عێراق و ئەگەری دەرچوون لە کۆڵانە داخراوەکان: کورد و دەرفەتەکان
* به‌هرۆز جه‌عفه‌ر
ڕۆژگارێك "ئه‌بو حه‌نیفه‌ی نو‌عمان" خوێندكار یان قوتابی "ئیمام جه‌عفه‌ری سادق" بو، ڕۆژێكیان پرسیاری له ئه‌بو حه‌نیفه كرد: چۆن له ژیان تێگه‌یشتویت؟. له وه‌ڵامدا، وتی: ژیان ناسینه‌وه‌ی خێر و شه‌ڕه‌كانه. ئیمام جه‌عفه‌ری سادق، وه‌ڵامه‌كه‌ی پێ په‌سه‌ند نه‌بو، گوتی: ڕه‌نگه ئاژه‌ڵێكیش بتوانێت چاك و خراپ یان خێر‌و شه‌ڕ جیابكاته‌وه، ئه‌و كه‌سه ئه‌ناسێت كه به‌ردی تێ ئه‌گرێت و ئه‌وه‌ش ئه‌ناسێته‌وه كه نانێكی پێ ئه‌دات! بۆیه قورسییه‌ك له‌وه‌دا نییه خێر‌و شه‌ڕ بناسرێته‌وه. به‌ڵكو وتی " ژیان ناسینه‌وه‌ی دوو شه‌ڕه كه ئاخۆ كام "شه‌ڕ" ه یان كه‌مترین زیانی هه‌یه‌و ئه‌هوه‌نتره.
دۆخی عێراق، مێژووی عێراق، ئێستا‌و ئاینده‌ی زۆرینه‌ی هه‌ره زۆری شه‌ڕ و خوێن و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌و، زیاده ڕۆیی بووه له په‌لاماردانی جۆراوجۆردا. خێرێکی تەواوەتی نییە. بۆیە ئەبێت پراگماتییانە لەناو "شەڕ" ەکاندا بەدوای "خێر" دا بگەڕێیت. دوای (9) مانگ له ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن، حكومه‌ت له عێراق هه‌ر پێك نه هات. له‌و ماوه‌یه‌دا ئێران و هێزه وه‌لائییه‌كانی له عێراق (7) جار به مووشه‌ك و درۆن هێرشیان كرده سه‌ر هه‌ولێر، گرفتیان له پرسی نه‌وت و گازدا بۆ كورد دروستكرد. چوارچێوەی هەماهەنگی زیاتر لە (15) پرۆژەو دەستپێشخەرییان دا بە موقتەدا سەدر، ئێرانییەکان چەندین جار بە ئاشکراو نهێنی لەگەڵ سەدر دانیشتن. هەروەها (3) جار چوارچێوەی هەماهەنگی و سەدرییەکان پێکەوە دانیشتن.
ئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌وه بو، موقته‌دا سه‌در له په‌رله‌مان و ته‌واوی پرۆسه‌ی سیاسی كشایه‌وه. سه‌در براوه‌ی هه‌ڵبژاردن بوه له (329) كورسی (73) كورسی به ده‌ست هێنابو، هه‌ڵبژاردنێك كه له ساڵی (2018) ته‌نها (32%) ی عێراقییه‌كانی به‌شدارییان تێداكردو، دوا هه‌ڵبژاردنیش له (10 ی ئۆكتۆبه‌ری 2021) دا رێژه‌كه (40%) ی تێنه‌په‌راندووه.
یه‌كه‌م/ سه‌در نابێتە ئەفسانەی عێراقییەکان
له دوای كشانه‌وه‌كه‌ی سه‌در له پرۆسه‌ی سیاسی و قبوڵكردنی ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی په‌رله‌مانتاره‌كانی، له شه‌قامی عێراقی و له‌ناوه‌ندی سیاسی و میدیایی دا بۆچونێكی وه‌ها زاڵ دروستكراوه، كه به بێ سه‌در هیچ شتێك له عێراقدا به‌ڕێوه ناچێت! سه‌در ئه‌توانێت هه‌موو شت بگۆڕێت، هه‌موو شتێك تێك بدات، سه‌در هه‌موو شتێك ئه‌زانێت بۆیه ئه‌م ڕه‌فتاره‌ی نواندووه. به جۆرێكه كه هه‌موومان ده‌ست له كتێب و ته‌ماشاكردنی فیلم و دیراساتی زانكۆكان و ته‌ماشاكردنی قه‌یرانی ئاسایشی ووزه‌و خۆراك و ژینگه‌ی جیهانی هه‌ڵبگرین، ته‌نهاو ته‌نها چاوه‌ڕێ بكه‌ین و بزانین سه‌در چی ئه‌كات و چی ناكات! له ڕاستییدا ئه‌م دیدگایه زۆر زێده‌ڕۆیی تیاكراوه.
ڕه‌وتی سه‌دری (880) هه‌شت سه‌ت و هه‌شتا هه‌زار ده‌نگده‌ریان له دوا هه‌ڵبژاردندا هه‌بوه، خاوه‌نی هێزه‌كانی سه‌رایا سه‌لام و چه‌ند گروپێكی بچوكی دیكه‌یه كه مه‌زه‌نده ئه‌كرێن به (120 - 160) هه‌زار چه‌كدار له عێراقدا. كه‌سێكی موعه‌ممه‌مه‌و توانای گه‌مه‌ی سیاسی هه‌یه‌و، باوك و باپیره‌ی له ناوه‌ندی سیاسی و فیقهیی- شیعی عێراقییدا مێژووییه‌كی دیاریان هه‌یه. دواجار، ئەم کاراکتەرە به پێی خۆی له ته‌واوی پرۆسه‌ی سیاسی عێراقدا چۆته ده‌ره‌وه، كه نه‌یاره‌كانی به هیچ نرخێك نه‌یانئه‌توانی ئه‌وه بكه‌ن كه خۆی كردوویه‌تی. ئه‌مه بۆ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ده‌رفه‌تێكه وه‌ك هه‌ناسه‌ی گه‌ڕانه‌وه بۆ ژیان وایه.
دووه‌م/ پرسیار ئەوەیە چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی چی ئه‌كات؟
سه‌ركرده‌كانی ناو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی هه‌ر هه‌مویان تێكشكابون، حەیدەر عەبادی (٤١) کورسی هه‌بو، له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا بو بە (٢)کورسی، عەمار حەکیم لە (٢١)کورسی بوو دابه‌زی بو بۆ (٢) کورسی. به هه‌مان شێوه هه‌ریه‌كه له هادی عامری و فالح فه‌یاز و قه‌یس خه‌ز عه‌لی و سه‌ركرده‌كانی دیكه‌ی شیعه داکشابون، هه‌ره جه‌مسه‌ره كاریگه‌ره‌كه‌ی ناو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی شیعه‌كان، كه حزبی ده‌عوه‌ی ڕاگرتوه نوری مالیكیه (33) كورسی په‌رله‌مانیی هه‌یه. حزبی دەعوە (12) ساڵ فەرمانڕەوایی عێراقی دوای سەددامی کردووە، خاوەنی 2 هەزار و 760 بەڕێوەبەری گشتی، 28 دەستە و 47 بریکاری وەزیرە لە حکوومەتدا، تەنانەت زۆربەی ئەفسەرە پلە باڵاکان لە دەستی نووری مالیکی دان. مالیکی ئەو پیاوەیە، کە لە هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی (10ی ئۆكتۆبه‌ری 2021)دا زۆرترین دەنگی لەناو هێزەکانی ناوخۆ و بەرگری و حەشدی شەعبیدا هێناوە. بۆیه چۆن ئه‌وترا به بێ سه‌در پێكهێنانی حكومه‌ت ئه‌سته‌مه، ئاوهاش ڕاسته كه به بێ مالیكی پێكهێنانی جكومه‌ت كارێكی ئاسان نییه. ئه‌وه جگه له پاڵپشتییه بێ چه‌ندوچونه‌كانی ئێران بۆ مالیكی و ته‌واوی سه‌ركرده‌كانی ناو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له عێراقدا. ئێران لە تەواوی ناوچەکەدا لە عێراقەوە بۆ سوریا‌و لوبنان و فەلەستین و یەمەن ئیشی لەسەر لاواز کردنی دەوڵەت وەک دامەزراوەو کاراکتەری فەرمی کردوە، لەهەموو ئەو شوێنانە دەستی وەرداوەو گروپ-گروپی جیای لەناو دەوڵەتەکاندا دروست کردوە. ئەمە ڕۆڵێکی خراپە، بەڵام دواجار قسەو شیکاریی لەسەر جۆر‌و شێوازی دابەشبونی پەیوەندییەکانی هێزە.
به دڵنیاییه‌وه، چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ده‌رفه‌تێكی وه‌ها له ده‌ستی خۆی نادات. ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ی كه كه‌مترین ئاوڕی لێ ئه‌درێته‌وه، ئه‌وه‌یه چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی بتوانێت حكومه‌ت پێك بهێنێت و، پاره‌و داهاتێكی زۆریان له به‌رده‌سته، مه‌رزه‌كان و بانكه‌كان و كه‌رتی نه‌وت به‌شێكی زۆری پێشوتر هه‌ر له به‌رده‌ست ئه‌واندا بوه نه‌ك حكومه‌ت و خه‌زێنه‌یه‌كی یه‌كگرتوو له چوارچێوه‌ی دامه‌زراوه‌ی نیشتیمانی دا، وه بتوانن داواكاریی شه‌قامیش (تاڕاده‌یه‌كی باش) جێبه‌جێ بكه‌ن كه خۆی له مووچه‌و چه‌ند كاتژمێرێك كاره‌باو هه‌ندێ هه‌لی كاردا ئه‌بینێته‌وه، به ئه‌گه‌ری زۆریش شه‌قام چه‌ند مانگێك ده‌رفه‌ت به‌و حكومه‌ت بدات كه چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی پێكی ئه‌هێنێت.
سێهه‌م/ پاڵپشتی نێوده‌وڵه‌تی بۆ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی!
یه‌كێك له پرسیاره سه‌ره‌كییه‌كان، ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی به تایبه‌تی "نوری مالیكی" ببێته ڕێبه‌ری پرۆسه‌ی سیاسی له عێراق دا‌و، جڵه‌وی حكومه‌ت بگرێته ده‌ست، ئایا قورس نییه بۆ جیهانی خۆرئاوا‌و وڵاتانی ده‌وروبه‌ر مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكات؟
نازانرێت ئه‌م پرسیارانه بۆ ئه‌كرێت؟ مه‌گه‌ر وڵاتانی هه‌رێمی و خۆرئاوا و كه‌نداو مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی تاڵیباندا ناكه‌ن؟ بۆ قورسه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و واقیعه نوێیه‌دا بكه‌ن؟
به پێچه‌وانه‌وه، له‌ماوه‌كانی ڕابردوو زۆرینه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانه‌كان ئه‌و فیگه‌رانه بون كه ڕه‌زامه‌ندی هه‌ردوو ئێران و ئه‌مریكایان له‌سه‌ر بوه. به ئاشكرا ئیداره‌ی بایدن له هه‌لومه‌رجێك ئه‌گه‌ڕێت كه له‌گه‌ڵ ئێران ڕێك بكه‌وێت.
هه‌رچی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیشه، بۆ خۆیان له‌وه تێگه‌یشتون كه پێویسته ڕه‌زامه‌ندی خۆرئاوا‌و ئه‌مریكا بۆخۆیان به‌رجه‌سته بكه‌ن، ئه‌وه‌ش به‌وه دێته دی كه كورد‌و سووننه له عێراقدا په‌راوێز نه‌خه‌ن. هه‌روه‌ها پێكهاته‌ی حكومه‌ته‌كه هه‌مه‌لایه‌نه بێت بۆ ئه‌وه‌ی شه‌رعییه‌تێكی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی وه‌ربگرێت.
چواره‌م/ كورد‌و ده‌رفه‌ته نوێیه‌كان
به‌رده‌وام له عێراقی دوای سه‌دام حوسه‌ینه‌وه كورد ده‌رفه‌تی گه‌وره- گه‌وره‌ی له‌به‌رده‌ستدا بوه، هەندێکیانی بە باشی قۆستۆته‌وه. به ئاشكرا هه‌زاران بیانی له عێراقدا بگه‌ڕێن هه‌ست ئه‌كه‌ن، هه‌رێمی كوردستان به هەر كه‌موكورتییه‌كه‌وه كه هه‌یه‌تی، جیاوازییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ به‌غداو شاره‌كانی دیكه‌ی باشوردا، وه‌ك جیاوازی نێوان ئیمارات و سودانه.
ده‌رفه‌تی كورد، ته‌نها ئه‌وه‌یه پێش ئه‌وه‌ی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی تر بكات له‌ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا، پێویسته سەرەتا گفتوگۆ له‌گه‌ڵ خۆی بكات. سیاسەت و مامەڵەکردن لە بەغدا جیاوازە، یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ناوچه‌و نفوس و هێزی هه‌یه، فاكته‌رێكی گرنگه، به‌ڵام دیاره كه زۆرینه‌ی سیاسی له هه‌رێمی كوردستاندا لای پارتی دیموكراتی كوردستانه و فاكته‌رێكی گرنگتره بۆ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی كوردستانیش. له سنوری كه‌لار یان چه‌مچه‌ماڵ كه قائیمقامێك یان به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌یه‌ك دائه‌نه‌ن پرس به‌هه‌ندێ خه‌ڵكی ناوچه‌كه ئه‌كه‌ن، ناكرێت بۆ پرسه ستراتیجییه‌كان پۆسته سیادییه‌كان له به‌غدا ڕه‌زامه‌ندی پارتی وه‌ك حیزبێكی ده‌سته‌ڵاتدارو زۆرینه وه‌ر نه‌گیرێت! یان ته‌نانه‌ت له به‌غداو ناو پێكهاته‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیشدا ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر نه‌بێت!
بۆ كورد ده‌رفه‌ته‌كه خۆیه‌تی، لەهەموو شوێن و کاتێکدا دەرفەت هەن. ئەگەر له به‌غدا پارتی و یه‌كێتی و ئیسلامییه‌كان و ئه‌وانی دیكه‌ش، چوارچێوه‌یه‌ك بۆ لێك تێگه‌یشتن و كۆبونه‌وه‌ی ده‌وری دروست بكه‌ن، به‌ته‌واوی بچنه ناو جومگه‌كانی حكومڕانییه‌وه، پۆسته سه‌ربازیی و ئیدارییه‌كان كه پشكی كوردن له‌سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه پڕ بكه‌نه‌وه، توانای ڤیتۆیه‌كی به‌هێزیان هه‌بێت. سیاسەت بۆ کورد بابەتێکی پراگماتییە لە بەغدا، داواکاریی و بەرژەوەندی هەیە، کێ لەم پاکێجەوە نزیکە لەگەڵی ڕێک بکەوێت. ئینجا له‌وه ئه‌ولاتر ئه‌وه‌یه كه به بێ بونی كورد پایه‌كانی حكومه‌ت له عێراقدا زیاتر دائه‌ڕوخێن (هه‌روه‌ك چۆن داڕوخاوه). دەرفەتەکە بۆ کورد لە عێراقدا لەبارە، ئەو دەنگۆیانە ئەبن بە هەڵم کە لایانوابو کیانی هەرێمی کوردستان مەترسی لەناوچونی لەسەرە. دەرفەتەکە بۆ کورد گەورەیە چونکە بە بێ کورد (پارتی و یەکێتی و لایەنە کوردسییەکانی تر) حکومەت لە بەغدا پێک نایات، تەنانەت بە چونی کوردیش بۆ ناو پرۆسەکە هێشتا کەموکورتی لە شەرعیەت و دەنگەکانی ناو پەرلەماندا هەیە.
به‌پێچه‌وانه‌وه، مه‌ترسییه‌كانی هاتنی حه‌شدییه‌كان و چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی گه‌وره‌تر ئه‌بن له‌سه‌ر كورد، به‌تایبه‌ت ڕه‌نگه وه‌زیری نه‌وتی نوێ كه دێته پێشه‌وه توندتر بێت له‌گه‌ڵ هه‌رێمدا، هه‌روه‌ها به درێژایی ئه‌و هێڵه سنورییانه‌ی كورد هه‌یه‌تی له ناوچه دابڕاوه‌كان مه‌ترسیی گروپه چه‌كداره‌كان دروست ببێته‌وه. بۆ ئه‌مه پێشوه‌خت پێویسته كورد ڕێككه‌وتنی هه‌بێت كه به‌غدا ڕێگه‌ی پێ بدات (وه‌ك چۆن به پێی یاسا مافی هه‌رێمی كوردستانه) ئاسمانی هه‌رێم له ڕێگه‌ی ڕادارو به‌كارهێنان و كڕینی درۆنه‌وه بپارێزێت. هەروەها کورد بتوانێت گازی سروشتی بە عێراق بفرۆشێت، ئەوەش فاکتەری ئابوریی و ئەمنی هاوبەشە.
پێنجه‌م/ دۆخی نوێ بۆ سووننه‌كان پێچه‌وانه‌یه
دوای هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی ئۆكتۆبه‌ری 2021، سووننه‌كان پێش هه‌رلایه‌نێك به‌هۆی تێگه‌یشتنی خۆیان له مه‌ترسییه‌كان و هه‌ماهه‌نگی و ڕۆڵی توركیا‌و ئوردن و كه‌نداو ناو ماڵی خۆیان یه‌كخسته‌وه. ئه‌گه‌رچی هه‌ریه‌كه له محه‌مه‌د حه‌لبوسی و خه‌میس خه‌نجه‌ر هاوپه‌یمانی به‌ره‌ی سه‌در بون. زانیاری هه‌یه كه پێش هه‌ركه‌س و لایه‌نێك حه‌لبوسی و خه‌نجه‌ر ئاگاداربون كه سه‌در له پرۆسه‌ی سیاسی ئه‌كشێته‌وه. سووننه خۆیان سێ به‌ره بون "عه‌زم" له‌سه‌ره‌تاوه كه‌وته تای ته‌رازووه‌كه‌ی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگییه‌وه. بێگومان ئه‌م واقیعه نوێیه‌ی هاتۆته ئاراوه، وا ئه‌كات كه ڕێبه‌رایه‌تی عه‌زم "موسه‌نا سامه‌ڕائی" ئه‌و دۆخه دروست نه‌كات حه‌لبوسی و خه‌نجه‌ر له‌ناو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی دا ڕۆڵێكی ئه‌وه‌نده گه‌وره‌یان پێ بدرێت خۆی تیایدا بچوك ببێته‌وه. جگه له‌وه‌ی كه له‌ناوخۆیاندا چه‌ندین فیگه‌ری دیار هه‌یه به مه‌رجی وه‌رگرتنی پۆست كه‌وتونه‌ته ناو بازنه‌ی حه‌لبوسی و خه‌نجه‌ره‌وه، ئه‌گه‌ر له پێكهاته‌ی حكومه‌ته- شیعییه‌كه‌ی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگییدا ڕۆڵیان پێ نه‌درێت جیا ئه‌بنه‌وه‌و، به‌ملاو لای دیكه‌دا ئه‌چن.
ده‌رئه‌نجام
موقته‌دا سه‌در له پرۆسه‌ی سیاسی كشاوه‌ته‌وه. ئه‌وه‌ش ده‌رفه‌تێكی گه‌وره‌یه بۆ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی. چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی كاتێك ئه‌توانێت ئه‌م قۆناخه‌و قۆناخی دواتر به سه‌ركه‌وتوویی ببڕێت، كه سێ خاڵی سه‌ره‌كی بكاته بنه‌مای جێگیر له سیاسه‌ت و ئه‌جێندای ئێستا‌و داهاتویان:
یه‌كه‌م/ ناكرێت و ناگونجێت عێراق به ته‌واوی بكه‌وێته ده‌ستی ئێران و، حكومه‌تێكی وه‌لائی- ئێرانی دروست بكرێت كه ڕه‌زامه‌ندی ئه‌مریكاو ئه‌وروپای تیا ڕه‌چاو نه‌كرێت، ئه‌وه‌ش ئه‌بێته شكستێك كه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه مانای نه‌بونی ڕوئیاو پلانی نوێیه بۆ به‌دامه‌زراوه‌كردنی سێكته‌ره‌كانی حكومڕانی.
دووه‌م/ دوای كشانه‌وه‌ی سه‌در له پرۆسه‌كه، به بێ هاتنی كورد بۆ ناو حكومه‌ت هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئه‌م حكومه‌ته هیچ سیمایه‌كی شه‌رعی و فاكته‌ری خۆ-ڕاگرتنی نابێت. به‌هه‌مان شێوه بۆ سووننه‌كانیش وه‌هایه. بۆیه چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی به جیا-جیا ده‌ست به گفتوگۆ ئه‌كه‌ن له‌گه‌ڵ كورد‌و سووننه‌كان.
سێهه‌م/ حكومه‌ته‌كه سه‌ركه‌وتوو نابێت ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌ی دوو مانگدا نه‌توانێت به‌و ئاڕاسته‌یه هه‌نگاو هه‌ڵبگرێت كه شه‌قام و خه‌ڵكی ناڕازی ئه‌یخوازێت. به‌تایبه‌تی ته‌واوی هێزه چه‌كداره‌كان بخاته ناو چوارچێوه‌ی هێزی نیشتیمانی ده‌وڵه‌ته‌وه.
ئه‌گه‌ر چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی توانی ئه‌و سێ گرێ گه‌وره‌یه تێ بپه‌ڕێنێت، ئیتر ئه‌مه عێراقه‌و، چه‌ندین سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ی تێدایه، به‌ڵكو بتوانن تا ئەندازەیەک دیوێكی مۆدێرن له حكومڕانی نیشان بده‌ن و، نه‌بنه مه‌ترسی بۆ سه‌ركوردو سووننه. به‌ڵكو له‌و قووڵاییه تێبگه‌ن كه گه‌نج له عێراقدا ته‌كنه‌لۆژیا-یان له به‌رده‌سته‌و، جیاوازی ژیان و سه‌رده‌مه‌كه ئه‌بینن، خواستی خۆیان ئه‌ناسن، ناچنه ژێر باری فتواو مه‌رجه‌عه‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه په‌یڕه‌و كرا، ئه‌وا ده‌نگوباسی موقته‌دا سه‌در له هه‌واڵه‌كاندا نامێنێت و، ڕه‌نگه له حه‌وزه‌یه‌كدا خه‌ریكی خوێندن و ئیعتیكاف بێت. به پێچه‌وانه‌وه به هه‌مان تێگه‌یشتنی پێشوو، گرفت له‌گه‌ڵ كورد و سووننه دروست بكه‌ن و، كێشه ژینگه‌یی و مرۆیی و ئه‌منی و ئابورییه‌كان به‌رده‌وام بن، زەمینە بۆ مانۆڕیکانی سەدر خۆش بکەنەوە، ئه‌وا هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ده‌رفه‌ته‌كه له ده‌ست ئه‌ده‌ن. بێگومان ئەگەر حکومەت لە عێراق بەوجۆرەی سەرەوە پێک نەیەت، ئەوا تێک-بەربونی ناوخۆیی و جەنگە مەترسیدارەکە سەرهەڵئەدات. کە پێویستە کورد هەر لە ئێستاوە لە ئاستی ناوخۆی هەرێم و بەغداو دەرەوە زەوی بەیاری خۆی بکێڵێت و، پێ- بە پێ لەگەڵ ئەو دابەشبون و جەمسەرگیرییە جیهانییە نوێیەی بەڕێوەیە، بەرژەوەندییەکانی خۆی بپارێزێت و، ئامادەیی لە گفتوگۆکاندا هەبێت.