بەرپرسێكی باڵا لەحكومەتی هەرێمی كوردستان دەستی لەكار كێشایەوە

کوردستان 21/06/2022


چاودێر:
نادر روستی وتەبێژی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان و بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گشتی گەشتوگوزار دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە پۆستەكانی راگەیاند.

نادر روستی وتەبێژی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان و بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گشتی گەشتوگوزار، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نامەی دەستلەكاركێشانەوەی بڵاوكردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەكرد:" ماوەی ١٢ ساڵە وەك وتەبێژی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان و بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار خزمەت دەكەم، ١٧ ساڵە وەك نووسەر و ڕۆژنامەنووسی بواری گەشتوگوزار كار دەكەم، 5 پێنج كتێبم لەسەر گەشتوگوزار نووسیوە، پێنج توێژینەوەم لەسەر گەشتوگوزار كردووە، هەزار و ٥٠٠ بابەتم لە گۆڤار و رۆژنامەكان بڵاو كردووەتەوە، زیاتر لە ٩٠٠ چاوپێكەوتنم لە دەزگاكانی راگەیاندن لەگەڵ كراوە، هاوكاری و زانیاریم پێشكەش بە ٨٥ قوتابی ماستەر و دكتۆرا لەسەر گەشتوگوزار كردووە، لەگەڵ ئەوەشدا سەرپەرشتی زیاتر لە ٣٠٠ هەزار چاپەمەنی دەستەی گەشتوگوزارم كردووە.

ئەوەشی نوسیووە،  ئەرشیفێكی گەورەم لە بڵاوكراوەی گەشتیاری بۆ دەستەی گەشتوگوزار دروستكردووە، هەروەها سەرپەرشتی دەیان چالاكی گەشتوگوزارم وەك فیستیڤاڵ و كۆنفرانس و وۆرك شۆپ كردووە، لە زانكۆ و پەیمانگەكان دەیان كۆڕ و سمینارم پێشكەش كردووە، كەمتەرخەمیم لە كاری خۆم نەكردووە.

دەشلێَت" دەیان چالاكی خۆبەخش و ژینگەیم كردووە، زیاتر لە ٥٠ خەڵات و رێزلێنانم پێشكەش كراوە، ساڵانە لە دەستەی گەشتوگوزار زیاتر لە سێ رێزلێنام بۆ كراوە، پاش ئەو چالاكی و دیكۆمێنت و ئەرشیفەی بۆ گەشتوگوزار دروستم كرد، شانازی بەوەدەكەم كە كەمتەرخەمیم لە كاری خۆم نەكردووە و جیاوازیم لەنێوان هیچ دەزگایەكی راگەیاندن نە كردووە لە پێدانی زانیاری و پێشكەش كردنی هاوكاری". گەشتوگوزاری هەرێم گەیشتۆتە قۆناغێكی پێشكەوتوو"

نادر روستی باسی لەوەشكرد، گەشتوگوزاری هەرێم گەیشتۆتە قۆناغێكی پێشكەوتوو، بۆیە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم زۆر گرنگی بە كەرتی گەشتوگوزار دەدات. نادر وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم راشیگەیاند،  بە پێویستی دەزانم دەست لە كاری وتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن بكێشمەوە، لەپێناو ئەوەی دەرفەت بۆ وزە و هێزی دیكە بڕەخسێنین،

ووتيشی، داواكارم هیچ دەزگایەكی راگەیاندن و میدیاكارێك بۆ لێدوان لە بارەی گەشتوگوزار پەیوەندیم پێوە نەكات و وەڵامی هیچ راگەیندنكارێك نادەمەوە كە هۆكاری دەست لەكاركێشانەوەم چی بوو".