بۆ وەزیری رۆشنبیری

رۆشنبیری 12/05/2022

نوسینی: سەید عەتا

دەسخۆش وەزیری ڕۆشنبیری 
بەشداری چالاکی ئەنفالستان و شار و شارۆچکەکانی کردوە هەر لەزاخۆ تا خانەقین .... 

بەڕۆحێکی گەرم و تەمەنی لاوێتیەوە وەک ئاسکە کێوی دەستی پێکرد ، لەم بەرد بۆ ئەو بەرد بازرەقەی دەبەست ، لەتاریکی شەودا زۆر وریایە خەوە نوچکە دەیبردەوە ، تەنها گوێ ڕادێری چرپەی پێی پێشمەرگەکانە ،   تولە ڕێکانی دولبیان و هەورامانی وەک ڕێبەرێکی شارەزا دەبڕی ، پڵنگ ئاساهەڵ دەبەزی بەسەرلوتکەی چیاکاندا تاوێرە بەفرینەکان لەژێر پێیدا قرچەیان دەهات ، بەئەسپایی لەتەنشت دیوارە قوڕینەکانی لەژێر پاسارەکاندا هەنگاوی هەڵ دەهێناو  ڕۆحی ئازایەتی ئەدا بەپێشمەرگە  ، شارەزا و بوێرە گیان فیدایە بۆ سەرکەوتنی یەکێتی و شەهید ئەحمەد گریانەیی و هاوڕێ کانی ، هەستی برایەتی ونیشتمانی گەردنی گرتوە زۆر سەرقاڵە لەتەک هاوپۆلەکانی ڕۆژانە بەچرپە باسی  شۆڕشی نوێی دەکرد ، هێندە بەتام وچێژەوە وێنای دەکرد ئاواتیان  دەخواست پێشمەرگەبن یان بیان بینن ، کاریگەری باشی هەبوە لە ئەنجام دانی زۆربەی چالاکیەکانی دەڤەری شارۆچکەی تەوێڵە و بیارە ، نەترسە چاوی شۆڕشگێرانە تاکە گۆچانی دەستیانە ، گەرحەمەی حەمەسەعید و کۆڵەپشتەکەی نەبوایە برسی و بێتواناو بێ هەواڵ دەبون ، لەوکاتە ناسکەدا کەس جێگەی متمانەنیە ، چەندین خەمی لەکۆڵ گرتوە خەمێکی خانەوادەکەی  خەمێک بۆ پێشمەرگە دەمێکیش بۆ سەرکەوتن ، لەکۆتایدا دەزگاکانی میری و سیخوڕەکانی شوێن پێی هەڵدەگرن ، لەهەوڵدان لەبۆسەیەکا  دەسگیری کەن ، پێی دەزانن دوو جار بلیمەتانە لە چنگیان هەڵ دێت ، ناچار دەکرێت دەست لەخوێندن هەڵگرێ و برادەران وشارو خێزان بەجێ بێڵی بیان کاتە قوربانی  نیشتمان ، لەقوتابخانەی کوردایەتی دەست پێدەکات ،کۆڵ نەدات تاسەرکەوتنی نیشتمانێکی ئازاد وگەلێکی بەختیار بەرهەم دێت ،  ئەوکاتەی کاک حەمەم بینی کوڕێکی قۆز ڕیشێکی پڕو ڕەش و چاوڕەش هێندە سیمایەکی جوانی هەیە ،  هاوسەنگەرانی ئاواتیان بۆ جوانەکەی دەخواست ، ئازاو دلێر گورج گۆڵ و قارەمان شارەزا و خوێندەوار ، شەونخونی ومەرگە ساتەکان برسێتی و غەریبی و تاڵی ژیان ئەزمونێکی باشی پێ بەخشی ، لەوتەمەنەدا دەیان هاوڕێی و هاوسەنگەری دەڕوخان و سەرەو لێژ دەبونەوە بۆشاروناو پێخەفی گەرم زۆر زەحمەت بوو پێشمەرگایەتی ، خۆی نەبێت بەرگەی قوورسای و عەزاب و دەردی سەریەی دەگرت ، وەک پاڵەوانی جەنگ چرکەیەک تفەنگ و کوڵەباڵەکەی دانەناوە ئەوەش مەدالیای زێڕینی نەبەردانە ، لەو ڕۆژەوەی بیرەوەریەکانی تۆمار دەکرد تائێستەش بەردەوامە ،  لەبارەگاکانی پەروێنەو هاواروگریانە دەماویەوە دەس بەتاڵ نەبوە ، سەر گەرمی خوێندنەوەی پەرتوکەکانی دایک و ژانی گەلە ، بەفیڕۆ نەدانی کات کاریگەری بوە لەگەیاندنی پەیامێکی درەنگ وەخت ، شەهادەی نوسەر و وەرگێڕێکی باش بەدەست دێنێ .
لەسەرکەوتنێکەوە بۆ سەرکەوتنێکی دی ....ئێستە وەزیری ڕۆشنبیری یە چ باسە لەو دەزگا گرنگەدا کەئاستی جوانی و ڕۆشنبیری و پێشکەوتنی گەل و ووڵاتێک لەجیهاندا پیشان ئەدات  ..
 بەهۆی شوێنی لەدایک بون زێدی باوباپیرانیەوە هەورامانی ڕەنگین ، کەقوتابخانەی شاعیران وئەدیبان ئەهلی تەسەوف زانایانی ئیسلامی ئەدەب دۆستان بوە ، جەنابیان واخۆی پەروەردە کردوە هەمان ڕێچکەی ئەدەب و هونەری کوردی و زمانەوانی گرتوە ، لەگواستنەوەیان بۆ ماڵە گەورەکەی ئەحمەد موختار جاف  ( هەڵەبجە ) زیاتر هەوڵی داوە بچێتە ڕیزی نوسەران و ئەدیبانەوە ، سەرەتا چەند کتێبێکی وەرگێڕاوتە سەر زمانی کوردی ، خاوەنی چوار کتێبی خۆیەتی و لەکتێبخانەی کوردیدا نوسەرێکی باشی سەردەمە ، لەهەموو چەمێک شارەزایی هەیە،تەمەنی لەسیاسەتدا بەڕێ کردوە تاپلەی سەرکردە ، بەرهەمەکانی تێکەڵ بەسیاسەت ناکات ، تەنها بیرەوەریەکانی نەبێت لەتوێی دووربەرگدا بەناوی ( دەنگی خاک ) بڵاوکردوەتەوە ، زۆر بوێرانە بەبێ جیاوازی باس لە ڕوداو چیرۆک دەردی سەریەکان دەکات  ، ئەزمونەکانی دۆستایەتی ئەدەب وخەمخۆری زمانی دایک ڕێڕەوی سیاسەتی پێگۆڕی بۆ چونە ناودەسەڵات ، کرایە وەزیری ڕۆشنبیری حەزو هیوایەکی زۆرباشە ماڵێکی گەورەی گەلەکەی ئاوەدان کردوە ، سەرەتا دەستی مشەخۆری وبەهەدەردانی بڕی دەرگای خزمەتی کردەوە بەڕوی هەمواندا ، بەیەک چاوی موحیبەت سەیری نوسەران و هونەرمەندان دەکات ، کوردێکی ڕۆژهەڵات و باکور و ڕۆژئاوای کوردستان هەرێم جیاکاریانیە ، وا دەبینرێ تاکەوەزارەتە حیزبایەتی وخۆپەرستی تێدانیە ،  دواحەزو هەناسەی دونیای ڕونی ئەم گۆڕەپانە گەورە و گرنگەی دەسەڵاتە ، بۆخزمەتکردنی ئەدەب و شیعرو هونەرەکانی مۆسیقاو گۆرانی و وەرزش کلتوری ڕەسەنی نەتەوەکەی ،  ناساندنی ئاستی وریاری و ڕۆشنبیری تاکی کوردی بەدونیا دەرەوە ، تەنها کاربەدەستە کە خۆی لەلاپەڕەی پەیجەکەیدا سەرجەم چالاکیەکانی دەنوسێتەوە، لەوانەش گرنگتر دەست بەرداری باری کۆمەڵاتی نەبوە ودانەبڕاوە ، هەرلەزاخۆ تا خانەقین بەشداری پرسە و کێشە کۆمەڵایەتیەکان دەکات ، ئاستی خۆشەویستی نیشتمان پەروەریان هۆی دانەبڕان و سەرکەوتنیەتی ، تەنها وەزیر و دەسەڵاتدارە سەردانی چالاکی وپرۆژەکانی ئەنفال و هەرێمی کردوە ، دەرگای بەڕوی هەمواندا کراوەیە پێشوازی لە دەیان نوێنەری ووڵات دەکات ، خولیای ناوچە  گەرێتی نیە لەکۆبونەوەو پرسەکاندا ڕاستگۆیان دێتەدەنگ هیوای سەرکە وتنی هەموانە نەک بەتەنها ، لەڕوی بەشداری کردنی لەکارە سیاسیەکان داپێشەنگە ،لەهەڵبژاردنەکانی دەڤەری هەورامان و هەڵەبجەو شارەزور و پێنجوێن دا سەرکەوتن پیشەیەتی و بێ ڕکابەرە ، ئەوەی باسمان کرد بەشێکە لەئەزمونەکانی
پێشمەرگەو نوسەرو وەزیری ڕۆشنبیری حەمەی حەمەسەعید ،  هەوڵ و بەردەوامیەکانی بەرزترین شەهادەی خزمەت و سەرکەوتنی بەدەست هێناوە ، زۆر پیرۆزترە لەو دکتۆرایانەی بەتەزویرو بەپارە هەندێک بەدەستی دێنن ...