ساڵی ڕابردوو زیاتر لە ٣ هەزار کۆچبەر لە دەریادا خنکاون

جیهان 29/04/2022

چاودێر

 

نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، ساڵی رابردوو زیاتر لە 3 هەزار کۆچبەری نایاسایی کە لە هەوڵی پەڕینەوەدا بوون بۆ ئەورووپا لە دەریای ناوەڕاست و زەریای ئەتڵەسیدا خنکاون.


شابیا مانتۆ، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران (UNHCR)، له‌ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا له بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان له جنێڤ داوای له‌ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی کرد پەلە بکەن لە پێشگرتن لە مردنی ئەو پەنابەر و کۆچبەرانەی رێگەی ئاوی وشکانیی زۆر مەترسیدار دەگرنەبەر و بەرگرییان لێ بکەن.


مانتۆ ئاشکرای کرد، ساڵی رابردوو زیاتر لە 3 هەزار کۆچبەری نایاسایی لە بەشی ناوەڕاست و خۆرئاوای دەریای ناوەڕاست و زەریای ئەتڵەسیدا خنکاون و بێ سەروشوێن بوون.


وتیشی: ساڵی رابردوو هەزار و 924 کۆچبەری نایاسایی لە دەریای ناوەڕاست و هەزار و 153ی دیکە کە لە باکووری خۆرئاوای ئەفریقاوە بۆ دوورگەکانی کەناری لەهەوڵی پەڕینەوەدابوون، خنکاون و بێ سەروشوێن بوون.