شەیدا بڵباس: مرۆڤی سەردەم هێندەی پێویستی بە تەکنەلۆژیایە هێندە پێویستی بە ئایین نییە

کوردستان 21/05/2022


چاودێر
"مرۆڤ، شارستانییەت و کۆچ" ناونیشانی کۆڕێک بوو کە رۆژی شەممە تۆڕی ناوەندی ڕۆشنگەریی چاودێر بۆ "شەیدا بڵباس"ـی نووسەر لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی لە ناوەندی ڕۆشنگەریی چاودێر ڕێکی خستبوو.
ناوبراو لە سەرەتادا دەربارەی قۆناغەکانی پێشەکەوتنی مرۆڤ ڕوونکردنەوەی دا و بە پێی قۆناغەکان ئاستی پێشەکەوتن و بەرەوپێشچوونی شارستانییەتی شی کردەوە.
دواتر باسی قۆناغی دروستبوونی دەوڵەت و هێز و کاریگەریی ئایین کرد لە سیستمی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا.
لە قۆناغی تەکنەلۆجیادا ئاماژەی بەوە دا، تەکنەلۆژیا هەموو پەیوەندییەکانی کاڵ کردووەتەوە و گەیشتووەتە ئەوەی کە ئێستا پرسیار لە مەترسیی لەناوچوونی مرۆڤ بکرێت لەبەردەم تەکنەلۆژیادا.
ڕوونی کردەوە، دەبێت بیر لەوە بکرێتەوە چۆن چارەسەری ئەو هەموو کێشەیە بکرێت کە ڕووبەڕووی مرۆڤی هۆشیار بووەتەوە کە دوا ڕەگەزی مرۆڤە لەسەر زەوی. 
وتیشی: "مرۆڤی سەردەم هێندەی پێویستیی بە تەکنەلۆژیا هەیە هێندە پێویستیی بە ئایین نییە."
دواتر لە لایەن ئامادەبووانەوە گفتوگۆی بابەتەکە کرا.