لۆگۆی دەوڵەتی عێراق و لۆگۆی دەوڵەتی ئەیوبیەکان

عێراق 05/06/2022

لۆگۆی دەوڵەتی عێراق و  لۆگۆی دەوڵەتی ئەیوبیەکان

لۆگۆی هەر وڵاتێک ئاماژەیە بە سومبولەکانی ناو ئەو کۆمەڵگایە یان باسی ڕووداوێکی مێژووی دەکات کە لە زۆرینەیاندا زاڵ بوونە بەسەر دەسەڵاتە ستەمکارەکاندا بێ گومان هەڵۆ وەک لۆگۆیەک و بە چەند شێوازێکی جۆراوجۆر لە هەموو سومبولە دیارەکانی نێو نەتەوە و تەنانەت وڵاتە زل هێزەکانیشدا وە هەروەها لە هەندێ وڵات شێر یان شمشێر وەک ئاماژەیە بە دەسەڵات و هێزیان داناوە لە لۆگۆکانیاندا .

بۆ نموونە لۆگۆی ئەمریکا هەڵۆیەکی کەچەڵە(سەرگەڕ) کە ئاماژەیە بۆ هێز و شکۆمەندی و هەروەها لۆگۆی ڕوسیا هەڵۆیەکە قەڵغانێکی سووری پۆشیوە و لۆگۆی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا کڵاوەیەکی ئاڵتوونیە لەسەریەوە تاجێک دانراوە هەروەها لەگەڵ شێرێکدا و لۆگۆی وڵاتێکی ئیسلامی عەرەبی وەکو شانشینی سعودیە دوو شمشێری لێکدراوە لە نێوانیاندا دار خورمایەک.

شانازیە بۆ گەلەکەمان وەکو نەتەوەی کورد کە سەرکردەیەکی وەکو سەڵاحەدینی ئەیوبی تێ هەڵکەوتووە و دامەزرێنەری دەوڵەتی ئەیوبیەکان بووە کە مێژوویەکی پڕ سەروەری بۆ گەلەکەمان و گەلەکانی ناوچەکە تۆمار کردوە دەوڵەتێکی وا کە پانتایەکەی میسڕ و بەشێک لە سودان و سوریا و لوبنان و بەشێک لە یەمەن و بەشێک لە تورکیای ئێستای دەگردە خۆ و بۆ ئەو سەردەمە کە لۆگۆ و دروشمی هێز و دەوڵەتەکان گرنگی خۆی هەبوو دەوڵەتی ئەیوبی کە نزیکەی (١١٠) ساڵ حکومڕانی ئەو ناوچانەی کرد کە ئاماژەم پێدا.

لە ساڵەکانی (٥٣٢-٥٨٩) کۆچی، (١١٣٨-١١٩٣) زاینی، و ئەم لۆگۆیە ئێستا پارێزراوە لە قەڵای سەڵاحەدین لە ناوەڕاستی قاهیرەی پایتەختدا و لە چەندین وڵات وەکو میسڕ و سوریا و عێراق و چەند وڵاتێکی عەرەبی بووەتە لۆگۆیەک وەک دیفاکت و ئەمری واقیع. 

وڵاتی میسڕ لە ساڵی (١٩٢٣) لە مانگی کانونی یەکەم بە مەرسومێکی جمهوری ژمارە (١٣٠) لۆگۆی هەڵۆی سەڵاحەدینی ئەیوبی بە فەرمی ناساند بەڵام لە ساڵی (١٩٨٤) کاتێک یەکگرتووی کۆمارە عەرەبیەکان ڕاگەیەندرا کە پێک هاتبوون لە میسڕ و سوریا و لیبیا لۆگۆی هەڵۆیان لابرد و لۆگۆیەکی دیکەیان دانا ناویان لێ نا (صقر قریش) بەڵام هەر لە هەمان ساڵدا موحەمەد حوسنی موبارەک هەڵۆکەی سەڵاحەدینی ئەیوبی گەڕاندەوە دوای ڕەزامەندی ئەنجومەنی گەل (پەرلەمان) بۆ ئەوەی لۆگۆی سەڵاحەدینی ئەیوبی بە فەرمی هەژمار بکرێ و تەنانەت کردیە نێو ئاڵای دەوڵەتی میسڕەوە و هێمای هەڵۆ وەک ئاماژەم پێیدا لە چەندین وڵاتدا لۆگۆی فەرمیە تەنانەت وەکو فەڵەستین و ئوردن و یەمەن و لیبیا و سۆماڵ و هەرێمی کوردستانی خۆمان.

و هەموو ئەو لۆگۆیانەی کە هێمای هەڵۆی لەسەر بە پێی چەمک و تێگەیشتنی وڵاتەکان تێکەڵاوە لەگەڵ ڕەنگەکانی سوور و سپی و ڕەش و سەوزدا و هێمای هەڵۆکە بە تێڕامانێکی تیژەوە تەماشای لای ڕاستی خۆی دەکات وەکو ئاماژەیەک بۆ هێز و شکۆمەندی.

ئەوەی جێگەی سەرنجە لە دوای پرۆسەی ئازادی ڕوخانی ڕژێمی پێشوو و نووسینەوەی دەستور و باسکردنی بابەتی دروشمی وڵات و لۆگۆ و سروودی نیشتمانی و چەند بابەتێک چەند بڕگە و مادەیەکی لەسەر هاتوە، لێرەوە لە ساڵەکانی (٢٠١٥-٢٠١٧) هەوڵ و کۆششی زۆر درا لە لایەن چەند کەسانێکی لیبراڵ و شۆڤێنی و تایفی کەوا هەڵۆ هێما نیە بۆ نەتەوە و خاکی وڵاتی عێراق بەڵکو هێمایەکە بۆ دەوڵەتی ئەیوبی کە سەڵاحەدینی ئەیوبی دامەزرێنەری بوو لە سایەی خیلافەتی عوسمانیەکاندا و لەبەر توندڕەوی و بیر تەسکی بەرامبەر هەوڵێکی زۆر درا ئەو هێمایە بگۆڕدرێ بۆ چەند شێوەیەک وەکو شێری بابل و گای باڵدار و چەند هێمایەکی تر، لێرەوە دەبێ ئاگاداری نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق بکەین ئەگەر هەر هەوڵایک درا لەو بارەیووە دەبێ بە هیچ شێوەیەک گۆڕانکاری لەو هێمایە بکرێ کە بەشێکە لە مێژووی نەتەوەی کورد و فەرمانڕەوایەتی کوردەکان لەو ناوچانەی ئاماژەم پێدا.

 و ئێستا لە کوردستان لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر هەڵۆیەکە باڵەکانی بەرز کردۆتەوە بۆ ئامادەیی فڕین و خۆ سازدان بەرامبەر نەیارانی کورد بۆیە لە هەر ئەگەرێکدا ئەگەر لۆگۆی دەوڵەتی عێراقیش گۆڕدرا ئەوە بە پێی دەستوری عێراقی ناتوانن لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بگۆڕن و دەبێ وەکو ئەرکێکی نیشتمانی و مێژووی پارێزگاری لەو لۆگۆیە بکەین.
ئەگەری ئەوە هەیە زۆر هاوڵاتیانی کورد ڕق و قینێکی گەورەیان هەبوبێ لەو لۆگۆیە ، وە وایان زانیبێ ئەوە لۆگۆی ڕژێمی فاشستی بەعسی پێشو بوبێ ، وە نەیزانیبێ ئەوە لۆگۆی باپیرە گەورەی سەلاحەدینی ئەیوبێتی کە دامەزرێنەری دەوڵەتی ئەیوبی کوردی بوە وە دەبێ شانازی پێوە بکات .

م.م حەسەن ئەمین محەمەد شێخانی 
مامۆستای زانکۆ و توێژەر 
زانکۆی سەڵاحەدین کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان