بەیاننامەی مەکتەبی سیاسی ی.ن.ک سەبارەت بە بۆردومانی ناوچەی ئاغجەلەر

کوردستان 21/05/2022


‏‎بەنیگەرانییەکی قووڵەوە لەو پێشھاتە ئەمنی و سنووربەزاندنە دەڕوانین و ئیدانەی بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا بۆ سنووری ناحیەی ئاغجەلەری سەر بە قەزای چەمچەماڵ و کەمپی ئاوارەکانی مەخموور دەکەین كە شەهیدبوونی چوار هاووڵاتیی مەدەنی و هەشت برینداری لێكەوتەوە.
‏‎وێڕای دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشیمان بۆ کەسوکار و خانەوادە بەڕێزەکەیان، دەستبەجێ داوای راگرتنی ئەم ھێرشانە دەکەین و داوا لە حکومەتی عیراق دەکەین کە ئەرکی دەستووریی و نیشتمانیی خۆی لە پاراستنی خاک و ئاسمانی عیراق بە کوردستانیشەوە رابپەڕێنێت و لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە حکومەتی تورکیا لەم پێشێلکارییە ئاگاداربکاتەوە.
‏‎ھاوکات حکومەتی ھەرێمیش لەسەر ئەم رووداوە بانگهێشتی کونسوڵی تورکیا لە ھەرێم بکات و روونکردنەوە بدرێت. چونکە ھیچ بیانوویەک نییە بەھۆی سنووربەزاندنەوە خەڵکی مەدەنی لە رووی گیانیی و مادییەوە زەرەرمەندبن. خوێنی ھاووڵاتییانمان پیرۆزە و داوادەکەین پیرۆزییەکانمان بپارێزرێت و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن بکرێتە کلیلی چارەسەری کێشەکان.
‏‎مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
‏‎٢١ی ئایاری ٢٠٢٢