سەلەفییەک ژنان دەنێرێتەوە ماڵەوە

کوردستان 29/05/2022


مەریوان وریا قانع 

یەکێک لە دەرکەوتە ھەرە سەرەکییەکانی گوتاری سیاسیی و دینیی و ئەخلاقیی بەشێکی گەورەی ھێزەکانی ئیسلامی سیاسیی و چالاکەوانە دینییەکان، بریتییە لە بەکەم تەمشاکردنی ژنان و وێناکردنیان وەک بوونەوەرێکی نووقسان. لە ڕێگای ئەم وێناکردنە تایبەتەشەوە گەشە بە ویستێکی بەھێزی باڵادەستبوون و کۆنترۆڵکردنێکی تەواوەتی ژیانی ژنان، دەدەن. ئەم کۆنترۆڵکردنە دەتوانێت تا ئاستی لەدایکبوونی ویستی ئازاردنی مێینە، ویستی شاردنەوە و داپۆشینی، ویستی بێدەنگکردن و سەندنەوەی زمان لێی، ویستی سنووردارکردنی جوڵە و ھەڵسوکەوتەکانی، ویستی ڕێگرتن لە خوێندن و فێربوون و ئیشکردنیان، بڕوات. 

سەد ساڵێک لەمەوبەر حەسەن بەنا، دامەزرێنەری بزاوتی ئیخوانی موسلیمین، بڕێکی بەرچاوی ئەم ویستانەی لەناو ئەو پارتە سیاسیی و ئەو ئایدیۆلۆژیا دینییەدا بەرجەستەکرد کە لە میسردا دروستیکردن. ڕێکخراوەکەی حەسەن بەنا بونیادێکی پاتریاریکی پیاوسالارانەی ھەبوو، بە دەگمەن نەبێت ژنێک ڕێی نەکەوتۆتە ناو پێگە گرنگەکانی ڕێکخراوەکەوە. حەسەن بەنا باوەڕیشی وابوو کچان دەتوانن بخوێنن، بەڵام بۆیان نییە یاسا، زمانە بیانییەکان و بەشە تەکنۆلۆژییەکان بخوێنن. ھەروەھا باوەڕی تەواوی بە فرەژنیی و باڵادەستی پیاو بەسەر ژندا ھەبوو، تەنھا پیاویشی بە خاوەنی مافی جیابوونەوە و تەڵاقدان، دەزانیی. لە دابەشکردنی ویراسەتیشدا بەرگریی لە نایەکسانییانە دەکرد، کە شەریعەت بەسەر ژناندا سەپاندویەتی. 

بە درێژایی سەد ساڵی ڕابردوو ئیسلامییەکان بە دەگمەن نەبێت شتێکی ئەوتۆیان لەم گوتارە دژە ژن و لەم وێناکردنە کەمنرخێنەرەی ژنان، نەگۆڕیوە. لە ئێستاشدا و لەگەڵ بەھێزبوونی بزاوتە سەلەفییەکاندا، بەشێکی گەورەی دین و دینداریی بەسەلەفی بووە و بەشێکی گەورەی باڵەکانی ئیسلامی سیاسیش ڕوویان لە بەسەلەفیبوونە. لەم دۆخە تازەیەدا گوتاری دژە ژن بەھێزتر و ھەمەلایەنتر و پەڕگیرتربووە.  لەشی ژنان خۆیشیان، بە لەشی کچانی کەم تەمەن و  منداڵیشەوە، بووە بە سەرزەمینی ڕەمزیی ئیشکردن و ململانێی ھێزەکانی ئیسلامی سیاسیی. لەم چەند ساڵەی دواییدا و  بەبەردەمی کامێراکانەوە، بە تەکنیکێکی خۆنمایشکەری شانۆییەوە، لەناو چەندان ھۆڵی گەورەدا، وەک ”زەی موەحد“ی سیستمە تۆتالیتارەکان، ”حیجابی موەحەد“یان کردۆتە سەری ھەزارەھا منداڵ. ئەم کارەشیان بەناوی ”ھەڵبژاردنی ئازادیی“ ئەو منداڵانەوە بە کۆمەڵگا و بەڕەخنەگرەکانیان، فرۆشتوە. 

دەرکەوتێکی ئەم دۆخە تازەیەی بەسەلەفیبوونی دین و دینداریی، لە قسە و باسی ئەو گوتاربێژ و بانگخوازە دینییانەدا بەرجەستەیە، کە ئامادەگییەکی بەرچاویان لەناو ڕووبەری گشتیی کۆمەڵگاکەدا ھەیە، لەوانەش، بۆ نموونە، قسەکانی دکتۆر عەبدولواحید سەبارەت بە ناردنەوەی ژنانی ئیشکەر بۆ ماڵەوە و دانانی گەنجان لە شوێنەکانیان، بێگومان دانانی گەنجانی کوڕ لە شوێنیان. بەر لە ھەمووشتێک دکتۆر عەبدولواحید خاوەنی جورئەت و خاوەنی عەقڵیەتێکە ژنان وەک بوونەوەری بێبڕیار و بێخواست و بێئیرادە وێنادەکات، کەی پیاوێکی وەک ئەو ویستی، بێگومان بە ھاریکاریی چەندان پیاوی تری ھاوشێوەی خۆی، بڕیاری ئەوەبدەن ژنان وەک ڕانەمەڕ و بە کۆمەڵ بنێرنەوە ماڵەکانی خۆیان. با واز لەم لایەنە ناشیرین و پیاوسالارە بیمارەی مەسەلەکە بھێنین و سەیری ئەو تێگەیشتنە بۆ دین بکەین، کە لەپشتی ئەم جۆرە مامەڵەکردنەی ژنانەوەیە وەک ئاژەڵێکی بێئیرادە کە پیاوان چۆنیان ویست بەوجۆرە ئاراستەیان، بکەن. 

لەم ڕوانینەدا دین بەر لە ھەموو شتێک لەوە کەوتوە ھێزی دەوڵەمەندکردنی ژیانی باوەڕداران و ھێزی کرانەوەیان بێت بەسەر جیاوازیی و ئاڵۆزییەکانی جیھاندا، لەوە کەوتوە باوەشکردنێکی بەڕەحمانەبێت بەیەکتردا، یاخود ھێزێک بێت بە مرۆڤی باوەڕدار ڕەھەندێکی ڕۆحی ببەخشێت و بیکاتە بوونەوەرێکی ناسک و خاوەن ویژدان. لەم دۆخەدا دین گۆڕاوە بۆ ئیرادەیەکی سادیستیی ئازاربەخش کە لەسەر ئازاردانی ئەو ژینگەیە کاردەکات کە لەناویدا ئامادەیە. دیندارەکانیش دەگۆڕێت بۆ کەسایەتییەکی سادیستی کە چێژ لە ئازاردانی کەسانی دەوروبەریان ببینن. ئەم ئیرادە دینییە تازەیە، کە ئیرادەیەکە ڕەگەکانی لەناو سەلەفیەتی وەھابیدایە، بە زمانی ئیھانەکردنێکی ڕۆژانە و بەردەوامی ژنانەوە ئەدوێت. زمانێکی دینیی کە ھێرشبردنە سەر ئافرەت و تەوھین پێکردن و ئازاردانیان، بەشێکە لە ڕێزمان و جەبرەکانی ئیشکردن و دەرکەوتنی ئەو زمانە. 

بێگومان ڕقبوونەوە لە ژن و ویستی ئازاردانی مێینە، ئاکارێکی سایکۆلۆژیی سروشتی نییە لەناو پیاودا ئامادەبێت، جەوھەرێک نییە بەدرێژایی مێژوو لەگەڵمانادا ھاتبێت، شتێکیش نییە بە جەوھەری گریمانکراوی پیاوبوونەوە گرێبدرێت، بەڵکو بەرەمێکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و فەرھەنگییە و بەخواست و ئیرادەی کۆمەڵێک ھێزی کۆمەڵایەتییە گرێدراوە. بە بۆچوونی من  ئەم ڕق و ترسە بەربڵاوەی ئەمڕۆکە لە ژنان ئامادەیە، ئەم فۆبیایە لە ئامادەگیی ژن لەناو ژیانی کۆمەڵایەتیدا، دیاردەیەکی تازەیە، بەشێک نییە لە پەیوەندییەکی کولتوریی و مێژوویی کۆن. لە پەنجاکان و شەستەکان و ھەفتاکان و ھەشتاکاندا ئەمجۆرە پەلاماردانەی ژن و ئەم مۆدێلە لە گوتاربێژ و بانگخوازیی دینیی بوونیان نەبوو، ھەشیانبووبێت بوونێکی تەواو سنووردار و پەراوێزیان ھەبووە. ئەوەی ئەمڕۆ ئامادەیە دیاردەیەکی تازەیە و پەیوەندیی بە دیاردەی بەسەلەفیبوونی دینەوە ھەیە لەناوچەکەدا. سەلەفیبوونێک لە پشتییەوە پیترۆ دۆلاری سعودیی و وڵاتانی خەلیج لە شەست ساڵی ڕابردوودا ڕۆڵێکی سەرەکیی و بنەڕەتیان تێدابینیوە. 

 بە کەمتر سەیرکردن و نرخاندنی ژنان، وێناکردنیان وەک بوونەوەری کەمتر و نزمتر لە پیاو، دیاردەیەکە ئەمڕۆکە بەرگریلێکەرانی چیتر نایشارنەوە، بۆ بەڵگە و سەلماندانی ئەو بەکەم زانینە بۆ کتێبە پیرۆزەکان دەگەڕێنەوە و خودا خۆیشی دەکەن بە دروستکەری ئەم ناھەقیی و ناماقوڵییە گەورەیە. دانانی سەرچاوەکانی ئەم ڕقە بەرامبەر بە ژن لەناو ئیرادەی خودا و کتێبە پیرۆزەکانیدا، ئەو دۆخەی خولقاندوە ڕقی ئەم پیاوانە لە ژن چیتر دیاردەیەکی شاراوە و ژێربەژێر نەبێت، بەڵکو دیاردەی ناو سێنتەری بیرکردنەوەی دینیی خۆی و ناو سێنتەری چالاکیی چەندان بانگخواز و گوتاربێژ و خوێندەواریی دینیی و نیمچەدینیی، بێت. وەک بەشێکی سەرەکیش لە گوتاری ئیسلامی سیاسیی ئامادەبێت و کاربکات. ئەم بەکەمتر سەیرکردن و نرخاندنەی ژنان  بەناو شادەدەماری زیاد لە ھێزکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و فەرھەنگیدا دەگەڕێت و ڕۆژانە بەشێوازی جیاواز کۆمەڵگای ئێمە، بە تایبەتی ژنان، بە تایبەتیتریش ژنانی ئیشکەر و چالاک و خاوەن زمان، ڕوویان بە ڕوویدا دەتەقێتەوە. 

ئەم لەشکرە لە بانگخواز و وتاربێژی سەلەفیی دینیی، باوەڕیان وایە ئیشی سەرەکیی یاسا و  بەھا و نۆرمە کولتورییەکان ئەوەیە پێگەی ژنان بەنزمی بھێڵنەوە و وا لەژنان بکەن  بڕیارە سەرەکییەکانی ژیانی خۆیان لە دەستی خۆیاندا نەبێت، نەتوانن بەشداربن لەو بڕیارانەدا کە بێدەربەستانە کەسانی وەک دکتۆر عەبدولواحید دەربارەی ژیان و بوونی ئەوان، ئەیدەن. ئەم لەشکرە سەلەفییە دەیانەوێت ژنان گوێگرێکی ئیفلیجیی ئەو بڕیارانە بن کە ئەوان وەک پیاو، پیاوی دینیی سەلەفیی، دەریدەکەن. دەیانەوێت ژنان ھێز و توانا و ئیرادەی وەڵامدانەوە و بەگژاچوونەوەیان نەبێت. ژنان قوڕێکبن ئەوان چۆنیان بوێت بەوشێوەیە بیشێلن. ئەم مۆدێلە لە پیاوی دینیی سەلەفیی کە خۆیان بە نوێنەر و قسەکەری ژمارە یەکی خودا دەزانن، کەس بۆ نییە قسە لە قسەیاندا بکات، چجای ژن کە لای ئەوان بوونەوەرێکی کەمنرخ و نووقسان و گەمژەیە. 

 ئەم جۆرە لە دینداریی و ئەم مۆدێلە لە بانگخوازیی دینیی نەک تەنھا خەریکی دروستکردنی ئێستایەکی نائیسنانی ناشیرین و تەواو دواکەوتون، بەڵکو دەیانەوێت ئەو دەسکەوتانەش بسڕنەوە کە لە قۆناغەکانی پێشتردا بەدەستھێنراون. ژنان کە ساڵانێکی درێژە مافی ئیشکردنیان بەدەستھێناوە، ئێستا دکتۆر عەبدولواحید و ھاوشێوەکانی دەیانەوێت ئەو مافەیان لێبسێننەوە.  ئەمانە تەنھا ئەمڕۆ و سبەینێ وێران ناکەن، بەڵام ڕابردووش وێراندەکەن.

سەرچاوە: سایتی درەو