د پاڤێ جەميل: میدیای کوردی بەرپرسانە و پەروەردەییانە مامەڵە ناکات

کوردستان 18/06/2022

 

چاودێر - ڕاپۆرت

تۆڕی ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر، سی و سێهەمین کۆڕی بەناونیشانی
"ڕەچاوكردنى پەروەردەى هاوچەرخ لە ڕووماڵى ڕاگەياندنەكاندا" بۆ توێژەرو مامۆستاى زانكۆ (پ.ى.د پاڤێ جەميل ئەحمەد)، لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی لە تۆڕی ناوەندی ڕۆشنگەریی چاودێر ڕێک خست.
لەسەرەتادا پ.ى.د پاڤێ جەميل ئەحمەد ئاماژەی بەوە دا، پەروەردەکەمان کێشەی قوڵی هەیە و لەجیاتی پەروەردەیەکی ڕاست و باش پەروەردەیەکی خراپ بەرجەستە کراوە.
ئەو باسی لەوە کرد، میدیا ڕۆڵی گەورەی هەبووە لەو پرسەدا و بووەتە هۆکاری بڵاوبوونەوەی تووندوتیژی، چونکە وەک ئەو وتی، دامەزراوە میدیاییەکان ئاراستە دەکرێن و بەهۆی لایەنی ئابووری و سپۆنسەرەوە، دیدگای دەزگاکە پەیڕەو دەکەن و بیریان لای کۆمەڵگە و پەروەردەی تاک و سایکۆلۆژیای جەماوەرەوە نییە.
بە بڕوای ئەو، میدیایەکی نیشتیمانیی نییە، بەڵکوو ئەوەی ئێستاش هەیە جۆرێک لە فەوزایە لە میدیادا، بەجۆرێکە ئێمە لە فەوزایەکی زۆری سۆشیالمیدیاداین و
کەوتووینەتە ژێر ڕکێفیان و مەترسییەکەش بۆ سەر منداڵ و ئەوانەی هۆشیارییان کەمە قوڵترە.
بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە، پ.ى.د پاڤێ جەميل ئەحمەد پێی وایە، دەبێت پەروەردەیەکی میدیاییمان هەبێت لە دامەزراوە پەروەردەییەکان و بخرێتە ناو پڕۆگرامەکانی خوێندنەوە. بە جۆرێک لە خوێندنگەکان ناوەندی میدیایی هەبێت و
خوێندکاران بزانن چۆن بابەتی میدیایی بەردەست دەبێت و ئاسان نەکەونە ژێر ڕکێفی میدیاکانەوە.
ئەو وتیشی: پەروەردەی میدیایی بریتییە لە پەروەردەیەکی ئاراستەکراوی هۆشیاری، کە خەڵک لە میدیا و پەیام و دروستکردنی پەیام تێبگات و بە ئاسانیش پەیامەکان جیابکاتەوە و ئاسان نەکەونە ژێر کاریگەریی پەیامە میدیاییەکانەوە.
لە درێژەی قسەکانیدا، ناوبراو باسی لەوە کرد، بەهۆی میدیا و سۆشیالمیدیاوە ئینتیما و بەها نەماون و قسەکردن و کۆمێنتەکان سلبین، بۆیە پێی وایە پەروەردەی میدیایی دەتوانێت ئەوە ڕاست بکاتەوە و زانیاریی دروست بگەیەنێت و ڕۆحی کۆمەڵایەتیی دروست بکات و پەیامەکانی لە سوودی گشتیدا بن.
لە کۆتایی کۆڕەکەدا، لە لایەن ئامادەبووانەوە گفتوگۆی بابەتەکە کرا.
مەلا بەختیار وەک ئامادەبویەکی کۆڕەکە، بەشداری گفتوگۆکەی کردو ڕایگەیاند: لەم سەردەمە میدیای دیجیتاڵ ترسناکە، یان دەمانڕووخێنێت، یان هەڵمان دەستێنێتەوە و ئێستا دەبینین هەموو تاکێک هەموو شتێکە.
وتیشی: "میدیای ئێستا دەمێکە بەرهەمی دونیای مۆدێرنێتەیە، ئایا ئێمەی وڵاتانی دواکەوتوو کە درەنگ فێری ئینتەرنێت و دیجیتاڵ بووین، لە دونیای مۆدێرنیتە تێگەیشتووین؟ لای ئێمە ٧٥ ساڵە باسی مۆدێرنێتە دەکرێت، بەڵام هێشتا تێینەگەیشتووین."
باسی لەوەش کرد، ئێستا ئێمە لە قۆناغی گوزەری دیموکراسیداین و ئەگەر دیجیتاڵ و میدیاش نەبن، ئەم کێشانەی ئێستا هەن هەر ڕوو دەدەن. چونکە قۆناغی گوزەری دیموکراسی خانەی خۆڵەمێشیی پێ دەوترێت و قۆناغێکی پڕ لە کێشەیە.
مەلا بەختیار وتیشی: "هیچ هەڵبژاردنێک لە هیچ وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پاک نییە و سەرکردەکان دەیانەوێت هەتاهەتایە هەر لەسەر حوکم بن. تا هێزی چەکداری ئەم هێزە سیاسییانەی خۆشمان هەبن، ئەنجامی هەڵبژاردن کەمترین کاریگەریی هەیە."