بە مەبەستی ڕێگری لە قاچاخچیەتی و یاسا شکێنی وەزیری دارایی و ئابوری لەگەڵ فەرماندەیەکی پاسەوانی سنوور كۆبووەوە

ڕاپۆرت 08/06/2022

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی 2022/6/8 ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری لەگەڵ بەڕێز لیوا ڕوكن (حماد فازڵ هادی دزەیی) فەرماندەی پاسەوانی سنووری ناوچەی یەکی وەزارەتی ناوخۆیی عێراق و شاندێکی یاوەری لە دیوانی وەزارەتی دارایی و ئابووری کۆبوونەوە.
لەمیانی کۆبوونەوەکەدا، بەڕێز ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابووری باسی لە دیاردەی قاچاخچیەتی و یاسا شکێنی لە سنوورەکان کرد. جەختی لەوە كردەوە دەبێت بە هەموو لایەكەوە هەوڵی بنەبڕكردنی یاساشكێنی بدرێت.
لەو كۆبوونەوەیەدا كە جێگری بەڕێوەبەری گشتی گومرگ عەبدولقادر عەبدوڵا بەشداربوو، چەندین ڕاو پێشنیازیان گۆڕییەوە تاوەكو ڕێگریکردن و نەهێشتنی دیاریدەی قاچاغ و یاسا شکێنی بچێتە بواری پراكتیكەوە.
لای خۆشیەوە، لیوا ڕوكن حماد فازڵ بەلێنیدا کە هاوکاری وەزارەتی دارایی هەرێم بکات و ئەو کەسانەی کە لە پشتی کارە نا یاساییەکانەوەن، بۆ ئەوەی بەبێ جیاوازی ڕوو بەرووی یاسا بکرێنەوە.
لە كۆتایدا، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری باسی لەوەكرد" هەموومان بۆ چاكسازی هاتووین بۆیە دەبێت ئەوانەی یاسا شكێنی و كاری قاچاخچێتی لە سنوورەكان ئەنجام دەدەن، ڕێگرییان لێبكرێت. لە هەمان كاتدا ئەوەی لە توانای وەزارەتی دارایی و ئابوری بێت درێغی ناكەین."