دۆخی جیهان‌و جەنگی ئۆكراینا و دانوستانی ئێران

کوردستان 15/05/2022


كاریگەریەكانی بەرەنگاری ئۆكراینا
جەنگی بەرەنگاری ئۆكراینا، خەریكە لە سێ‌ مانگ نزیك دەكەوێتەوە. بەرەبەرە لەجەنگێكی نیشتمانی ئۆكرایناوە، ئاڕاستەكەی بۆ جەنگی رۆژئاوا دژی روسیا گۆڕدراوە. چینی زلهێزیش، وەكو سیاسەتی نیو سەدە لەمەوبەر، تەنها سود لە هەلەكە وەردەگرێ‌.
رۆژئاوا، هەر لەسەرەتاوە دەیانزانی، سەركەوتنی روسیا، تەواوی رۆژهەڵاتی ئۆروپا لەبەرامبەر ناتۆدا، دەخاتە مەترسیەوە. بۆیە، پێش هەڵایسانی جەنگەكە، مەشقیان بە سوپای ئۆكراینا دەكرد. دوای جەنگەكەش، هەر ئەوەیە سوپا دانابەزێنن، ئەگینا پشتیوانیان بۆ ئۆكراینا، لەدوای جەنگی دووەمی جیهانەوە، بێوێنەیە.
روسیا، لەو باوەڕەدا بوو، بەئاسانی ئۆكراینای دراوسێی، دەبەزێنێ‌. روسیا زلهێزەو زۆریش بەئەزمونە، كەچی لە سێ‌ گرنگترین بنچینەی جەنگدا، بەهەڵە چوو:
یەكەمیان: زانیاریەكانی هەڵە دەرچوون، كە ئۆكراینا زیاتر لە هەفتەیەك ناتوانێ‌ بەرەنگاری بكات. ئەمە نەناسینی هێزی بەرامیەر دەگەیەنێ‌.
دووەمیان: پێشبینی یەكگرتوویی رۆژئاوای لەم جەنگەدا دژی روسیا نەدەكرد. ئەمەش بێئاگایی لە پشتیوانی هێزی بەرامبەرە.
سێهەمیشیان: هەڵەیەكی كوشندەی عەسكەری كرد، كە حسابی چەكە بڕندەكانی رۆژئاوا، بەتایبەتی ئەمریكا، بۆ رووبەڕووبونەوەی فڕۆكەو تانك‌و پاپۆڕە جەنگیەكانی نەدەكرد. لەمەیاندا، دەزگای هەواڵگری‌و زانیاری روسیا، كوشندەترین هەڵەیان كردووە، كە نەیانزانیووە رۆژئاوا، چەكەكانی چەند كاریگەرن.
دەركەوت، رۆژئاوا حساباتی ستراتیژییان دژی روسیا، ورد بووە. وردیش بڕیار دەدەن. روسیاش تەنها بە زلهێزی خۆیەوە نازیووە!!
دەریشكەوت، چەكە نوێچەشنەكانی تەكتیكی رۆژئاوا، گەلێ كاریگەرترن، لە چەكە ستراتیژیەكانی روسیا. هەتا ئەوڕادەیە، كەتەترین پاپۆڕی جەنگی روسیایان سەرنگون كرد. باشترین فڕۆكەكانی روسیا، بە وریاییەوە مەرگ دەبارێنن. تانكە پێشكەوتوەكانیشی، دژە تانكە سوتێنەرەكانی رۆژئاوا، كڵپەیان لێهەڵدەسێنن.
رەوتی جەنگەكە پێماندەڵێ‌: گریمان روسیا هەتا كۆتایی ساڵ بتوانێ‌، پەلاماری داگیركاری بەردەوام بێ‌، مادام (7) وڵاتە گەورەكانی پیشەسازی جیهان، رۆژانی (12-13/5/2022) دوا بڕیاریان دا. هەتا سەركەوتنی ئۆكراینا بەردەوام دەبن‌و روسیاش دەبێ‌ پاشەكشە بكات. كەوابێ‌.. ئۆكراینایان دڵنیا كردووە، كە پشتیوانییە تەكنیكیەكان‌و لۆجستیەكانیان درێژەی دەبێ‌. جەنگیش، بە ورەی بەرزو پشتیوانی بەردەوام‌و چەكی كاریگەر، لەم سەردەمەشدا، سەركەوتن بەدەستدێنێ‌.
ئێران و رۆژئاوا
(7) زلهێزە پیشەسازییەكان، جگە لە جەنگی ئۆكراینا، بڕیاریان لەسەر دانوستانی ئەمریكاو ئێرانیش دا. جەخت دەكەنەوە كەوا:
- مەحاڵە بهێڵن ئێران چەكی ئەتۆمی بەرهەم بهێنێ‌.
- ئێران دەبێ‌ كۆمەكی دۆستەكانی ببڕێ‌.
- لە موشەكی بالیستی، دەست بەربدات.
دوای ئەم بڕیارانە، نوێنەری دانوستانی ئەتۆمی، لە تاران گەڕایەوەو ئاخاوت كەوا، گفتوگۆكانی ڤییەنا دەستپێدەكاتەوە. لەم دوو هەفتەیەدا تێبینی دەكرێ‌، ئەمریكا، نەرمیەكەی جارانی لە دانوستانەكەدا نەماوەو فشاری بۆ سەر ئێران زیادی كردووە. لەبەرامبەریشدا، ئێران هێشتا یەك بست لە ستراتیژی خۆی پاشەكشەی نەكردووە. لەوەدەچێ‌ هەتا كۆتایی مانگی ئایندە، ئاكامی دانوستاندنی رۆژئاوا و ئێران بەلایەكدا بكەوێ‌. دوورنییە، ئێران لەجەنگی ئۆكراینا دەرسی وەرگرتبێ‌. چۆن؟
روسیا، زلهێزەو چەكی ستراتیژی كوشندەی جەنگینی هەیە. جگە لە چەكی ئەتۆمی، هەموو چەكێكی تری لە ئۆكراینا تاقیكردۆتەوە. باشە، ئەگەر روسیا بەم هەموو تەكنەلۆژیای جەنگین‌و بە زلهێزیی خۆیەوە، لەبەر پشتیوانی رۆژئاوا بەسەر ئۆكراینادا سەرنەكەوێ‌، ئایا ئێران بەو توانا دیاریكراوەی، كە بەراورد ناكرێ‌ بە روسیا، ئەگەر لەگەڵ رۆژئاوا رێكنەكەوێ‌، دەتوانێ‌ پاشەكشە بە ئەمریكاو رۆژئاوا بكات؟
بەدڵنیاییەوە، تەنها پشتبەستن بە حزبوڵڵاو حوسیەكان‌و سوریا، لە ململانێی ستراتیژی ئیقلیمی-جیهانیدا، دەستەبەری سەركەوتنی عەسكەری تیا نییە. ئەوە نییە، ئیسرائیل دژی بنكەكانی ئێران لە سوریاو جارجارەش، دژی بنكەكانی حزبوڵڵا لە سوریا-لوبنان، گورز دەوەشێنێ‌. كەچی نە سوریا و نە حزبوڵڵا، وەڵامێكی توندیان بۆ ئیسرائیل نییە. بۆچی؟ لەبەرئەوەی ئیسرائیلیش خاوەن هێزی تەكنەلۆژی جەنگینی كوشندەیە! كەوابێ‌:
تەكنەلۆژیای جەنگ‌و جەنگین، ئێستا، كاریگەرترین ئامرازی یەكلاكەرەوەی كێشەكانە. نەك ئایدیۆلۆژیاو عەقیدەو بە تاقی تەنها روحیەتی جەنگین‌و سوپای پیادە!
تەكنەلۆژیای نوێچەشن، تەواوی هاوكێشە عەسكەری‌و جەنگینەكانی گۆڕیووە. سەرجەم پێوەرە عەسكەریەكانی رابوردووش گۆڕاوون. لەبەر رۆشنایی ئەو راستیانەدا، پێمانوایە، ئەگەر روسیا لە ئۆكراینادا پاشەكشە بكات، بەدڵنیاییەوە، ئێرانیش قوڵتر تێدەگات، دەبێ‌ لە دانوستانی ئەتۆمیدا، بڕیاری رێكەوتن بدات. بە چارەسەركردنی كێشەكانی یەمەن‌و لوبنان‌و سوریا، تەنانەت عێراقیشەوە!
لە هەلومەرجێكی واشدا.. روسیا بكشێتەوەو رێكبكەوێ‌، بێگومان ستراتیژی رۆژئاوا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و ئۆروپای رۆژهەڵاتیش سەردەكەوێ‌. هەر ئەم هەفتەیە، بڕیارە فینلەنداو سوید، بڕیاری ئەندامەتی لە ناتۆدا، پەسەند بكەن. ئەگەر واش بێ‌:
روسیا بە جەنگ ئۆكراینای لە ناتۆ دوورخستەوە، بەڵام دەچنە ناو یەكێتی ئۆروپا. لەبەرامبەریشدا، دوو وڵاتی گرنگ (سوید و فینلەندا)ی پاڵپێوەنا بۆ ناو ناتۆ. فینلەندا بەتەنها (1300كم) سنوری لەگەڵ روسیادا هەیە. یەكەمین وڵاتیشە دوای شۆڕشی ئۆكتۆبەر، رێگەی دیموكراسی چارەی خۆنوسینی گرتەبەر. بینیمان فینلەندا لە دیموكراسیدا چۆن سەركەوت‌و روسیاش لە سەپاندنی سۆسیالیستدا چۆن شكستی خوارد!!
دۆخێكی لەمجۆرەش، هاوكێشە سیاسیەكان تێكڕا دەگۆڕێ‌. ئێرانیش، لە دۆخی جەنگەوە، بۆ دۆخی ئاشتەوایی كەمەندكێش دەكات!