تاران و بەغدا گووشارەكانیان بۆ سەر هەرێم دەستپێكرد

ڕاپۆرت 11/05/2022

چاودێر:

ئەمڕۆ تاران و بەغدا گەڕێكی دیكەی گووشارە نوێیەكانیان بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەستپێكرد، دوێنێ سایتی چاودێر لە راپۆرتێكدا ئاشكرایكرد لە دوای هەنگاوەكانی حكوومەتی هەرێم بۆ رەتكردنەوەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی و كۆبوونەوەی هاوپەیمانی رزگاری نیشتمان لە هەولێر بۆ پێداگری لەسەر كابینەی زۆینە، بەغدا و تاران گووشاری نوێ بۆ سەر هەرێم دەستپێدەكەن.

بەپێی زانیارییەكانی چاودێر، بەیانی ئەمڕۆ سووپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە رێگای درۆن و تۆپخانەوە بۆردوومانی بناری بەربزێنی لە سنووری شارەدێی سیدەكان لە برادۆستی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران سەر بە پارێزگای هەولێر كرد.

سەرچاوەیەك بۆ چاودێر گوتی: بۆردوومانەكە چەند گوندێكی گرتووەتەوە و زیانی مرۆیی نەبووە نە لە هاووڵاتیان و نە لە حیزبە رۆژهەڵاتییەكان، بەڵام ترسی لەنێو دڵی هاووڵاتیاندا درووستكردووە و خوێندنگەكان داخراون.

لای خۆیەوە فەرماندەیی گشتی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە راگەیەندراوێكدا روونیكردەوە هێرشەكە زیانی گیانی بە دواوە نەبووە، بەڵام زیانی بۆ گوندنشین و مەڕدارانی سنوورەكە هەبووە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی بنكەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و كۆمەڵەی شۆڕشگێڕان لە سیدەكان بۆردوومانكراون.

لەلایەكی دیكەوە ئاژانسی ئێرنا بڵاویكردەوە بنكەیەكی ئیسرائیلی لەنێو خاكی هەرێمی كوردستان لە سنووری هەولێر بۆردوومانكراوە.

لە بەغداشەوە، ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی یەكەم دانیشتنی بۆ بڕیاردان لە بارەی دەستووریبوون یان دەستوورینەبوونی ناردنی 200 ملیار دینارەكە بۆ هەرێم لەسەر داواكاری ئەندامێكی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگەی بەسرە ئەنجامدا.

دادگای فیدراڵی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاری كۆتایی لەسەر 200 ملیار دینارەكە بۆ 12ی مانگی حوزەیرانی داهاتوو دواخست.

سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار گوتی: ئەم رێوشوێنانەی بەغدا و تاران گەڕێكی دیكەی گووشارن بۆ سەر هەرێمی كوردستان تا بەخۆداچوونەوەی هەبێ لە بوارەكانی هەوڵەكانی هەناردەی غازی سرووشتی بۆ توركیا و ئوروپا، پشتیوانیكردنی سەدر لە پێكهێنانی كابینەی زۆرینە، بۆیە لە حاڵی بەردەوامی حكوومەتی هەرێمدا گووشارەكان فراوانتر دەبن.