تەندروستی سلێمانی رێنمایی لەبارەی نەخۆشی كۆلێراوە بڵاوكردەوە

کوردستان 21/06/2022


چاودێر:
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا چەند رێنماییەكی نوێی لەبارە نەخۆشی كۆلێرا بڵاوكردووەتەوە و ئاماژە بەوەكردووە بۆ بەدووربوون لە نەخۆشییەكە پێویستە هاوڵاتییان پەیڕەوەی بكەن.
لە راگەیەندراوەكەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانیدا ئاماژە بە چەند خاڵێك كراوە كە  بۆ خۆپاراستن لە كۆلێرا ئەویش  بریتین لە:
یەكەم: شوشتنی دەستەكان بەشێوەیەكی بەردەوام بە سابوونی شل لە كاتەكانی پێش (نانخواردن و ئامادەكردنی خواردن و شیرپێدانی منداڵ و ئامادەكردنی شیر و خواردن بۆ منداڵ و بەكارهێنانی دەرمان و هەڵسوكەوت لەگەڵ نەخۆش) لەگەڵ كاتەكانی، پاش (چوونە تەوالێت، نان خواردن، هەڵسوكەوت لەگەڵ نەخۆش و پاككردنەوەی منداڵ).
دووەم: پاككردنەوەی تانكی ئاوی خواردنەوەی ماڵان بەشێوەیەكی بەردەوام بەلایەنی كەمەوە شەش مانگ جارێك و داپۆشینی سەری تانكییەكە.
سێیەم: شۆردنەوەی سەوزە و میوە بە باشی و بە ماددەی پەرمەنگەناتی پۆتاسیۆن یان خوێ و هەر پاككەرەوەیەكی دیكە و پێداكردنی ئاوێكی زۆر دوای پاككردنەوەی.
چوارەم: نەخواردنی خواردنی سەر عەرەبانەكان و دەستگێڕەكان.

پێنجەم: دڵنیابوونەوە لە ئاوی خواردنەوە و خواردنەوەی ئاوی بەلوعە لەجێگەی ئەویش ئەگەر نەبوو خواردنەوەی ئاوی بوتڵكراوی كارگەكان و هەر كاتێك ئاوی بیر خورایەوە پێویستە بە باشی بكوڵێندرێت.

كۆلێرا نەخۆشییەكە بەھۆی بەكتریای ڤایبریۆ كۆلێرا تووشی مرۆڤ دەبێت، زۆربەی كات لە رێگەی پیسبوونی ئاوی خواردنەوە و خۆراكی پیسەوە بڵاو دەبێتەوە، نەخۆشیێكی درمە و لە كاتی تووشبوونی چەند كەسێكی ناو كۆمەڵگە، زۆر بە خێرایی دەگوازرێتەوە بۆ كەسانی دیكە.