وەزیری دارایی عێراق: هەرێم هیچ داهاتێکی ڕادەستی حکومەتی عێراق نەکردووە

عێراق 20/05/2022

چاودێر

 

وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند، هەرێم هیچ داهاتێکی نەوتی و نانەوتیی ڕادەستی وەزارەتەکەیان نەکردووە.


عەلی عەبدولئەمیر عەللاوی، لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا ڕایگەیاند، عیراق زیادەی فرۆشی نەوتی ٢٠ ملیار دۆلار دەبێت "لەبەر ڕۆشنایی ئەو زیادە داراییەی ئێستا ئەگەری ئەوە نییە پەنا بۆ وەرگرتنی قەرز ببرێت.'


ئاماژەی بەوەش کرد: لە ئێستاوە عێراق دەست دەکات بە بینینی کاریگەرییە ئەرێنییەکانی گۆڕینی ڕێژەی ئاڵوگۆری دۆلار، ئاماژەی بەوە دا کە "بودجەی ساڵی ٢٠٢١ ناتوانێت لەگەڵ ئالوگۆڕی ئابووریی ئێستادا بگونجێت."


عەللاوی باسی لە یاسای ئاسایشی خۆراک کرد و جەختی لەوە کردەوە ئەو یاسایە بۆ چارەسەرکردنی بەرزبوونەوەی نرخی بازاڕە جیهانییەکانە و وتیشی: "وەزارەتەکەمان پابەندە بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی و دادگا بڕیاری خۆی لەسەر بنەمای چەمکی دادوەران و دوور لە هەر فشارێک دەرکردووە."


وتیشی: "هەرێمی کوردستان هیچ داهاتێکی ڕادەستی حکومەتی فیدڕاڵی نەکردووە، بڕیاڕی دادگای فیدڕاڵیش لە بارەی نەوت و غازی هەرێمی کوردستانەوە یاسایی و دەستوورییە."