هەرێمی كوردستان لەلێواری گورزێكی دیكەی بەغدا و تاراندایە

ڕاپۆرت 10/05/2022


چاودێر:

 جارێكی دیكە رەوشی هەرێمی كوردستان و عێراق بەرەو گرژییەكی دیكە هەنگاودەنێت و هەرێم رووبەڕووی گورزێكی دیكەی بەغدا و تاران دەبێتەوە لەگەڵ سووربوونی هاوپەیمانی رزگاری نیشتمان لەسەر پێكهێنانی كابینەی زۆرینە و رەتكردنەوەی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە.

دوێنێ لە پیرمام هاوپەیمانی رزگاری نیشتمان بە بەشداری سەدر و پارتی و سوونەكان كۆبووەوە و جارێكی دیكە سووربوونی خۆی لەسەر خواستی پێكهێنانی كابینەی زۆرینە نیشان دا، خواستێك كە پێچەوانەی هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی نزیك لە ئێرانە.

لەلایەكی دیكەوە ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق و هەیسم جبووری راوێژكاری مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە دوو پەیامدا دووپاتی جێبەجێكرانی بڕیارەكانی دادگەی فیدراڵی تایبەت بە كەیسی نەوت و غازی هەرێمی كوردستانیان كردەوە. 

راشیانگەیاند كە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بۆ گفتووگۆنین و هیچ سازشێكیان لێ ناكرێت، دەبێت جێبەجێبكرێن، هەرێمی كوردستانیش مافی رەتكردنەوەی ئەم بڕیارانەی نییە، رێوشوێنەكانی جێبەجێكردنی بڕیارەكان دەستپێدەكەن و چیدیكە نەرمی نانوێنن بۆ هەرێم چوونكە سوودی نەبووە.

لە بەرامبەردا بەپێی زانیارییەكان حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیی بۆ گفتووگۆ دەربڕیوە، بەڵام ئامادەنییە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی جێبەجێبكات.

هێڤیدار ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی گوتی: نەوت رادەستی بەغدا ناكرێت، چوونكە هەرێمی كوردستان لەنێودەچێت.

سەرچاوەیەكی ئاگادار گوتی: بەبنبەست گەیشتنی رەوشی گفتووگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نوێ بەهۆی سووربوونی هاوپەیمانی رزگاری نیشتمان لەسەر كابینەی زۆرینە كە كوردیش تێیدا بەشدارە، هەرێمی كوردستان روبەڕووی كاردانەوە دەكاتەوە.

ئەم سەرچاوەیە گوتیشی: سووربوونی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش لەسەر جێبەجێنەكردن و رەتكردنەوەی بڕیارەكانی دادگەی فیدراڵی جارێكی دیكە هەرێمی كوردستان رووبەڕووی گووشاری بەغدا و تاران دەكاتەوە بەتایبەت كە رەوشی نێوخۆی هەرێمیش لەوپەڕی خراپیدایە لەڕووی ئابووری و پێوەندی نێوان هێزە حكومڕان و هێزە سیاسییەكان.

ئەمە لە حاڵێكدایە چەند سەرچاوەیەك ئاشكرایانكردووە كە ئەو هێزەی حكوومەتی عێراق بۆ سنووری شەنگال هێناویەتی ئامانجی دەست بەسەرداگرتنی بیرە نەوتەكانی خوورمەڵە لە هەولێرو عەین زالە لە نەینەوایە.