مزەفەر نەواب.. مەرگی شاعیرێك قەرەبو ناكرێتەوە

کوردستان 21/05/2022


مزەفەر نەوابی شاعیری شۆڕشگێڕی یاخی، لە شاری غەریبیدا، روحی پاكی سپاردە، راستگۆیی‌و خەیاڵی یاخی شیعر.
مزەفەر نەواب، بەڕاستی شاعیر بوو. شیعری كردبووە چەكی دەستی بۆ سەربەستی. هەمیشە بەهەڵوێست بوو. چەپێكی راستگۆ لەپێناوی مرۆڤایەتی‌و دادپەروەری. شاعیرێك بوو، پلە و پارە، داڵدەدانی گەورە سەرۆكەكان‌و پاشا و بەرپرسەكان، لەخشتەیان نەدەبرد. لەسەر عەرەب‌و عروبە.. فەلەستین‌و شۆڕشی گەلان.. بەكوردستانیشەوە، ئامادە نەبوو كڵپەی شیعریان بۆ دابمركێنێتەوە. هەرگیز، بە شان‌و باهوی دەسەڵاتێكی نادادپەروەردا هەڵینەداوە. چاوی لە ستەمكاران لەبەر گیرفان نەپۆشیووە. شیعرەكانی لەسەر كۆنگرەی لوتكەی سەرانی عەرەب.. لەسەر فرۆشتنی فەلەستین.. لە دڕاندنی دەمامكەكانی هەلپەرستان.. هەمیشە جۆشی دەخوارد.
مزەفەر نەواب.. دوای خیانەتنامەی جەزائیری 1975، كە شۆڕشی نوێ‌ دەستیپێكرد، ئومێدێكی زۆری بە خەبات پەیدا كردەوەو شیعری بۆ مەفرەزە سەرەتاییەكانی شۆڕش وت‌و چواندنی بە (گەلەئەستێرەیەك لەسەر شاخی سەفین كۆدەبنەوە)‌و (لەسەر بەردێك كە لێكجیانابنەوە چەكەكانیان پاكدەكەنەوە).
نەواب.. دەنگێكی پڕ سۆزیشی هەبوو. هەندێك جار شیعرەكانی بەدەنگی گۆرانی باشوری عێراق دەوتەوەو لەگەڵیدا دەشگریا!
بنكەی روناكبیری گەلاوێژ، پێرار رێزلێنانی لەم شاعیرە گەورەیە ناو، دەیان نوسەری عەرەبی لەسەر خوان‌و شەرەفی شیعری نەواب لەسلێمانیدا كۆكردەوە.
بە ژیانئاوایی مزەفەر نەواب، شیعری عەرەبیش، شاعیرێكی هەڵكەوتووی قەرەبوونەكراوی لەدەستدا. دڵنیام، شیعرەكانی، رۆژێك دێ‌ لەعێراقدا.. دەبنە سرودی راپەڕین‌و دادپەروەری راستەقینە!
تێبینی: ئەمە دەقی شیعرە عەرەبیەكەیە لەسەر شۆڕشی نوێ‌:
ايا جبلا يلم النجوم على جنة الكورد
مهما الطقوس سلاما
مالعمر الى سفين و قمته
يشحذون السلاح على صخرة لا تضام