داعشبیریی لەنێو بانگخوازەكانی كوردستاندا (عەبدولواحید محەمەد) وەك نمونە

کوردستان 22/05/2022

نوسینی:  بابان حەمە

عەبدولواحید محەمەد لەم گرتە ڤیدیۆییەدا دەقاو دەق دەڵێت: ((ئاخر دەبینی ئافرەتەكان دائیرەكانیان داگیر كردووە! .. ئەمڕۆ گەنجی خاوەن شەهادە تەخەروج دەكات، بێ ئیشەو بەتاڵەیەكی زۆر دروست بووە، بۆیە ئەو هەموو خۆپیشاندانە دژی حكومەت دروست دەكەین.. دە وەرە ئافرەتەكان لە دائیرەكان دەربكە، بزانە چەند جێی بەتاڵ لە دائیرەكاندا دروست دەبێت بۆ خاوەن شەهادە تازەكان؟!  بەڵام كە ئەو جێی گرتووە.. ئەو دانیشتووە،  تۆ دەبێت لەدواوە سەیری بكەیت تا ئەو دەمرێت یاخود تەقاوت دەبێت ئینجا بچیتە شوێنەكەی))


دیقەت بدەرە ئەم ڕستانە:
• ئافرەتەكان فەرمانگەكانیان داگیر كردووە.
• لەبەر ئەو ئافرەتانە بەتاڵە دروست بووە.
• لەبەر بوونی ئەو ئافرەتانەیە ئەو هەموو خۆپیشاندانە دژی حكومەت دەكرێت.
• با ئەو ئافرەتانە لە فەرمانگەكان دەربكەین!
• با خاوەن شەهادە تازەكان (نێرەكان) شوێنی ئەو ئافرەتە دەركراوانە بگرنەوە!
• ئەبێت تۆ (تۆی نێر) لەدواوە سەیر بكەیت و چاوەڕێی مردن یان خانەنشینبوونی ئەو ئافرەتانە بكەیت تا بچیتە شوێنەكەی!


ئەگەر ئەم رستەو دەقانەی ئەم بانگخوازە بەراوردی كار و كردەوەكانی ئەم چەند رۆژەی  حكومەتی ئێستای تاڵیبان بكەیت، هیچ نادۆزیتەوە جگە لەوەی كە بەفەصیحی و بێ هیچ گومانێك پێی بڵێیت (كت و مت)، یاخود ئەوەی عەرەب پێی دەڵێت (طبق الأصل).. بەڵێ كت و مت وەك ئەوەی تاڵیبان فەرمانی كرد كە هیچ پێویست و گرنگییەكی تێدانییە كچان دوای شەشەمی سەرەتایی بخوێنن.. نابێت بەهیچ شێوەیەك لە خواردنگە و چێشتخانە و شوێنی گشتی دانیشن و نان بخۆن و ببینرێت تەنانەت ئەگەر لەگەڵ هاوژین و  هاوسەرەكانیشیان بن.. 


ئێ قوربان جەنابی كاك دكتۆر! كە تۆ بوارەكەت پزیشكی و نەشتەرگەری و چارەسەرە، كاتێك پێتوابێت ژنان دەبێت لە فەرمانگەكان دەربكرێن و نێرینەی خاوەن شەهادەی نوێ شوێنی ئەوان بگرێتەوە و ئەوانیش كە دەركران بێنەوە بۆ ماڵەوە.. لەمەوە حەقی خۆمە بپرسم: ئەرێ بەڕاست كاری پزیشكی و چارەسەر حەقی بەسەر زانستی بەڕێوەبەردن و دەوڵەتداریی و حەوكەمە و بەڕێوەبردنی فەرمانگەكانی میری و مەسەلەی  جێندەرییەوە چییە؟ 


نا.. نا .. گریمان تۆش هەر وەك بانگخوازەكانی دیكە ئامادەگیت تێدایە لەسەر هەمووووو شتێك قسە بكەیت، لەسەر فیزیا، كیمیا، گەردوون، ئەتۆم، كوانتەم .. پەرەسەندن، لەسەر فیلم، شانۆ، ڕووەك.. تادوایی .. بەس تكایە! كە باست لەژن و مەسەلەی ژن كرد، بەتایبەت لە مەسەلەی دەركردنیان لە فەرمانگە حكومییەكان! راستگۆبە لەگەڵ خۆت و لە خێزانەكەتەوە دەستپێبكە، بە خوشكەكانت، كچانی خاڵ و پور و ئامۆزات، دەستپێبكە و یەكە بەیەكەیان لە فەرمانگە حكومییەكان دەربكە و لە كونجی ماڵەوەیان بكە!


ئێ بەدڵنیاییەوە كە تۆ پێتوابێت ئەوان دەبێت دەربكرێن و زیادەن و یان دەبێت بمرن یاخود خانەشین بن تا نێرینەكان شوێنیان ببێتەوە.. بەدڵنیایشەوە پێتوایە كە ئەوان نابێت و هیچ بەهایەكی نییە بخوێنن و خوێندنیش تەواو بكەن.. ئێ بۆچییانە كە تۆ پێتوابێت ئەوان زیادەن و دەبێت دەربكرێن؟!


ئەو ژنانەی بەتاڵەیان دروست كردووە، هەر لەبەر ئەوەیە كە ژنن؟! ئەوان لە فەرمانگەكانن شەرعەنەی دەركردنیان دەكەیت بەس لەبەر ئەوەی ژنن؟! .. ئەوان زیادەن و دەبێت نێرینەكان جێگەیان بگرێتەوە بەس  لەبەرئەوەی ژنن؟! خۆپیشاندانی زۆر كە دژ بەحكومەت دەكرێت هۆكارەكەی  زۆریی ئەو ژنانەیە لە نێو فەرمانگەكانی میری؟! ئێ كەوابێت تكایە لە خێزان و خزم و كەسەكانتەوە دەستپێبكە و لەنێو فەرمانگەكان وەدەریان بنێ، بەس تكایە ئەوەشیان پێبڵێ كە ئەمە بەس لەبەر ئەوەیە كە ئێوە (ژنن).. 


تۆ كەپێت ڕەوابێت ئەو ژنانە دەربكرێن و زیادەن و بەتاڵەیان دروستكردووەو هۆكاری خۆپیشاندانەكانن، بەدڵنیاییەوە پێشت رەوایە بەو (كاك و مام و خاڵ و مامەپیرانە)ی گوێ بۆ تۆ دەگرن، پێیان بڵێیت، ئەگەر كچەكانیان خوشكەكانیان، ژنەكانیان مێینەكانیان دامەزران و بوونە فەرمانبەری میری  رێگری لێ بكەن و نەهێڵن لە دام و دەزگا حكومییەكان كاربكەن و دامەزرێن و دەریان بكەن ..


ئیتر ووردە ووردە و  تا دەگاتە ئەوەی (نەرمە نەرمە) بۆی بخزێیت و پێشیان بڵێیت (ئەری چ زەڕوورەتێكە كچەكانتان دوای شەشی سەرەتایی بخوێنن؟! دەریان بێنن!).. 


بیریشت نەچێت كاك دكتۆر، ئێوە پێتان وایە كە نەخۆشی ژنان و هەندێك پسپۆڕی تەنها دەبێت دكتۆری ژنان بیبینێت و چارەسەری بكات، ئێ خۆ بەو لۆژیكەی تۆبێت ئەوان نابێت بگەنە خوێندنی زانكۆ و دامەزراندن.. و دەبێت لەماڵەوە بن.
 ئەی ئەو كات كێ ببێتە پزیشك.. یان ئەو هەموو ژنە پەرستار و برینپێچ و كارمەندانەی تەندروستی، كە تۆ پێت زیادەن! چی بكەن كاك دكتۆر؟!


جەنابی دكتۆر بەم پرسیارە كۆتایی بەم نووسینە دەهێنم، بەڵام وەڵامەكەیم ناوێت و بۆخۆت.. بەس تكایە  لەدڵی خۆتا راستگۆیانە وەڵام بدەرەوە ..

ئەگەر دەقاو دەقی ووتەكانی خۆت كە لەو گرتە ڤیدیۆییەدا دەیڵێیت، وەربگێڕدرێتە سەر زمانی ئینگلیزی و بۆ عەمیدی كۆلیژی پزیشكی چەند زانكۆیەكی "ئەمەریكی و ئەڵمانی و بریتانی" (بۆ نمونە) بنێردرێت و  بیخوێننەوە، كە دەڵێیت: ژنان دەبێت لە فەرمانگەكان دەربكرێن و زیادەن و بەتاڵەیان دروست كردووەو جێگەیان گرتووەو هۆكاری خۆپیشاندنەكانن، تادوایی....  ئایا ئەوان لەسەر جەنابتان چی دەڵێن و  هەڵوێستیان چی دەبێت؟!.. (جارێ لەڕێوە ئەوە هیچ كە دەڵێن كاری پزیشكی و قسەكردن لەسەر دۆز و مەسەلەی ژن كوجا مەرحەبا)!

ووتەكانی عەبدولواحید محەمەد لەم گرتە  ڤیدیۆیەی خوارەوەدا ببیستن :