٢٥ ساڵە گەلاوێژ لە سلێمانییەوە دەدرەوشێتەوە

کوردستان 25/05/2022

 

چاودێر - ڕاپۆرت
رۆژی 25/5/2022 بیسوتپێنجەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ، لە دەستپێکێکی تەواو جیاواز و پڕ لە میوان و نووسەران و ڕۆشنبیرانی نەتەوە و وڵاتە جیاوازەکان، لە تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی دەستی بەکارەکانی کرد.
لە سەرەتای دەستپێکی فێستیڤاڵدا، فیلمێکی دیکۆمێنتەری دەربارەی بیستوچوار فێستیڤاڵی ڕابردوو نمایش کرا. دواتر ژمارەیەک کەسایەتی وتاریان خوێندەوە.
د.ئیبتیسام ئیسماعیل، سەرۆکی بنکەی ڕووناکبیریی گەلاوێژ ئاماژەی بەوە دا، فێستیڤاڵی گەلاوێژ نموونەیەکی بەرزی ئاوێتەبوونی نووسەران و ئەدیبانە لە وڵاتە جیاوازەکانەوە و جەختی لەوە کردەوە، دەیانەوێت فێستیڤاڵ دوای فێستیڤاڵ زیاتر بگەشێننەوە و خزمەت بە بوواری کولتوور و ڕۆشنبیری و شاری سلێمانی بکەن.
هاوکات وتارێک لە لایەن بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیریی عێراق خوێندرایەوە و تیایدا ڕایگەیاند: هاتووین بەشێک بین لەو بەهرە و داهێنانەی گەلاوێژ هەڵێگرتووە. هاتووین بۆ سلێمانی کە ئەستێرەیەکی گەورەیە بۆ لەخۆگرتنی نووسەران و ڕووناکبیران.
دواتر حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتارێکی خوێندەوە و باسی لەوە کرد، شانازی بە پاڵپشتیکردنی فێستیڤاڵی گەلاوێژەوە دەکەن و وەک حکومەتی هەرێم بە گرنگی و سوپاس و ڕێزەوە دەڕواننە گەلاوێژ.
لە درێژەی وتارەکاندا، مەلا بەختیار، سەرپەرشتیاری گشتیی فێستیڤاڵی گەلاوێژ وتارێکی خوێندەوە و ئاشکرای کرد، گەورەترین شانازیی ٢٤ ساڵی ڕابردووی دوو شتە، ئەوانیش یەکەمیان ئەوەیە کە لە هەموو فێستیڤاڵەکاندا هیچ وشەیەک سانسۆر نەکراوە. دووەمیش ئەوەیە کە نەمانهێشتووە بە هیچ شێوەیەک سیاسەت تەداخولی فێستیڤاڵی گەلاوێژ بکات لە هیچ ڕوویەکەوە. چونکە بەبێ ئازادی داهێنان نییە، خەتەریشە حزب دەست وەربداتە ئازادییەکانی خەڵکەوە.
مەلا بەختیار سەبارەت بە ناوی فێستیڤاڵ کە بە گەلاوێژەوە ناونراوە ڕوونکردنەوەی دا و وتی: "هەندێک دەڵێن لەبەر بنەماڵەی ئیبراهیم ئەحمەد ئەوەمان کردووە، هەندێکیش دەڵێن لە ترسان. ئێمە ئەوە لەدایک نەبووە کە لێی دەترسین. بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە لە مێژووی هاوچەرخدا هیچ سەرکردەیەک نییە هەڵەی ستراتیژیی نەکردبێت. بەڵام کوا بەقەدەر ئیبراهیم ئەحمەد داهێنانیان هەبووە؟ لەبەر ئەو مێژووەی بە ئەدەب و گەلاوێژ و ژانی گەل و خەیاڵە فراوانەکەی ئیبراهیم ئەحمەد ئەم فێستیڤاڵەمان ناونا گەلاوێژ."
دواتر هەریەکە لە شەهرامی نازری، ئەحمەد سالار، فواد مەجید میسری، ئەرخەوانی شاعیر، مەزهەری خالقی، ئەنوەر قەرەداغی و مەلا بەختیار، یوبیلی زیوینی فێستیڤاڵی گەلاوێژیان پێشکەش کرا و ڕێزیان لێ نرا.
لە هەمان کاتدا شیعری کوردی، فارسی و عەرەبی خوێندرانەوە.
"گەشتێک بە سلێمانیدا"، ناونیشانی چەند گۆرانییەکی فۆلکلۆری سلێمانی بوو، کە لە لایەن تیپی مۆسیقای سلێمانییەوە بە سەرپەرشتیی ئەنوەر قەرەداغی ئامادە کرابوو، نمایش کرا.
هەروەها بە بەشداریی هونەرمەندێکی ڕۆژهەڵات و هونەرمەندێکی ڕۆژئاوا، ئۆرکێسترای کۆلێژی میوزیک لە زانکۆی سلێمانی، بە سەرپەرشتیی عەبدوڵڵا جەمال سەگرمە پێشکەش کرا.
جگە لەوانەش، گرووپێکی میوزیکی تێکەڵ لە نەتەوەی جیاواز، کە هەژار زەهاوی یەکێکیان بوو، چەند گۆرانی و پارچە میوزیکێکیان پێشکەش کرد.
یەکەم ڕۆژی بیوستوپێنجەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ بە نمایشی جلوبەرگی کوردی کۆتایی بە کارەکانی هێنا و ڕۆژانی دهاتوو بەردەوام دەبێت.