دیالۆگ دەربارەی ئەنفال و سینەما

کوردستان 14/05/2022

 

د.دڵشاد مستەفا: ئەنفال هەوڵی بەعس بوو بۆ گۆڕینی شکستی خۆی بە سەرکەوتن

ئێوارەی ئەمڕۆ 14/5/2022 تۆڕی ناوەندی ڕۆشنگەریی چاودێر کۆڕێکی بەناونیشنای "ئەنفال؛ ڕوانینی ئەدەب، ڕوانینی سینەما" بۆ د.دڵشاد مستەفا، مامۆستای بەشی سینەما لە زانکۆی سلێمانی لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی، ڕێکخست.
لە سەرەتادا د.دڵشاد پێشەکییەکی تیۆریی باس کرد دەربارەی ناسینی ئەنفال لە ڕێگەی ناسینی بەعسەوە و پێی وابوو، هەڵواسینی ئەنفال بە ملی دینەوە پاککردنەوەی بەعسە لەو تاوانە، چونکە ئەوان بۆ هەر تاوانێک قاڵبێکی ئایینییان بە بەردا کردووە.
ئاماژەی بەوەش دا، بەعس لە هەناوی ناسیۆنالیزمی عەرەبییەوە هاتووەتە دەرەوە و هەمیشە ویستوویەتی شکستی ئەو ناسیۆنالیزمە ڕاست بکاتەوە، ڕاستکردنەوەش لای ئەو تەنها بریتی بووە لە جەنگ و کوشتنی ئەوی دی و ئەنفالیش هەوڵی بەعس بوو بۆ گۆڕینی شکستی خۆی بە سەرکەوتن.
ناوبراو ڕوونی کردەوە، هێشتا ئێمە لە ئەدەبیات و هونەردا لە گێڕانەوەی واقیعداین و نەچووینەتە سەر ئەوەی هونەر و ئەدەبیات شتێکی جیاواز لە گێڕانەوەی واقیعەکە خۆی بەرهەمبهێنین.
لەو ڕوانگەیەشەوە، دەربارەی کاریگەریی فیلم و سینەما و وێنە لەسەر جینۆسایدەکانی هۆڵۆکۆست و ئەرمەنییەکان و بۆسنە و هەرسک و ڕواندا وەستا و بە وردی قسەی لەو بارەیەوە کرد.
وتیشی: "ئێمە چیمان لە سینەمادا بۆ ئەنفال کردووە؟ هیچ شتێکمان بۆی نەکردووە، لەگەڵ ئەوەی پڕ کەرەستە و چیرۆکین، بەڵام کوالێتیی ڕوانین و بیرکردنەوەمان بۆ ئەو کارەساتە ئەوەندە نزمە تەنانەت بینەریشمان بێزار کردووە و هەژاریی تەواومان هەیە لەبەردەم تەکنیکەکانی سینەمادا."
د.دڵشاد لەسەر فیلمەکانی هەریەک لە بەهمەنی قوبادی، شەهرام عەلیدی، شەوکەت ئەمین و تەها کەریمی وەستا و لایەنە باش و خراپەکانی فیلمەکانیانی شیکردەوە کە دەربارەی ئەنفال دروستیان کردووە.
دواتر لە لایەن ئامادەبوانەوە گفتوگۆی باسکە کرا. 
مەلا بەختیار، لە بەشێکی گفتوگۆکاندا ئاماژەی بەوە دا، بەراوردکردنی بارودۆخی کوردستان و دەزگا و تەنانەت حکومەت و هونەرمەند و نووسەرانیشمان بە ناوەندە گەورە پێشکەوتوو و داهێنەرەکانی دونیا کێشەیەکی بوونیەویی نووسەر و هونەرمەندانی کوردە. چونکە پێی وابوو، کورد مێژووەکەی بە تەور بڕاوەتەوە، دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتدا نەماوە و ئێمەش تازە وا سی ساڵە دەمانەوێت مێژوومان دروست بکەینەوە و دیموکراسییەتیش زیندوو بکەینەوە.
وتیشی: "چیتر نابێت داهێنەر و هونەرمەند و نووسەری کورد باسی ئەوە بکات حکومەت چی دەکات، حکومەت لەناو بازنەیەکی داخراودا دێت و دەچێت و لەمەی ئێستا زیاتر ناکات. پێویستە داهێنەران خۆیان دەزگای ئەهلی دروست بکەن و کار بکەن."