مەزڵوم عەبدی: بڕیارەکەی ئەمەریکا ڕۆژئاوای کوردستان دەبووژێنێتەوە

کوردستان 14/05/2022

چاودێر

 

ئەمەریکا باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە سزاکانی قەیسەر بەدەر دەکات و مەزڵوم عەبدییش پێشوازیی لەو بڕیارە دەکات.


مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات، لە تویتێکدا نووسیویەتی، پێشوازیی لە بڕیارەکەی ئەمەریکا دەکەن و بەرز دەینرخێنن بۆ بوونیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.


ڕاشیگەیاندووە، ئەوە هەنگاوێکە بۆ ڕێگریی لە گەڕانەوەی داعش و ئومێد بە هەموو سورییەکان دەبەخشێت.


مەزڵوم عەبدی، وتوشیەتی: "پێشوازیی لە هەموو کۆمپانیایەک دەکەین، کە بیانەوێت لێرە وەبەرهێنان بکەن."


ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠١٩ بە ئامانجی سزادانی ئەو لایەنانەی مامەڵە لەگەڵ حکومەتی سوریا دەکەن، یاسای قەیسەری دەرکرد.


یاساکە بەناوی کەسێکەوە ناونراوە، کە نەیاری ئەسەد بووە و لە زیندانی سوریا هەڵهاتووە و زنیاریی لەسەر دۆخی ناو زیندان و ئەشکەنجەدانی زیندانییان داوە بە ڕێکخراوە جیهانییەکان، ئەمەریکا دەیوت، لە ڕێگای ئەو یاسایەوە، دەستی سوریا لەو سەرچاوە ئابوورییانە دەبڕێت، کە بەهۆیەوە دەتوانێت بەردەوامیی بە شەڕ و ململانێ سەربازییەکانی بدات.