۆرتۆدۆکسی ڕووسیا کە من نوێنەری ئەوانم، بە پەیڕەوکردنی ڕێچکەی ئێران و شۆڕشی ئیسلامی ئەم وڵاتە، دەتوانێت هەنگاو بەرەو سەرکەوتن هەڵبێنێت. ئێوە لە ئێمە لە پێشترن و دەتوانن سەرمەشقێک بن کە ئێمە دەبێت پەیڕەوی لێ بکەین."

دووگین بەردەوام دەبێت و دەڵێت: "ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە مەعنووییەت لە ماددیگەرایی سەرووتر دابنێین و بۆ بەرگریکردن لە دابونەریتی خۆمان و لەناوبردنی مۆدێرنیتە بجەنگین. بۆیە دەبێت لەوە تێبگەین کە ئێمە و ئێوە (ڕووسیا و ئێران) لە سووریا لە بەرەیەک دژی دووژمنان دەجەنگین."

دووگین درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت: "ئەمە یەکەم جارە کە ڕووسیا لەگەڵ ئێرانییەکان، عێراقییەکان، سوورییەکان و شیعەکانی قەوقاز یەکبگرێت و ئەوەی من لەم چرکەساتە مێژوویییە تێدەگەم ئەوەیە ئێمە دەبێت هاوکارییەکانی خۆمان قۆناعێک ببەینە پێشەوە و ئەم یەکێتیی تاکتیکییە لەسەر بنەمای تەوەری هاوبەشی بەها و ئوسووڵی ڕێک بخەین، ئەم هەڤگرییە بگۆڕین بە یەکگرییەکی ستراتیجی هەمەلایەنە."

بە تێڕوانینی ئەم فەیلەسوفە، ئێران ڕۆڵێکی گرینگی لە پڕۆژەی "ئۆراسیا"دا هەیە.

ئەلیکساندەر دووگین باوەڕی وایە کە دەستدرێژکەرانی ئۆقیانوسی ئەتڵەنتیک بە دوای دروستکردنی هاوپەیمانییەکی سەربازیی و باوەڕی ڕەکەزپەرستانەوەن، ئەگەر ڕووسیا بیەوێت لەم شەڕەدا سەرکەوتوو بێت، دەبێت تەواوی هێزەکانی وەکوو ئەڵمانیا، ڕۆژهەڵات و مەرکەزی ئەورووپا، کۆمارەکانی پێشووی یەکێتیی سۆڤیەت، تورکیا، ئێران و کۆریا ببن بە یەکێتییەکی گەورەی ئۆراسیایی، تاکوو تا ڕادەیەکی باش بەهێز بن و بە ڕێبەرایەتیکردنی ئەم هێزانە بتوانێت شکست بە ڕۆژئاوا بهێنێت.

کۆلیجی جیۆپۆلەتیکی ڕووسیا لە مۆسکۆ خاوەن ئەم جۆرە بۆچوونەیە. ئەرکی سەرەکی ئەم ناوەندە بەرگریکردنە لە بنەما بنەڕەتییەکانی مێژوو و کولتووری ڕووسیا. ئەم قوتابخانە سیاسییە بە دوای گەشەپێدانی تێڕوانینێکی نوێیە لەبارەی مێژووی ڕووسیا و جیهان و هەوڵ دەدات ئۆراسیا وەکوو دونیایەکی تایبەتی قەومی و کولتووری بناسێنێت. بە تێروانینی ئەم قوتابخانەیە ئۆراسیا وەکوو جەوهەرێکی واقعی دادەنرێت کە لە نێوان دوو جیهانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا هەڵکەوتووە و هەر بە بۆنەی ئەمەشەوەیە کولتووری ئۆراسیا نە بەتەواویی ئەورووپایی و نە بەتەواویی ئاسیایییە. سنوورەکانی ئۆراسیا لەگەڵ سنوورەکانی ئیمپراتۆری ڕووسیا دەسازێت و لەسەر ئەم بنەمایەش ڕووسیا ئەرکی ناوەندییەتی و بەڕێوەبردنی ئۆراسیای دەکەوێتە سەرشان. دەتوانین ئامانجەکانی قوتابخانەی سیاسیی ئۆراسیا بەم شێوەیە کورت بکەینەوە: یەکەم دژایەتیکردنی ڕۆژئاوا و ئەتڵەنتیکی و دواتر دروستکردنی یەکێتیی وڵاتانی ئۆراسیا بۆ وەستانەوە لە بەرانبەر یەکێتیی ئەورووپادا.

هۆکارەکانی هێرشی پووتین و هاوبیرانی بۆ سەر ئۆکراینا، سەرەتای دەستپێکردنی پڕۆژەی پێکهێنانی یەکێتیی ئۆراسیایە لە سەدەی بیست و یەکەم. ئەم پڕۆژەیە لەسەر بنەمای ئایدۆلۆجیایەک ڕۆ نراوە کە نەک تەنیا هەڕەشە لە بەرژەوەندی ئازادی لە ڕووسیا، ناوەڕاستی ئاسیا، قەوقاز و ئۆکراینا دەکات، بەڵکوو مەترسی لەسەر بەردەوامی ئاشتی و ئاسایشی جیهانیش دروست دەکات.

-------------------------------------------------------------

• بۆ ئەم بابەتە سوود لەم مقالانە وەرگیراوە:

١- محمدرضا یزدان پناه، ایدئولوگ «روسیه بزرگ» در قم، رادیو فردا، ٢٩ مارس ٢٠١٦.
2- Anton Shekhovtsov, ‘Aleksandr Dugin's Neo-Eurasianism: The New Right à la Russe†’, Religion Compass, 9 July 2009
3- Robert Zubrin, ‘The Eurasianist Threat’, National Review, 3 March 2014
4- Robert Zubrin, ‘Dugin’s Evil Theology’, National Review, 18 June 2014