فێستیڤاڵی گەلاوێژ لە تەمەنی بیستوپێنج ساڵیدا

رۆشنبیری 29/05/2022

بابەکر دڕەیی

ئەمساڵ بیستوپێنج بەهار بەسەر دەسپێکی چالاکیەکی گرنگی رۆشنبیری و ئەدەبیدا تێدەپەڕێت کە بە ناوی گۆڤارە ناودارەکەی مامۆستایان برایم ئەحمەد و عەلائەدین سەجادی یەوە ناونراوە "گەلاوێژ"..
ڤیستڤالی گەلاوێژ، بە حوکمی هەلکشانی تەمەن و کامڵبونی، هەروەها بەو هۆیەش کە بۆتە روداوێکی چەسپاوو سەقامگرتوی ئەدەبی و هونەری لە ناوچەکەدا، شایستەیە سەرنج بدرێ و شوێنی خۆی لە زەینی هەمواندا بکاتەوە:
یەکەم: ئەم چالاکیە ئەدەبی و کلتوریە 25 ساڵی رەبەقە بەردەوامە..بیستوپێنج ساڵ بە هەمو پێوانەیەک قەبارەیەکی مەزنی "کات" ی لە خۆیدا شاردۆتەوەو یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانی سەرکەوتن و شایستەیی ڤیستیڤالی گەلاوێژ بەردەووامبون و راوەستاویەتی لەو مەودا زەمانیە درێژەدا کە هەرێمی کوردستان بە قورسترین قەیرانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و هتددا تێپەریوە و هێشتاش هەر لە قۆناغی تێپەریندایە...
راوەستانی روداوێکی ئەدەبی و کلتوری بۆ ماوەی 25 ساڵ لەبەردەم جۆرەها رەشەبای ناکۆک و دەیان پلان و هەڵەخوێندنەوەو لێکحاڵینەبون و قەدرنەزانیندا، خۆی لە خۆیدا شایستەی مەدالی ئالتونیە بۆ سەرجەم ئەوانەی لەسەرەتاوە ئەم بۆنە کلتوری و ئەدەبیەیان بە سلێمانی و کوردستان ناساند..
بیستوپێنج ساڵ وەک پێوانەیەکی زەمانی کاتێک باشتر رووندەبێتەوە کە بزانین رێژەی تەمەنی مرۆڤ تاسەدەی نۆزدەش لە دەوری 25 و سی ساڵیدا دەخولایەوە.. بۆیە زانینی بایەخی زەمانی فێستیڤالی گەلاوێژ پێمان دەلێ کە ئەم هەولە لەباریدا هەیە تا ئاستی ڤیستیڤالە ناودارەکانی وەک گینت و ڤینیز و قارتاج و میونیخ و زۆر شاری تری جیهان تەمەن بکات و بە سەرکەوتویی ببێتە مایەی جۆرێک لە شادی و داهێنان بۆ بەشداران و میوانەکانی...
دوەم : سالی 2018 بەرێز کاک دکتۆر بەرهەم ئەحمەد سالح چەند بەرێزێکی بە بەندە ناساند کە هاولاتی ئەمریکی بون و لە زانکۆی ئەمریکی سلێمانی وانەیان دەوتەوە( بەرێزان ماری لابرۆز و دەیڤد شوک) .. ئێمە( ئەوکات من وەک بەرێوەبەری گشتی رۆشنبیری سلێمانی و کاک د هەڤال ئەبوبکر وەک پارێزگار) بە خێرایی پێشنیاری ئەو دو مامۆستا بەرێزەمان قۆستەوە کە سلێمانی وەک "شاری داهێنەری ئەدەبی جیهانی" لە یونسکۆ بناسێنین... بۆ ئەو مەبەستە هەمو هەولەکانمان لە ماوەی چەند مانگێکدا خستەگەر.. هەم وەزارەت و هەم کۆی دەزگا رۆشنبیریەکان بەپیرمانەوە هاتن و بۆ سەرخستنی پرۆسەکەو وەرگیران لە یۆنسکۆ، یەکێک لە مەرجەکان ئەوەبو شارەکەمان چەند ڤیستیڤالێکی بەردەوامی تیابێت کە لە ئاستی جیهانی یان ئیقلیمیدا بن.. بۆ ئەو مەبەستە راستەوخۆ پەیوەندیمان کرد بە کاک سامی هادی ( لە بەریوەبەرانی ڤیستیڤال) تا کۆی دیکۆمنت و بلاوکراوەکانی ڤیستیڤالی گەلاوێژ تۆماربکەین و فۆرمی بەشداریمان کەموکورتی نەبێت.. هەمان کار بۆ ڤیستیڤالی فیلمی نێودەولەتیش ئەنجامدرا کە ئەویش چەند سالێک بو لە سلێمانی دەستیپێکردبو... سەرەنجام سلێمانی لە یۆنسکۆ بەهۆی مێژووی جوانی خۆی و هەبونی دو ڤیستیڤالی سالانە تیایدا لە یۆنسکۆ وەک شارێکی داهێنەری ئەدەبی وەرگیرا.. بیگومان ئەندامەتی لەو نێوەندە جیهانیەدا مەسەلەیەکی ئێجگار بایەخدارە و من ناتوانم لێرەدا لەسەری برۆم.. ئەوەی گرنگە ئەوەیە بزانرێ بە بێ هەبونی ئەم دو روداوە هونەری و ئەدەبیە سلێمانی نەیدەتوانی ببێتە شارێکی جیهانی لە ئاستی پاریس و مەدریدو مانچستەرو سەدان شاری تری ناوداری دنیادا ناوی بێت... بۆیە پێویستە ئەم لایەنە وەک ماندوبونی بەرێوەبەران و دامەزرێنەرانی ڤیستیڤال بەرێزو پێزانینەوە لەبەرچاو بگیرێ....