ئارامی یەكێتی‌و پارتی‌و چارەنوسمان!

کوردستان 18/05/2022



كەریم قەرەداغی

دوای هێرشێكی بێ‌ڕێسای سیاسی لەنێوان یەكێتی‌و پارتی، وا خەریكن دەكەونەوە دیالۆگ، بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان.
هەرچەندە گۆڕان لەناو حكومەتدایە، بەڵام دۆڕاندنی هەڵبژاردنی عێراقیان‌و ناكۆكییە چارەسەرنەكراوەكانی نێوخۆیان، بزوتنەوەی گۆڕانی لە بڕیاری چارەنوسسازدا، پەراوێزخستووە.
قسەی ئێمە لەسەر ناكۆكیەكانی یەكێتی‌و پارتییە.. كە تێڕوانینمانە بۆ ئاسۆی نوێی نێوانیان!
یەكێتی‌و پارتی، لەدوای دامەزراندنی یەكێتیەوە (ئەگەر لە شەستەكان گەڕێین) دەكاتە (47) ساڵە لە شەڕو ناكۆكی‌و جەنگی سارددان. لەو ساڵانەدا هیچیان براوەی شەڕ نەبوون. هیچیشیان براوەی یەكلاكەرەوەی سیاسەتیش نەبوون. پارتی، لەبەر هەڵەكانی یەكێتی لەدوای راپەڕینەوە، هەروەها، لەبەر جیابونەوەی گۆڕان‌و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری، جگە لە كێشەی چارەسەرنەكراوی تەكەتولەكانی هەناوی یەكێتی، پارتی توانیویەتی پێش یەكێتی بكەوێ‌. بەڵام نەیتوانیووە جڵەوی تەواوی حوكمڕانی ناوچەكانی كوردستان، بگرێتەدەستەوە. دۆخی شەڕ، یان ناكۆكی سیاسی، یان نە شەڕ و نە ئاشتی، هەرچی چۆنێ‌ گوزەرابێ‌، یەكێتی لە دەڤەری سەوزو پارتیش لە دەڤەری زەرددا، حوكمفرمانن. ئەم هاوكێشەیە هەتا ئێستا نەگۆڕدراوە. كەوابێ‌:
روداوەكان پێماندەڵێ‌: دەبێ‌ لەسەر بنەمای ئەم هاوكێشەیە، یەكێتی‌و پارتی بیر لە چارەسەری سیاسی بكەنەوە، نەك لەسەر بنەمای یەكەمی براوەو دووەمی براوە!
هەموو ئەوانەی پارتی لەروانگەی براوەی یەكەمەوە دەڕواننە روداوەكان، نەیتوانی بە بڕیاری پارتیانە، هاوكێشەكان لەنێوان دەڤەری سەوزو زەرددا بگۆڕن.
هەموو ئەوانەی لە یەكێتیش، بە موزایەدەی سیاسی‌و فۆبیای بێبنەمای دژایەتی پارتی، دەیانویست جوامێری لەناو یەكێتی دژی پارتی بنوێنن، ئەمانیش، جگە لە ماستاوی سیاسی‌و هەلپەرستی هیچیان بۆ نەماوەتەوە. ئایەو مایە، پارتی‌و یەكێتی دەبێ‌ مێزێكی بازنەیی بۆ دیالۆگ بڕازێننەوەو لەسەر خاڵە هاوبەشەكان، رێكبكەوون.
پارتی دەبێ‌ واز لەوە بهێنێ‌ كە ئێستا یان لە ئایندەدا دەبێتە حوكمڕانی رەهای كوردستان، وەكو سەردەمی بەیاننامەی ئازار.
یەكێتیش دەبێ‌ واز لەوە بهێنێ‌، پارتی لە ململانێكەدا بشكێنی‌و بشبێتە حیزبی حاكم. لایەنی كەم لە دەهەی ئایندەشدا، خەوی وا بۆ هەردوولا نایەتەدی!
ئێستا، كە سەرەتای ئارامی سیاسی كەوتۆتە ناو پارتی‌و یەكێتی، ئیتر كاتێتی، ئەوانەی وەكو ئەركی حیزبی، هەڵمەتی راگەیاندنیان دژی پارتی دەستپێكرد ئارام ببنەوە. ئەوانەی پارتیش هەمان رێگە دەبێ‌ بگرنەبەر.
لە هەردوولاش، ئەوانەی بە رق‌و كینە، یان لەبەر هەلپەرستی دەیانویست كوانوی ناكۆكیەكان جۆشبدەنەوە.. ئومێدەوارین هیچ نەبێ‌ بۆ یەك جاریش تێبگەن.. تەنها شەرمەزاریان بۆ دەمێنێتەوەو بەس!