بەرپرسێکی باڵای رۆژئاوای کوردستان لە بۆردومانەکەی کەلار شەهید بووە

کوردستان 18/06/2022

کەمێک پێش ئێستا ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: دوێنی لە سنووری پارێزگای سلێمانی ئۆتۆمبێلێكی مەدەنی لەلایەن فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی توركیاوە كرایە ئامانج، كە بووە هۆی شەهیدبوونی بەڕێز فەرهاد شبلی، جێگری هاوسەرۆکانی ئەنجومەنی جێبەجێکاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، كە بۆ ئەنجامدانی پشکنین و وەرگرتنی چارەسەری پزیشکیی سەردانی شاری سلێمانی کردبوو.
هەروەها هاتووە، ئەم کارە شەڕانگێزەی تورکیا لە چوارچێوەی بەئامانجکردنی ئیدارەی خۆسەر و تێکدانی ئەزموونەکانییەتی لەڕێگەی لەناوبردنی بەرنامە بۆداڕێژراوی گەلەکەمانەوە و دەڵێت: لە کاتێکدا ئێمە بە تووندترین شێوە ئەم کارە ترسنۆکانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئیدانەی دەکەین، کە بەشێکە لە تیرۆری دەوڵەت و جینۆساید.
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا داواش لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، “بەرپرسیارێتیی لە ئەستۆ بگرن و هەڵوێستی خۆیان لەسەر ئەم کردەوە تیرۆریستییە دەرببڕن، هه‌روه‌ها داوا له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ین، ڕۆڵی خۆیان به‌ گوشار خستنه‌ سه‌ر ده‌وڵه‌تی تورك بگێڕن، بۆ ڕاگرتنی ئه‌م هێرشانە، كه‌ سه‌قامگیریی ناوچه‌كه‌ تێكده‌دات، بەبێ ئەوەی هیچ پاساوێك هەبێت، سه‌روه‌ریی وڵاتانی سه‌ربه‌خۆ پێشێل ده‌كه‌ن و دژایه‌تیی هه‌موو ستاندارد و جاڕنامە‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌كه‌ن.
خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی شەهید فەرهاد و هاوکارانی لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی و سەرجەم پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکات.

سەرچاوە: رۆژنیوز