بە بۆنەی فێستیڤاڵی کولتووریی گەلاوێژەوە

کوردستان 20/06/2022

نامەی شاعیری گەورەی ئێرانی  سەید عەلی ساڵحی
بۆ مەلا بەختیار و فێستیڤاڵی گەلاوێژ

بە بۆنەی فێستیڤاڵی کولتووریی گەلاوێژەوە -


وادەزانم لەپەناتدا دانیشتووم، شانبەشانی کورد، لە یەکێک لە درەوشاوەترین فێستیڤاڵە داهێنەرانەکاندا، کە ناوبانگی کورد و هەرێمی کوردستان و ئەندێشە و ئازادیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە گوێی مرۆڤی هاوچەرخدا، داوە.
گەلاوێژ تەنیا وشەیەک، مانایەک،  ئاماژەیەک نییە. دوڕ و گەوهەری بێکۆتایی گەلاوێژ، هەر دڵێکی ڕۆشن و هەر پێیەکی خۆڕاگر و بەهێز و هەر چاوێکی وردبین بۆ سەرلەنوێ خوێندنەوەی مێژووی کورد بانگێهشت دەکات، تا بە بیری مێژووی بهێنێتەوە کە مرۆڤی خۆڕاگر و پڕ هیوا و ماندوونەناسی کوردی، بە چی قوربانیدان و بەها و زەحمەت و بەرنامەیەک دواجار بوونەتە خاوەنی نیشتیمان و ماڵ و ئاسایشی قابیلی ستایشی خۆی.
لە خولی نۆیەمی جەژنی مەزنی فێستیڤاڵی گەلاوێژدا، کاتێک دڵنیابووم کە مرۆڤی کورد دەست لەسەر ئەژنۆی خود، ڕاپەڕینی کردووە، بۆ یەکەمجار لە دواخاڵی سنووردا، ڕووبەڕووی پیاوێکی گەورە و ئەقڵانی کەموێنە، بە ناوی مەلا بەختیار بوومەوە. ئەم دیدار و گفتوگۆ کورتە لە ناخی دڵەوە پەیامێکی لە ناخ و دەروونمدا نەخشاند و نیشانی دا کە عیشق و خۆشەویستیی دەروونی من بۆ ئەم نەتەوە خۆشەویستە جیهانییە، بێهۆ نەبووە.
ئێستاکە چارەکە سەدەیەک بەسەر یەکەمین خولی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی گەلاوێژدا تێدەپەڕێت، بە پێویستی دەزانم ڕوو لەهەرێمی کوردستان بوەستم، دەست لەسەر سنگ بۆ مام جەلال، هێرۆخان، مەلا بەختیار و قارەمانان و زانایان و پێشمەرگە و خەباتگێڕانی تری ڕێگای ئازادی و ئەندێشە و هونەری ئەو سەرزەمینە سڵاو بنێرم.
بە بیری دەهێنمەوە کە هەرێمی کوردستانی ئازیز خاوەنی گەورەییەکە، ئەوگەورەییە بە قەرزاری خەڵکی ئەو نیشتمانە زاناپەروەرە دەزانم. پێداگرییش دەکەم لەسەر ئەو بیر و باوەڕەی، کە خەباتی بێوێنەی کولتووری لە دژی نەیار و دوژمنان و تاڵانکەرانی شوناسی نەتەوەیی، زۆر گرنگ و کاریگەرترە لە هەر سەنگەر و هەر گوللە و هەر چیرۆکێک، کە لەم پانتایی مانایەدا ڕاڤە دەکرێت. دامەزراندن و گەشەپێدان و بەردەوامبوونی فێستیڤاڵی گەلاوێژ بە هەوڵی مرۆڤێکی گەورە بە ناوی مەلا بەختیارەوە و هاوڕێیان و هاوزمانانی شاعیر و هونەرمەندانی کورد، شێوازێکی کاریگەرترە لە خەبات بۆ شوناسبەخشین بە مرۆڤی کولتووری و ڕوحی گەورە لە هەرێمی کوردستان.
گەلاوێژ و دەیەی زانایی، خانەخوێی خۆشەویستیی هەموو نەتەوە ئازادیخوازەکانە، کە چارەنووسی هەرێمی کوردستان بە چارەنووسی خۆیان دەزانن.
گەلاوێژ بەهێزترین گۆڕەپانە بۆ ئاگادارکردنەوە و بانگهێشتکردن بۆ لێکتێگەیشتن، کە هەر دوانزەمانگ-جارێک دووبارە دەبێتەوە، تا وانەی خۆڕاگریی و بەرگریی سەدوبیست-ساڵەی کورد، لە سەردەمی مۆدێرندا بە بیر بهێنێتەوە. لەم میوانییە زیرەکانەیەدا، وشە جێگای گوللە و ئاشتی جێگای شەڕی گرتووەتەوە، ئەمەش نیشانی دەدات نەتەوەی کورد گەیشتووە بە باڵاترین ئاست لە درک و تێگەیشتنی کولتووری و شعووری سیاسی.
 لەڕاستیدا فێستیڤاڵی گەلاوێژ ناسنامەی ڕوونی ئەم ڕاپەڕینە هەزار لایەنەیە. هەر لەبەر ئەم هۆیەشە منی شاعیری ئێرانی بۆ ڕابەڕانی هۆشیاریی هەرێم و تاک بە تاکی کورد، لە ناخی دڵەوە ڕێزێکی مێژوویی و لەمێژیینەم بۆیان هەیە. بەڵێ، بە یاد و ناوی هاوڕێی گەورەم شێرکۆ بێکەسی کۆچکردووەوە و بە سڵاوم بۆ مەلا بەختیاری برام، پیرۆزبایی و ڕێزم بە بۆنەی تەمەنی گەورە و سەنگینی ئەم فێستیڤاڵە هۆشمەندانەیەوە قوبووڵ بکە. پایەدار بیت بۆ هەمیشە و بۆ مێژوو.



سەید عەلی ساڵحی
جۆزەردانی1401 هەتاویی
تاران